وانەیەک لە چیرۆکی گێتیەکان
شارۆ شاهۆ
پەرتووکی "Painfully Rich: J. Paul Getty and His Heirs” کە لەلایەن نووسەری بەڕیتانی «جۆن پیرسن»ەوە نووسراوە. یەکێکە لەو پەرتوکە نایابانەی کە کرۆنۆلۆژیای خێزانی گێتیەکان دەگێڕێتەوە. چیرۆکی ئەم خێزانە زەنگینە چیرۆکێکی تراژیدیە کە دەتوانێت کۆمەکی باشمان بکات لە تێگەیشتن لەو خێزانانەی کە ئابووری جیهانیان کۆنترۆڵکردووە، بەتایبەت لەناو بازاڕە داراییەکان و پیشەزسازی نەوتدا. «جەی پۆڵ گێتیJ. Paul Getty- » لە ٦ی حوزەیرانی ١٩٧٦دا مرد، میراتێکی تایبەتی زیاتر لە ٤ ملیار دۆلاری بەجێهێشت کە دەبوایە لەنێوان ١٩ ئەندامی خێزانەکەیدا دابەش بکرێت. پەرتووکەکە بە وردی چیرۆکی ئەم میراتە گەورەیە دەگێڕێتەوە کە چۆن ئازاری و لێکدابڕانی دروستکرد لەنێوان ئەندامانی خێزانێکدا کە زۆرێک لە مرۆڤەکان لە دوورەوە خەون بەو سامان و شێوازی ژیانکردنەوە دەبینن. نووسەر زۆر بێلایەنانە ڕۆشنایی دەخاتەسەر ناسنامەی خێزانەکە و چیرۆکی سەرمایەگوزاریان لە پیشەسازی گەڕان بەدوای نەوت و سەرمایەگوزاری لە بازاڕە داراییەکاندا. چیرۆک گەلێک کە خوێنەر پەلکێشی دەکاتە ناو جیهانێکی ئاڵۆز و پڕ لە نادڵنیای سامانێک کە خاڵییە لە هەست و سۆز، خاڵییە لەو چیرۆکانەی کە لەسەر دەوڵەمەندە چاوچنۆکەکان گوتراوە کە گوایە ڕۆژێک دێت ئەوانیش دەتوانن دڵیان باشبێت!
پیرسۆن وێنای گێتی وەک کەسایەتییەکی پارادۆکسیکاڵ دەکێشێت لەوەی کە توانایەکی نائاسایی بۆ دانوستان فراوانکردنی سامانەکەی هەیە، بەڵام لە ڕووی سۆزدارییەوە وەستاوە، توانای پەروەردەکردنی گەرمی یان سۆز و خۆشەویستی نییە و بڕیاریداوە بەها لە پارە لە سەرووی پەیوەندییەکانەوە بدات. یەکێک لەو چیرۆکە نایابانەی لەم پەرتوکەدا ڕۆشنای خراوەتەسەر چیرۆکی ڕفاندنی «جۆن پاوڵ گێتی سێیەم»ە کە نەوەی ئەم سەرمایەدارەیە. کە لە ١٠ی تەممووزی ١٩٧٣دا. لە ڕۆما گروپی «مافیای ئیتاڵی Ndrangheta» کوڕەزا ١٦ ساڵانەکەی دەفڕێنن و دوای ١٧ ملیۆن دۆلا دەکەن (کە یەکسانە لەگەڵ ١٢٠ ملیۆن دۆلاری ئیمڕۆ). بەڵام جەی پاوڵ گێتی کە ئەوکات تەمەنی لە هەشتاکان بوو، بە ڕوونی ڕەتیکردەوە لە پارەکە جیا بێتەوە. وەڵامەکەی بەناوبانگ بوو: وتی ئەگەر جارێک پارە بدات، "چواردە نەوە ڕفێنراوم دەبێت".
بۆ چەند مانگێک خێزان و خەڵک لە شەڕێکی گرژدا گیرۆدە بوون. زۆرێک- لەنێویاندا منداڵەکانی گێتی خۆی- بەهۆی سەرسەختییەکەیەوە تووشی شۆک بوون، بەڵام گێتی بێ باک بوو، چونکە لەسەر ئەو باوەڕەی سووربوو کە گوایە ئەمە پیلانێک بێت لەلایەن نەوەکەی تاکو ئەو بڕە پارەیەی لێ چنگ بخات. لە کۆتاییدا، ڕفێنەرەکان، گوێی ڕاستی نەوەکەیان بڕی، وێنەیەکی بە گوێ بڕاوی لەگەڵ تاڵەکانی قژیدا بە پۆست ناردیان بۆ ڕۆژنامەیەکی ڕۆمانی لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٣. ئاماژەیان بەوەکرد ئەگەر بێت ٣.٢ ملیۆن دۆلاریان پێ نەدرێت ئەوا بێ سێ و دوو دەیکوژن. ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە گێتی تەنها ٢.٢ ملیۆن دۆلار بدات. کوڕەکەشی «جۆن پاوڵ گێتی جونیەر»، ناچار بوو ئەو پارەیەی کە دەمێنێتەوە لە باوکی قەرز بکات بە سوودی لە ٤٪ بیدات بە ڕفێنەرەکان لە پێناو ڕزگارکردنی کوڕەکەی. لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٣ ئازادکرا. ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە، نەوەکەی کاتێک ویستی بە تەلەفون لەگەڵ باپیرەی قسەبکات و سوپاسی بکات. کەچی گێتی باپیرە ئامادە نەبوو تەنانەت قسەشی لەگەڵ بکات! ئەمەش بووە هۆکارێک کە نەوەکەی بۆ ساڵانێکی زۆر بەدەست نەخۆشی خەمۆکی و زەبری دەروونیەوە و ئالودەبوونی لە ڕادەبەدەری بۆ مادە هۆشبەرەکان بتلێتەوە، کە سەرئەنجام بووە هۆکاری جەڵتەی مێشک و کەمئەندابوونی.
لەکۆتاییدا، ئەوەی بۆمن جێگای سەرنج بوو لەم پەرتوکەدا نووسەر بە سود وەرگرتن لە تەکنیک گەلێکی نوێی بواری ڕۆژنامەوانی و هونەریگێرانەوە توانیوێتی پەردە لەسەر زۆرێک لە دیوە پەنهانەکانی خێزانی «گێتیەکان» هەڵبداتەوە. لە کاتێکدا ئەم فۆرمە لە کارکردن لەناو دونیای ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانی ئێمە ئەستمە تێبینی بکەیت. کەم نین ئەو ڕۆژنامەنووس و نووسەرانەی لە پێناو دەستخستنی سپۆنەسەر و دەستکەوتی کەسی کەوتوونەتە پیاهەڵدانی زۆرێک لە دەوڵەمەندەکان بە تایبەت لە داتاشینی نازناوی سەرمایەداری نیشتیمانی و مرۆڤە خەمخۆرەکانی نیشتیمان ..هتد. لە کاتێکدا ئەبوو نووسەەرەکانی ئێمە زۆر بوێرانە بەدواداچوون بۆ چیرۆکای سەرمایەدارەکان بکەن و ڕاستییەکان بێلایەنانە بخەنەڕوو. بۆ ئەوەی تاکەکانی ئێمە ئەو ڕۆشنبیریەیان بۆ دروستببێ کاتێک سەرمایەدارێک دەبینن بە پیرۆزی نەبینن و نەکەونە پیاهەڵدان بە شان و باڵیاندا. هەر خودی نەبوونی چیرۆکی ڕاستەقینەی سەرمایەدارەکانی کۆمەڵگای ئێمە بۆتە هۆکارێک بۆ دەرکەوتنی چەندین فیگۆری مەترسیدار کە لەپاڵ شوناسە خێڵەکی و پۆپۆلیستیەکاندا، بەردەوامن لە سازاندنی زەمینەیەک بۆ ستەمکاری نەبینراو لەناو جیهانی کار و پڕۆژەکانیاندا. جار جاریش بە کردنەوەی مزگەوتێک یاخود نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبان و نەخۆشخانە و خوێندنگاکان ئەوە لە بیر هەموان ئەبەنەوە کە ئایا بەڕاستی چیرۆکی ئەوان چییە؟ چونکە دواجار گرنگە تاکەکانی ئێمە بتوانن سەرمایەدارە ڕەسەنەکان جیابکەنەوە لە نموونەی ناڕەسەنەکان. بەو پێیەی سەرمایەداری ڕەسەنەکان دەتوانێت کاریگەری زۆر ئەرێنی بەجێ بهڵێن لەدوای خۆیان لە پاوەجێکردنی نموونەیەکی دروستی کارسازی و گەشەسەندنی ئابوری وڵات. نەوەکو نموونەی ئەم سەرمایەدارە چاوچنۆکانەی ئیمڕۆ کە دژی هەمو جۆرە ڕێسایەکی ئابوورین لە بە سیتەم بوونی بازاڕ. سەرباری ئەوەی هاوڵاتیش بەردەوام وەک نموونەیەکی تەڵەکەباز ئەیان بینێت.
PM:04:08:28/08/2025
ئهم بابهته 652
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی