چەک و پارە

‌توانا عوسمان

لەم چەند ڕۆژەدا ژمارەیەک ڕاپرسیم دیوە لەهەرێم و لەبەغدا دەربارەی هەڵبژاردن و ڕێژەی دەنگدان، لەسەر ئەو بنەمایانە پێموایە:

بێئومێدیەک هەیە لەنەگۆڕانی نەخشەی هێز و لایەنەکان، ئەمەش حەماسی دەنگدەری بۆ بەشداری دەنگدان کەمکردۆتەوە.

ئەم بێ ئومێدیە دوو دیوە:

1: بەشێکی لێکەوتەیەکی ڕاستەقینەی چەقینی نەخشەی سیاسیە بەهۆی دەستەڵاتی چەک و پارەوە.

 2: بەشەکەی تری بێ ئومێدیەکی دەستکردە لەلایەن دەستەڵاتەوە بۆ بێ بڕواکردنی خەڵک بەدەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەستەڵات.

ئینجا:

بێ ئومێدی خەڵک هاوتەریبە لەگەڵ "بەرزبونەوەو بەرزکردنەوەی" ئومێدی لایەنگرانی دەستەڵات بەهەڵبژاردن.

حیزبە دەستەڵاتدارەکانی عێراق بەهەرێمیشەوە تێکڕا لەخۆتوندکردنەوەدان و جۆشی لایەنگرانی خۆیان ئەدەن بۆ بەشداریەکی کارا تاوەکو ڕێژەی بەشداری خۆیان مسۆگەر بکەن و بەدەستەکەی تر خەڵک ساردبکەنەوە.

دەربارەی ئۆپۆزسیۆن:

ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمدا لەسەر ڕوئیای جیاواز و ئەجندەی بەدیل نەهاتۆتە پێشێ، بەڵکو پشتی بە دەنگدانی سزادەرانە "التصویت العقابي" قایمە، واتە چاوەڕێی دەنگی خەڵکانێکە کەلە داخی دەستەڵات دەنگیاندەدەنێ نەک لەاعجابیان بەمۆدێل و مۆڕاڵێکی سیاسی نوێ.

لەدایکبونی ڕاستەقینەی ئۆپۆزسیۆن وەختێکە کەدەنگدان لەدەنگدانی سزادەرانەوە دەگۆڕێت بۆ دەنگدانی ئومێدەوارانە.

هەروەها:

لەکوردستان ئاستی ڕکابەریی سیاسی دابەزیوە، فرسەتی کاری بەردەم ئۆپۆزسیۆن کەمبۆتەوە، لەکاتێکدا هەبوونی دوالیزمی دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆن گرنگە بۆ سوڕی خوێنی حوکومڕانی، ئەگەر دەستەڵات بەتەنها لەدیمەنی سیاسیدا بمێنێتەوە، مەترسیدارە نەک هەر بۆ ئازادیەکان، بەڵکو بۆ داهاتووی خۆی، بیرمان بێت دەستەڵاتی حوسنی موبارەک لەمیسڕ لەو کاتەوە لەق بوو کە ئیخوان موسلمینی قەدەغەکرد کەنوێنەرایەتی پەڕاوێزی ئۆپۆزسیۆنیان دەکرد.


PM:08:05:07/10/2025

ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی