ئەگەر دەست لە (ChatGPT) هەڵنەگرین زیانی گەورە دەکەین
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
هیچ كەسێك نابێتە (داهێنەر) یان ناگاتە ئاستی (داهێنان) ئەگەر پشت بە توانا و زیرەكی و لێهاتوویی خۆی نەبەستێ ، متمانەی بە خۆی نەبێ ، باوەڕی تەواوی بە سەلیقە و كەرەستەكانی بەردەستی خۆی نەبێ ، متمانەی بە گەشەسەندنی خۆی ، ئاواتەكانی خۆی ، رووناكبیریی و ئاسۆی بیركردنەوەی خۆی نەبێ ، ئەگەر پشت بە ماندووبوونی خۆی ، گەڕان و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكانی خۆی نەبەستێ ! دڵنیابن هەمیشە كەسی (داهێنەر) جیاوازە لەگەڵ كەسە هاوپیشەكانی بوارەكەی خۆی ، بە بەرهەم و داهێنانی جیاواز ، شكاندنی تەقلید و باوەكان ، هێزی داهێنەرانە ، بیركردنەوە و شیكردنەوە و خوێندنەوەی ورد و جیاواز و ناوازە ! مامەڵەكردنی ئازایانە لەگەڵ گوشارو ئاڵنگارییەكان و ، گرنگی و فۆكس خستنەسەر چارەسەرەكان نەك كێشە و گرفتەكان!
شارستانی و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا ، زیرەكی دەستكرد و شۆڕشی میدیایی ، هەڕەشەن بۆ سەر مرۆڤ ! دەزانن بۆچی ؟!
وەڵام : لەبەرئەوەی مرۆڤی ئەم سەردەمە كاتێك بە یەك لینك هەموو شتێكی دەست دەكەوێت ، ئیتر ناتوانێ یەك هەنگاو بەرەو پێشەوە بڕوات ، نە لەڕووی لاشەییەوە ، نە لەڕووی دەروونییەوە ، نە لەڕووی زیهنییەوە ! ئەم مرۆڤە بەستەزمانە لەهەموو نیعەتێكی گەشەكردن و بەرەوپێش چوون ، تام و چێژی داهێنان ، هەستی خۆشیی و ئارامیی و ئاسوودەیی دەستكەوتی نوێ بێبەش دەبێت!
هەموومان دەزانین ئێستا كۆمپانیای ( OpenAI ) داهێنانێكی نوێی پێشكەشكردووە كە بریتییە لە ( ChatGPT ) ، ئەمە رۆبۆتێكی قسەكردنە و ، زیاتر لە سكرتێر دەچێ و رۆڵی سكرتێر دەبینێ ، واتە دوایین تازەگەرییەكان و ئەبدەیتەكان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی كە ئەم لاشە و جەمادە بێ گیانە ژیانی رۆژانەی مرۆڤەكان رێكدەخات ، هەر لە نەخشەی هەفتانەوە تاوەکو دەگاتە (یادخەرەوەكان) ، ئیدارە داراییەكان ، نووسینەكان و دیزاینەكان و .... تاوەکو دوایی ، كە ئەمانە هەرهەموویان سەرەڕای ئەوەی لەڕواڵەتدا نیعمەتن ، بەڵام لە راستی و نێوەڕۆكدا ئازار و عەزاب و سزان!
بەم نزیكانە یەكێك لە هاوڕێیەكانم بەپەلە هات بۆ لام و بە پێكەنین و دڵخۆشییەوە (بابڵێین ) مژدەیەكی پێدام و وتی : ئیتر ئیسراحەت بکە ! دواتر وتی : ئەم خزمەتگوزارییە (ChatGPT) بەكاربێنە و ئیتر بەستە و بێ سەرئێشە بە! هەر شتێك تۆ بتەوێ تێیدایەتی ، منیش كاتێك بیرۆكەكەم زیاتر لەلا روونبووەوە ، بێزاربووم و رەخنەم لێگرت!! ئەم (دووژمن)ـم رەتكردەوە ، داوام لە هاوڕێیەكەم كرد ئەم دووژمنە لە خێزانەكەی دووربخاتەوە و لەجیاتی پشتبەستن بە (چات جی پی تی) ، ناچار و پابەندییان بكات لەزەت و چێژ لە هەوڵ و كۆشش و ماندووبوون، پشكنین و گەڕان و بەدواداچوون وەرگرن ، بۆ ئەوەی نەبنە بار و قورسایی بەسەر خۆیانەوە ، بەسەر خێزانەكانیانەوە ، بەسەر كۆمەڵگەكەیانەوە ، بەسەر نیشتمانەكەشیانەوە!
لە راستی دا زۆر بێزارو بێتاقەت دەبم كاتێك كە دەبینم كەسانێك ئێستا پشت بەم (جەمادە) دەبەستن بۆ گەڵاڵەكردن و ئامادەكردنی بیرۆكەی وتارێك ، یان نووسین و توێژینەوەیەك ، یان ئەنجامدانی چالاكییەك ، یان وەك ئامرازێك بۆ یادخستنەوە ، یان بۆ بەجێگەیاندن و راپەڕاندنی ئەركێكی قوتابخانە!! بۆیە هیواخوازم وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئەركی سەرشانیان جێبەجێبکەن و ، ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببنەوە و ، هەموو داو و دەزگاو دامەزراوە و فەرمانبەرانی بەشەكانی خۆیان لە بەكارهێنانی (زیرەكی دەستكرد) بۆ بەڕێكردنی ئەركەكانیان لەسەرجەم بوارە زانستییەكاندا ئاگادار بكەنەوە.
نەوەی نوێ و تازە پێگەیشتووەكان ئەگەر بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان زانست پەیدا نەكەن و ، بەدوای مەعریفەدا وێڵ نەبن ، ئەگەر لەڕێی داهێنان دا ، خۆپێگەیاندن و خۆبنیاتناندا تووشی سەرئێشە نەبن ، ئەگەر هەوڵی داهێنان و گەڕان و شەونخوونی ماندوویان نەكات ، ئەگەر نووسین و توێژینەوە تووشی نەخۆشی و چاوئێشەیان نەكات ، هەست بە تام و چێژ و لەزەت و گەورەیی زانست ناكەن ، هەست بە قیمەت و نرخ و سەنگ و قورسایی خۆیان ناکەن ! لەدواییشدا ناتوانن خێزانێك پێكبێنن ، خزمەتی كۆمەڵگە بكەن ، ناتوانن لە ژوورەكەی خۆشیاندا بێنە دەرەوە!!
AM:10:50:19/09/2025
ئهم بابهته 1232
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی