نوێژو بانگەشە
ئاسۆ عەبدوللـەتیف
هیچ بەربژێرێک بە بانگەشەو فلێکسی سەر جادەو نوێژو تاعەت و ڕیابازیی و ئیمامەتی دروستکراو، نابێتە ئەندام پەڕلەمان ئەگەر ناوی لەقائیمە نهێنیەکەی سەرۆک و ڕابەرو ئەمیندارو گیرفانی ئاغای دەستڕۆشتوودا نەبێ. هۆشیارو چاوکراوەبە تۆزێ، ڕیکلام و بانگەشەو فلێکسی دڕاوی بەردەم ڕەشەبا بەبۆینباخی سەوزو مۆرو شین و زەردەوە ناشیرینت دەکات و پێش خۆت دەرونت دەڕوخێنێ، وەرەخوارەوە لەسەر عەموودو دارتێلەکان و بچۆ بنج و بناوانی یاریەکەو سەوداسەریەکان.
هەندێ کاندیدای نائەزموون، لەحیزبەکەی خۆشیدا سێدارەی بۆ هەڵخراوەو پێویستی بە لۆبی و پشتگیرییەو دەنگی پێویست ناهێنێ ئیتر نازانم ئەم هەموو پارەیە بۆ سەرف دەکات لەفلێکسی ڕەنگاو ڕەنگ و ڤیدیۆی سەقەت و ناشیرین و تاقەتپڕووکێندا.
بانگەشەو دەنگە دەنگی زۆرو دەعوەت و بەرخۆریی و مەسرەفگەرایی دەلیلی بێبڕوایی و ڕوخانی سایکۆلۆژیی کاندیداکەیە، خۆت لەو نەخۆشیە بەدووربگرەو بڕۆ بگەڕێ بۆ ناوەکەت لەخشتەی نهێنی ئیتیفاقیە نهێنیەکان و پسوڵەی بەخششی گروپی کۆمپانیاکان و گەمەی ئەکتەرە سیاسیەکان و دیزاینەری نەخشەکەدا، بزانە تۆ هەیت یان نا ئەگەر نیت پارە سەرف مەکە؟
توندترین موزایەدات لەسەر جادەو عەموودەکان نییە، دەنگ کۆکردنەوەش لەمەسنجەرو میحراب و بەکردەی نوێژکردن و عەمرەو ڕیکلامی سادەو جنێودان بەدەست نایەت، توندترین موزایەداتی دینی لەهەولێرەو یەکلاکەرەوەیە، توندترین موزایەداتی قەومی و وەتەنیش لە کەرکوکە تێمەکەوە، توندترین موزایەداتی گەندەڵیش لەسلێمانییەو ئاسان نییە بیبەیتەوە، ئینجا ئاگاداربن بزانن دەنگی سەلەفیەکان و سۆفیەکان و تەریقەت و پەکەکەو گۆڕانخوازان و بایکۆت و خەڵکی نوستوو بۆ کێیەو کێ کڕیویەتی.
PM:08:06:04/10/2025
ئهم بابهته 1920
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی