دیپلۆماسیەتی شەرم ئەلشێخ و هاوسەنگی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

قەیرانی ئەمڕۆیی و سەرەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرگیربوونی ئیسرائیل و غەززەیە، کە بووەتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی فرەلایەنی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی. لە چەقی قەیرانەکەدا، دۆخی ناوخویی سیاسی ئیسرائیل و گرفتە ناوخۆیەکانی حەماس  تا مانۆڕی دیپلۆماسی عەرەبی و دووبارە پیاچونەوە ستراتیژییەکانی ئەمریکا- ئەوروپا دەبینین و لەم وتارە شرۆڤەییەدا دەیپشکنین.

 شەرم شێخ ودیپلۆماسیەتی  ئاگر

 دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لە شەرم لشێخی میسر لە ئاڕاستە و ڕێڕەوی پلانە ٢٠ خاڵیییەکەی سەرۆک ترامپدا ڕۆڵی سەرەکییان هەیە و چوارچێوە و میکانیزمی ئاگربەست، ئاڵوگۆڕی دیل و بارمتەکان جا زیندوو یان مردوو تا قۆناغبەندی کشانەوەی ئیسرائیل، ئاوەدانکردنەوەی غەززە و ڕێکخستنە ئیدارییەکانی دوای جەنگ لەخۆدەگرێ. مایەیی تێڕامانە لە کاتێکدا دیپلۆماتکاران کۆدەبنەوە، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکان و دەیان کەسی دیکەی کوشتووە.  تەنها لە یەک ڕۆژدا ٢٤ فەلەستینی لە چەند کاتژمێرێکی پێش دانوستانەکان کوشت، ئەمەش  هاوکات  پارادۆکسی شەڕ و دیپلۆماسی دەردەخات.

حەماس بەشێک لە پلانەکەی ترەمپی پەسەند کردووە، ئەوانیش ئازادکردنی بارمتەکان و ڕادەستکردنی ئیداری، بەڵام بڕگەی داماڵینی چەکی ڕەتکردووەتەوە. هەرچەندە، ئەم ڕەتکردنەوەیە هەوڵدانێکە بۆ هێشتنەوەی ناسنامەی سەرەکی بزووتنەوەکە بەڵام ڕێگری لەوە دەکات وەک پێشان بەهێز بێتەوە.

 فشارە سیاسییەکانی ئیسرائیل

سەرۆکوەزیران بنیامین ناتانیاهۆ لەلایەن هاوبەشە ڕاستڕەوەکانیەوە ڕووبەڕووی فشارێکی توند دەبێتەوە  بەتایبەتی
( ئیتامار بن گڤیر-Itamar Ben-Gvir ی 49 ساڵە) و( بێزالێل سمۆتریچ-Bezalel Smotrichی 45 ساڵە)
، کە دژی هەر بەلایەکداخستنێکی ململانییەکەن کە حەماس لە ڕووی سیاسییەوە چالاک بهێڵێتەوە، یان ڕێگە بە چاودێریکردنی بیانی بدات لە غەززە.

ئەم توندڕەوانەی ئیسڕائیل هەمان ئەو لایەنانەن، کە ڕێک دووساڵ پێش وئەمڕۆ لە 7 ی ئۆکتۆبەری2023 بۆجێگری ئیسڕائیل فرمێسکیان دەڕشت کەچی ئێستە خۆیان هۆکاری ناجێگیری ناوخۆیی ئیسڕائیلن و هەڕەشە لە پێکهاتەی حکومەتی بەرکار دەکەن. هاوکات کەسایەتییە ناوەندگەرەکانی ئۆپۆزسیۆن، وەک (یایر لاپید  -Yair Lapidی 61 ساڵە) ئاماژەی بەئامادەیی مەرجدار بۆ پشتگیریکردن لە حکومەتی ناتانیاهۆ و پلانی ترەمپ کردووە، ئەمەیش بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی ناوخۆیی و پاراستنی شەرعیەتی ئیسرائیل.

 قەیرانی دووانەی حەماس

 لەناو (حەماس)یشدا، دابەشبوون لە نێوان باڵە سیاسی و سەربازییەکانیدا فراوانتر دەبێت.  فەرماندەیی سەربازی ڕێکخراوەکە، دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکا بە پلانێک بۆ سڕینەوەی حەماس بە ڕێکاری دیپلۆماسی دەزانێت. 

 لە هەمان کاتدا، ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حەماس کە لە ئازاری 2025ەوە بەردەوامن، ئاماژەی توندترین قەیرانی شەرعیەتی ناوخۆین کە ڕێکخراوەکە لە دوای کۆنترۆڵکردنی غەززە ڕووبەڕووی بووەتەوە.  ئەم ناڕەزایەتیانە شکستی حەماس و لەدەستچوونی دەسکەوتەکانی پێیە.

سیاسەتی هەرێمی و عەرەبی

لە سەرانسەری جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا، دەوڵەتان بە تۆنێکی کە بەنادڵنیایی دەلەرێتەوەو بەهەستیاری دەدوێت پشتگیری لە پڕۆسەکە دەکەن.

 سعودیە، ئیمارات، میسر، قەتەر، ئوردن، تورکیا، ئەندەنوسیا و پاکستان پێشوازییان لە قبوڵکردنی  حەماس بۆ بەشێک لە پلانەکە کرد و داوای ئاگربەست و دەستگەیشتنی هاوڵاتیان بە هاوکاری مرۆیی و کشانەوەی ئیسرائیلیان کرد.

 بە تایبەتی ڕیاز هەڵوێستی دیپلۆماسی خۆی شێلگیرانەتر کردووە سەبارەت بە دانپێدانانی فەرمی بە دەوڵەتبوونی فەلەستیندا، داواکارییەک کە ئێستا لە لەندەن و پاریس جەختی لێ دەکرێتەوە.  ئەمەش ئاماژەیە بۆ دووبارە دەست و پەنجەنەرمکردنەوەی خۆرئاوای ئەوروپا بۆ ناو دۆخی پڕاکتیکی عەرەبی.

هێرشی سەر دۆحە

هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ دەوحە کە دانوستانکارانی حەماسی کردە ئامانج، تا ئێستاش مایەیی لێوردبوونەوەیە.  پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و قەتەری ئاڵۆز کرد و گومانی کەنداوی لەبارەی پشتبەستن و گەرەنتیەکانی ئەمریکا زەقتر کردەوە،  بەڵام بە شێوەیەکی دووفاقی و ئاڵۆز، ڕێگەی خۆشکرد بۆ پشتبەستنەوەی  عەرەبی بە ئەمریکا کە هەماهەنگی سەربازی، بەهێزکردنی زیاتری ستراتیژی ئیسرائیلی لێکەوتۆتەوە، عەرەبەکان لەم دۆخی گەرمی پێکدادانەدا ناتوانن پشت بە دژانی ئەمریکا ببەستن، چونکە ناتانیاهۆ بێ وەبەرچاوگرتنی هۆکاری  ڕووس و چین زەبردەوەشێنێ ئەمەش زەلکاوێکە چین و ڕوس خۆ لە تێوەگلانی دەپارێزن.

نەخشەکەی ترەمپ 

 کەنداو کە سەردەمانێک سەقامگیرترین زۆنی ئەمنی ئەمریکا بوو، ئێستا لەگەڵ هاوسەنگییەکی فرە جەمسەری ناڕووندا بەرزی و نزمی دەکات، ئەمەش  پێشهاتێکە کە واشنتۆن ناتوانێت پشتگوێی بخات.

 دوای پەسەندکردنی بەشێک لە پلانەکەی ئەمریکا لەلایەن حەماسەوە، سەرۆک ترامپ فەرمانی بە ئیسرائیل کرد بۆردومانەکانی ڕابگرێت.
 نێردراوەکانی (ستیڤ ویتکۆف - Steve Witkoffی 

68ساڵە) و جارێد کوشنەر -  Jared Kushner 44ساڵە)ی ڕەوانەی قاهیرە کردن.

چەندینجار  وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە قۆناغی یەکەم؛ ئاڵوگۆڕی بارمتەکان دەبێت و لەم هەفتەیەدا دەبێ تەواو بکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەوڵی دیپلۆماسی ئەوان، کە هاوشانی پشتیوانی سەربازی بەڕێوەدەچن.

ئێران  

 دەوڵەتانی هەرێمی لە نزیکەوە چاودێری ئێران دەکەن، چونکە هەر هێرشێکی بالیستیکی یان دنەی حزبوڵڵا، حەشدی شەعبی، یان حوسییەکان دەتوانێت پلانەکەی ترەمپ لەبارببات. ئەگەر ئیسرائیل یان حەماس بەرەنگاری میکانیزمەکانی ئاشتی ببنەوە، ئەوا دوور نییە هاوپەیمانی ناوخۆیی ئیسرائیل تێکبچێت و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئیسڕائیل بێتە ئەمری واقع. لەکاتێکدا ڕەنگە دابەشبوونە ناوخۆییەکانی حەماسیش زیاتر بن و ببێتە ململانێیەکی ئاشکرا لە نێوان باڵەکانیدا.

 لەناو هەموو ئەمانەدا، هەڵوێستی ئێران لاوەکی نییە،  تاران پلانەکەی ترەمپ وەک هەوڵێکی ستراتیژی دەبینێت بۆ گۆشەگیرکردن و لاوازکردنی هاوپەیمانەکانی و چەسپاندنی  زیاتری هاوپەیمانی ئەمریکا، عەرەب و ئیسرائیل کە دواتر دەتوانێت خودی ئێران بکاتە ئامانج، ئەمەش ئامانجە سەرەکییەکەی ئاشتی بەپەلەی غەززەیە. 

 بەم شێوەیە ئێران وریایانە و دوور لە وروژاندن و ڕاکیشانی تەواوەتی سەرنجەکان بۆ سەرخۆی نایەوێت پلانەکەی ترەمپ سەرکەوتوو بێت.  سەرکەوتن وەک گەمارۆیەکی جیۆپۆلەتیکی لێک دەداتەوە.

 تاران دەتوانێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی تۆڕێک لە گرووپی لایەنگری لە ناوچەکە پرۆسەکە تێکبدات، 
 حزبوڵڵا لە لوبنان، توانای ئاگردانی بەرەی باکووری هەیە بۆ ئەوەی ئیسڕائیل تواناکانی بۆ لای ئەوان وەرسوڕێنێ و سەرنجی لەسەر غەززە کەمتر بێت.

حەشدی شەعبی لە عێراق کە دەتوانێت فشار بخاتە سەر بنکەو جوڵەی ئەمریکا کە واشنتۆن ناچار دەکات سەرنجەکان هەمووی لە غەززە نەبێت.

هێزەکانی حوسی لە یەمەن، کە دەتوانن هاتوچۆی دەریای سوور پتر تێکبدەن و بە کەمترین تێچوون زیانی گەورە بگەێنن.

 شێوازی ئێران پەرتکردنیانە نەک ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ ئامانجیشی ئەوەیە کە گرژییەکانی  ناوچەکە بە چەشنێک زیاد بکات کە جێبەجێکردنی  پلانەکەی ترەمپ  زەحمەت بکات.

دواجار و پوختەی باسەکە ئەوەیە کە دانوستانەکانی شەرم شێخ تەنیا سەبارەت بە غەززە نییە و ئەوان نوێنەرایەتی تاقیکردنەوەیەک دەکەن کە ئایا نەزمێکی ناوچەیی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دەتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فرە جەمسەریدا بمێنێتەوە یان لە ژێر پرسیاردایە. ئەکتەرگەلی وەک ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیسرائیل، باڵەجیاوازەکانی حەماس، دیپلۆماسی وریایانەی کەنداویەکان، ماندوێتی ئەخلاقی ئەوروپا و هەوڵی نادیاری ئێران ناوچەکەی بە ئاڕاستەی داهاتوویەکی پڕلە بۆڕبۆڕین کەمەندکێش کردووە.

 پلانەکەی ترەمپ لەسەر کاغەز باڵایەکی منارەیی هەیەو لە مەیدانی کردەنیدا کۆسپی زۆری لە بەردەمدایە، مەترسی ئەوەیش هەیە ببێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ ناسەقامگیری ئەگەر ڕکابەرییە جدیییەکان کە ڕەگەی قوڵی کۆمەڵایەتی و مێژوییان هەیە بە چارەسەرنەکراوی بمێننەوە.

 هەفتەکانی داهاتوو ئاشکرایی دەکەن کە ئایا دواجار دیپلۆماسییەت دەتوانێت لە ئایدۆلۆژیا و بانگەشە تێپەڕێت، یان دژە ستراتیژیی پڕلەسەبری ئێران ئاشتییەکی بەرگەنەگر و پڵتۆک دەکاتە پێشەکییەک بۆ جەنگێکێکی دیکە لە داهاتوودا‌.


AM:12:01:07/10/2025

ئه‌م بابه‌ته 744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی