کاتێک شار دەبێتە قوربانی
دارا محەمەد
بێگومان شار خاوەنی کارەکتەری خۆیەتی نەک هەر بە مانا جیۆگرافیەکەی، بەڵکو بە مانا کولتوری- ئەدەبی و هونەریی و فیکریی و مەعریفیەکەی و هەروەها پێگە جیۆ-سیاسیەکەشی. بەڵام کاتێک شار لەلایەن چەکدار و میلیشیاکانەوە داگیر دەکرێت، شار هەموو ئەم مانایانە لەدەست نادات، چونکە لەلایەن کۆمەڵێک هێزی مافیاییەوە داگیرکراوە و لێرەوە شار دەبێتە قوربانی. ناکرێت لەگەڵ ئەو وتار و نوسین و گوتارە رۆمانتیکی و سۆزئامێز و نۆستاڵجی و رەخنانەدا بین کە زەنگی مردنی سلێمانی و کۆتایی هیواکان لێدەدەن و پێیانوایە بەکارهێنانی چەک و بەرپاکردنی جەنگی نێوان ئامۆزاکان لەناو شاری سلێمانیدا مانای کۆتایهاتنی ناسنامەی سلێمانیە کە لە مێژووی گەشەکردنی خۆیدا ئەم ناسنامە تایبەتەی وەک ناسنامەی یاخیبوون و ئەدەبی و مەیدانی بەرگری و رامنەکراوی بەدەستهێناوە. ئەم تێڕوانین و گوتارانە زادەی تێڕوانینێکی سادەلەوحانەیە و ناسنامەی شاریش هەمیشە لە گۆڕاندایە و هەمیشە لە پێکهاتەیەک لە کەسان و فیکر و جیهانبینی و پاشخانی کولتوری و کۆمەڵایەتی و ئابوری جیاواز دروستبووە. شارێکی وەک سلێمانی بەرپرس نیە لەو هێرشە چەکداریە گەورەیەی کرایە سەر ماڵ و بارەگای لاهور، بەڵام شاری سلێمانی بووەتە قوربانی دەستی ئەو هێزە بنەماڵەییە و ئەو هێزە چەکدارانەی دەستیان بەسەر شاردا گرتووە، هەروەک چۆن شاری هەولێر و دهۆک بەرپرس نین لەو فەرمانڕەواییە حیزبی و بنەماڵەییەی دەستیان بەسەردا گرتووە و بە زەبری چەک خەڵکیان بێدەنگ کردووە و، لەهەمانکاتیشدا لە هەوڵی پێدانی ناسنامەیەکن بەو شارانە کە لە خۆیان بچێت و لەسەر وێنەی خۆیان دایدەڕێژنەوە.
سلێمانی چبکات کاتێک حیزبێکی سیاسی دەیکات بە موڵکی خۆی و لە سەردەمی شەڕی ناخۆدا شارەکان دەکەن بە مەیدانی راوەدوونان و کوشتنی یەکتری؟ کاتێک سلێمانی دەکرێتە مەیدانی یەکلایکردنەوەی شەڕی ئامۆزاکان، لە راستیدا سلێمانی و ناسنامە هونەری و ئەدەبی و فیکریەکانی نابنە دیلی دەستی هێزە وێرانکەرەکانی، بەڵام سەرجەمی شار ئازار دەچێژێت. سلێمانی و هەولێر و دهۆک چبکەن کاتێک هاوڵاتیەکانی خۆپیشاندان دژ بە دەسەڵاتی کوردی دەکەن بەڵام بە فیشەک و گرتن و لێدان و سوکایەتیپێکردن وەڵام دەدرێنەوە؟ شارێکی وەک هەولێر چبکات کاتێک حیزبێکی سیاسی دەبابەی بەعسی بۆ دەهێنێت بۆ شکاندنی دوژمنە-براکەی؟ واتە نە سلێمانی و نە هەولێر و نە دهۆک و نە شارۆچکەکانی کوردستان ناخوازن ملکەچی حوکمێکی هەژمونگەرای بنەماڵەیی دەسەڵاتی کوردی بن. ئەوەی ئەم دوو حیزبە سیاسیە و ئەم دوو ماڵباتە لە مێژووی سێ دەیەی خۆیاندا کردوویانە بریتیبووە لە تۆخکردنەوەی ناوچەگەرێتی و بەتایبەتی دروستکردنی ئەو وێنا سیاسی و کولتوریەی کە نەک هەر لە هۆشمەندی کەسە حیزبیەکاندا نەخشێنراوە، بەڵکو تا رادەیەکی گەورەش لە هۆشمەندی و ناهۆشمەندی رۆشنبیران و نوسەرانیشدا ئامادەیە، ئەویش ئەوەیە کە شار لەلایەن حیزبی سیاسیەوە خاوەندارێتی لێدەکرێت و شارچێتی وەک بەشێک لە کولتوری سیاسی ئەم دوو حیزبە و لەناو بەشێکی زۆری خەیاڵدانی خەڵکدا پێدەگەیەنرێت و دواجار بەناوەکی دەکرێت، واتە دەبێتە بەشێک لە ناسنامەی تاکەکەسەکانی شارەکە.
بەرواردێک لەگەڵ سەردەمی بەعسدا هاریکارمان دەبێت کە لە هەندێک لەم خەسڵەتانەی شار تێبگەین. ئەگەر لە سەردەمی بەعسدا شارێکی وەکو سلێمانی نەتوانراوە ملکەچبکرێت و بە ئاسانی رامبکرێت، بەشێکی زۆری پەیوەندی بە سروشتی هێز و ئەو پنتانەوە هەبووە کە تیایدا کۆبوونەوەی هێز ئامادە بووە. لە سەردەمی بەعسدا یەک ناوەندی هێز بوونی هەبووە کە بەغدا بووە و بە دیاریکراوی لەدەستی یەک سەرۆکدا کۆدەبێتەوە وەک تەنها دیکتاتۆرێک کە سەرۆکایەتی رژێمێکی تۆتالیتاری دەکرد. بێگومان هەموو دەزگاکانی بەعس نوێنەرایەتی ئەم دەسەڵاتە تۆتالیتاریەی دەکرد و لە جومگە جیاوازەکانی سیستمی بەعسیزمەوە نمایشی هێز بەوپەڕی ستەمەوە دەردەکەوت، بەڵام هەندێک شوێن وەک پنتەکانی بەرگری پتر لە شوێنەکانی دیکە دەردەکەوتن. سلێمانی یەکێک بوو لەو شارە یاخیانەی کە هەمیشە ناوەندی بەرگری بووە لەبەرامبەر ئەم هێز و دەسەڵاتە تۆتالیتاریەدا و هەر لە سەرەتاکانیەوە ئەم مێژووەی بۆ خۆی تۆمارکردووە. بەڵام لە سەردەمی حوکمڕانی کوردیدا ناوەندی هێز بەسەر دوو ناوەنددا دابەش دەبێت و لە دوو سەرۆک و دواتر لە دوو بنەماڵەدا کۆدەبێتەوە. ناوەندی هێزی یەکێتی لە سلێمانی و ناوەندی هێزی پارتی لە بادینان و دواتر لە هەولێردا کۆدەبێتەوە. ئیدی سلێمانی لە دەرەوەی ناوەندی هێز نامێنێتەوە و هێزێک ئەم شارە دەکاتە قەڵا و مەڵبەندی خۆی. هەر لێرەشەوە ئەم هێزانەی دەسەڵاتی کوردی سنورەکان توندتر دەکەنەوە و شارەکان دەکەن بە گژ یەکتریدا و زۆن دەهێننە کایەوە. زۆن بەمانای لکاندنی ناسنامە و مۆرکێکی حیزبی بە شار و ناوچەوە و لێسەندنی ناسنامە کولتوریەکەی. ئەوەی یەکێتی و پارتی لە مێژووی حوکمڕانی خۆیاندا لە پاش راپەڕینەوە ئەنجامیانداوە بریتیە لە لەکەدارکردن و سوککردن و ناشرینکردنی شارەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەویدی. بۆ نمونە رادەی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لەلایەن دەسەڵاتی پارتیەوە -کە کۆنترۆڵی حکومەت و بەناو پایتەختی کردووە- بۆ هەولێر و بادینان زۆر زیاترە لە سلێمانی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی، کە ئەمە دروستکردنی ئەو جیاوازیە ناوچەییەیە کە رەگی لەناو کولتوری زۆن و دژایەتی یەکدی و ناوچەگەرێتی و مۆرکی حیزبی شارەکاندا داکوتاوە، لە کاتێکدا دەبا لە سایەی حوکمڕانیەکی کوردیدا ئەم جیاوازیە بوونی نەبوایە.
شارەکان هەمیشە بوونەتە قوربانی و سوتماکی شەڕ و پێکدادانە چەکداری و خوێناویەکان لە مێژووی کۆمەڵگەکاندا و، کارەساتی ئەم دوو بنەماڵە سیاسیەی کوردستانیش ئەوەیە کە هەمیشە لە هەوڵی سەرکوتکردنی هەر هێزێکدان کە ئەگەری هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسیان دروستبکات. هەر بۆیە ئامادەن تانک و زرێپۆش بەناو شاردا بڵاوبکەنەوە و وەریگێڕن بۆ مەیدانێکی جەنگ. یەکێتی دەمێکە دەیەوێت لە پارتی بچێت بە دروستکردنی بنەماڵەیەکی فەرمانڕەوا و تاک سەرۆک و تاک بڕیار و، هێشتا یەکێتی لەو پرۆسەیەدا دەژی کە پێویستی بە لێدانی ئەو هێزە ناوخۆییانەی خۆی هەیە کە رێگرن لەبەردەم دروستبوونی ئەم تاک سەرۆکیەدا و هەروەها لێدانی هێزی چەکداری لاهور کە هەمیشە مەترسیەک بوو بۆ سەر پرۆسەی جێگیرکردنی پێگەی سەرۆکبوونی بافڵ لەناو حیزب و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەودا. بەڵام بێگومان کارەساتی گەورە ئەوەیە کە ئەم برسێتیە بۆ دەسەڵاتخوازی دەبێتە ستراتیژێک بۆ لێدانی هەموو ئازادیەکان و کایەیەک ناهێڵێتەوە بۆ ناڕەزایەتی و بوونی بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان، کە لە زۆربەی بارەکاندا ئەمە دەرهاویشتەی ئەو جۆرە لەشکرکێشیە توندڕەوانەیە کە هەردوو بنەماڵە لە میانەی پتەوکردنی دەسەڵاتی سیاسی و چەکداری و ئابوری خۆیاندا بەرهەمیدەهێنن.
PM:04:57:28/08/2025
ئهم بابهته 248
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی