لە ناوچەیەکی پڕ لە تەنگژەدا؛ ڕوانگەی سەرۆکی هەرێم چۆن پێشوازیی لێ کرا؟

‌جەواد قادر

کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری تورکیا لە ماوەی ڕابردوودا ویستی خۆیان بۆ فراوانکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لەسەر پرسی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بە ڕاشکاوی جەخت کردووەتەوە. تورکیا لە پرسی کرانەوە بە ڕووی کورددا، پشتی بە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بەستووە و، هاوکات ئێران بە ڕەسمی ستاییشی هەڵوێستی سەرۆکی هەرێمی کردووە لەبەرامبەر گرژییەکانی ئەم دواییە و وەک سەرکردەیەکی جێمتمانە لە ناوچەکەدا، ئامادەییان بۆ دانوستان لەسەر زۆر پرس نیشان داوە. ئەم ئاماژانە لەسەر ئاستی زۆر باڵا و لەلایەن ناوەندی دەستڕۆێشتووی ئەم وڵاتانەوە نیشان دراون و بێگومان بایەخیان هەیە.

لە ڕاستیدا، تاران و ئەنکارا نەک هەر بە باشی ئاگاداری ڕوانگەی نێچیرڤان بارزانی بوون بۆ چارەی پرسی کورد لە ناوچەکەدا، بەڵکوو لەسەر ئەرزی واقیعیش، پابەندیی پۆڵایینیی سەرۆکی هەرێمیان بە پرەنسیەکانی خۆی بینیوە، نەک هەر سەبارەت بە پرسی کورد لەو وڵاتانەدا، بەڵکوو لە مەیدانی ناوخۆ لە عێراق و لە هەرێمی کوردستانیشدا. ئەوە لە کاتێکدایە کە تورکیا و ئێران هاوکات ئاگاداری ئەو هاوپەیمانی و متمانە بەهێزەی ڕۆژئاوان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمدا. تاران و ئەنکارا، هەم لە ڕووخانی ڕژێم و گۆرانکارییەکانی دواتر لە سووریا و هەمیش لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا، ڕوانگەی سەرۆکی هەرێمیان ڕوونتر بۆ دەرکەوت، و لە گەرمەی تەنگژەدا، سەرکردەیەکیان بینی کە بە دووربینییەوە داوای لە هێزە کوردییەکانی سووریا کرد، دیمەشق وەک قووڵڵاییی ستراتیژیی کورد سەیر بکەن و سووریا بە دەوڵەتی خۆیان بزانن. هاوکات لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا، سەرکردەیەکی ناوچەکەیان بینی، کە بە هیچ شێوەیەک پەسندی جەنگەکەی نەکرد و نەک هەر وەک دەرفەت بۆ دۆزی کورد تەماشای تەنگژەکەی نەکرد، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، هۆشداری لە لێکەوتە ترسناکەکانی بەردەوامیی جەنگەکە دا. ئەم ڕوانگەیە، نیازپاکی و متمانەی لای تەنانەت سەرسەختترین نەیارانیش لە ناوچەکەدا دروست کرد.

ڕوانگەی سەرکردەیەکی سیاسی کاتێک بە هەند وەردەگیرێت کە لەسەر ئەرزی واقیعدا پیادەی دەکات و بە بنەماکانییەوە پابەند دەبێت. متمانەی سیاسی هەمیشە دوای تاقیکردنەوە و لە کردەوەدایە کە بە دەست دێت. هەر لە تاقیکردنەوەدایە کە متمانە یان دێتە دی، یان دەدۆڕێت. دروستکردنی متمانە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، هەڵبەت، کارێکی سەختە و، کات و ئەزموونێکی زۆری دەوێت.

هاوپەیمانیی باش و دراوسێتیی باش

لە چەند ساڵی ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانی، سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی لەسەر دوو ستونی سەرەکی پەرە پێ داوە: یەکەم، هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراقی فیدراڵ نابێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێی هێزە جیهانی و ناوچەیییەكان. بە واتایەکی ڕوونتر، ئاساییشی وڵاتانی دراوسێ، ئاساییشی هەرێمی کوردستان و عێراقە و، سازشی لەسەر ناکرێت. دووەم، هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستووری و خاوەن سەروەریی ناو دەوڵەتی عێراق، بە مافی خۆی دەزانێت هاوپەیمانی لەگەڵ هەر هێزێکدا بکات کە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانی تێدا ببینرێت، چ لەگەڵ هێزە ناوچەیییەكاندا بێت یان هێزە جیهانییەکان.

‎هەر لەو سۆنگەیەشەوەیە کە سەرۆکی هەرێم پەرەی بە هاوپەیمانی لەگەڵ ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا داوە و هاوبەشییەکی سەرکەوتووی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا و پەیمانی ناتۆدا بینا کردووە. لە هەمان کاتدا سەرۆکی هەرێم ئاگاداری ئەو نیگەرانییانە بووە کە ئەم هاوپەیمانییە بۆ وڵاتانی دراوسێی دروست کردووە و بەردەوام هەوڵی ڕەواندنەوەی داوە. لە ڕاستیدا، سەرۆکی هەرێم هەوڵی داوە باوەڕ بە وڵاتانی دراوسێ بهێنێت کە هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، نەک هەر تەنیا مەترسیی تیرۆریزمی ئایینیی وەک قاعیدە و داعش کەم دەکاتەوە، بەڵکوو یارمەتیی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی عیراق دەدات کە دواجار سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێی لێ دەکەوێتەوە. ئەم ڕوانگەیە تا ڕاددەیەکی زۆر بەرژەوەندیی دراوسێکانی عێراقیشی دەستەبەر کردووە کە پەرۆشی ئاساییشی سنووری وڵاتەکانی خۆیانن.

‎هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان سیاسەتی "جێکردنەوە نەک جیاکردنەوەی" کوردی لە عێراق و دەوڵەتانی دراوسێی پەرە پێ داوە کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ یارمەتیی سەروەریی دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ دەدات. سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە راشکاوی بانگەشەی رێککەوتنێکی سیاسیی نوێی لەسەر ئاستی ناوچەکە و بەتایبەت لە عێراقدا کردووە کە بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان دەوڵەتانی ناوچەکە و کورد و پێکهاتەکانی دیکەدا لەسەر دۆسیەی ئاسایش دروست دەکات. بە واتایەکی رۆشنتر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت کورد ئامادەیە سەروەریی دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ بپارێزێت، بە مەرجێک ئەم دەوڵەتانە، کورد وەک خاوەن سەیربکەن نەک میوان، لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بەشداربێت و لە جوگرافیای خۆیدا سەروەریی تەواوی دەستووریی هەبێت. بێگومان سەرۆکی هەرێم بۆ پرسی کورد لە سووریا و لە تورکیا، پابەندی ئەو بنەمایانە بووە.

کام ڕوانگە و کام پرەنسیپ؟

بەڵام کام ڕوانگە و کام پرەنسیپەیە کە سەرۆکی هەرێمی پێ ناسراوەتەوە؟ کام پێوەر و سنوورانە، تێڕوانین و بەهاکانی ئەو جیا دەکەنەوە؟

دوور نییە وتارەکەی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢١، گرنگترین وتاری تەمەنی سیاسیی نێچیرڤان بارزانی بووبێت تا ئێستا، کە تێیدا ڕوانگەی خۆی بۆ چارەی پرسی کورد بە دیاریکراوی نیشان دەدات. بایەخی وتارەکە بۆ فراوانیی ڕووبەری ئەو پرسانە دەگەڕێتەوە کە وتارەکەیان بۆ تەرخان کراوە و ئەو ڕێگەچارانەی سەرۆکی هەرێم لەوێدا پێشنیاریان دەکات.

هاوکات، ناوەرۆکی وتارەکە، کە ئاستی ناوچەیی، عێراقی و ناوخۆیی هەیە و بازی بۆ ناو پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا داوە، بۆ یەکەم جار لە مێژووی نزیکدا، هاودەنگییەکی هەستپێکراوی لەسەر هەرسێ ئاستی ناوخۆیی، عێراقی و ناوچەیی دروست کرد. ئەمە بەهای سیاسیی وتارەکەی گرانتر کرد.

وتارەکەی سەرۆکی هەرێم لە کۆنفرانسی ”عێراق، قەدەرێکی تراژیدی”، کە بە شێوەیەکی ڕەمزی لە ساڵڕۆژی ریفراندۆمدا پێشکەش کرا، بە پلەی یەکەم ڕوو دەکاتە ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە دە ساڵی ڕابردووی دوای بەهاری عەرەبی دەستیان پێ کرد و پرسی ئاساییش و گەشەی عێراق، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوا لە درێژمەودادا لە یەکتری گرێ دەدات.

لە وتارەکەدا، سەرۆکی هەرێم ئاسۆی سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لە عێراق و ناوچەکەدا بە کۆمەڵێک پرەنسیپەوە گرێ دەدات و پێداگری دەکات کە چ لەسەر ئاستی حزبەکانی کوردستان، چ لەنێوان هێز و پێکهاتەکانی عێراق و چ لە ئاستی ناوچەکەدا، پێویستە ئەو پرەنسیپانە ببن بە هەوێنی ڕوانگەیەکی تازەی هاوبەش.

ئەم پرەنسیپانەی کە سەرۆکی هەرێم باسیان دەکات، بە شێوەیەکی گشتی، بریتین لە: پاراستن و پەرەپێدان بە مافی هاووڵاتیبوون، دداننان بە ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی، و لێبووردەیی نێوان پیکهاتەکان. بەبێ ڕێککەوتن لەسەر ئەو پرەنسیپانە، کە سەرۆکی هەرێم لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هاوبەش و وەک فەرمانڕەوایی دروست پێناسەیان دەکات، نە دەوڵەت لەم ناوچەیەدا دەتوانێ سەروەری وەربگرێت و نە سەقامگیری دەتوانێ نێوانی دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە بگرێت. هەڵبەت هەر بە پێی ئەو پرەنسیپانەیش بوو کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەرۆکی هەرێم هەوڵی دا لەگەڵ لایەنی ناوخۆ، عێراقی و ناوچەیی ڕێک بکەوێت و بگاتە کۆمەڵێک ئەنجام.

هاوسەنگیی ستراتیژی

ڕوانگە و ڕێکارە سیاسییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا، توانیویانە ڕێگە بۆ ئەوە خۆش بکەن کە هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دوو ڕۆڵی ستراتیژیی جیاواز بەڕێوە ببات: لەلایەکەوە، وەک هاوپەیمانێکی جێمتمانە بۆ ڕۆژاوا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بمێنێتەوە، و لەلایەکی ترەوە، وەک هاوبەش و هاوڕێیەکی باوەڕپێکراو و سەرڕاست لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ناوچەکە مامەڵە بکات. ئەم هاوسەنگییە ستراتیژییە دەرفەتی ئەوەی بۆ هەرێم و ناوچەکە دروست کردووە کە گرفت و ململانێکان کەمتر ببنەوە و بواری هاوکاریی قووڵتر و فراوانتر لە زۆر زەمینەدا لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەکتەرە ناوچەییەکاندا گەشە بکات.



PM:02:05:16/09/2025

ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی