هەرێم و بەغدا: کام ململانێ و کام دەسەڵات؟
مەریوان وریا قانع
هەموو پەیوەندییەکی سیاسیی لەنێوان دوو دەوڵەت، یان دوو یەکەی سیاسیدا، دووجۆر لە دەسەڵات ئاراستەی دەکات. یەکەمیان پێدەگوترێت «دەسەڵاتی رەق»، دووهەمیشیان « دەسەڵاتی نەرم». پرسیارەکە ئەوەیە ئایا حوکمڕانانی هەرێم هیچ یەکێک لەم دوو جۆرە دەسەڵاتەیان لە پەیوەندییاندا بە بەغداوە هەیە یاخود نیانە و ئەوان ململانێیەک دەکەن کە جگە لە هەڕەشەی زارەکیی بەتاڵ هیچ بنەمایەکی تری نییە؟
بەلام کاتێک باس لە دەسەڵات دەکەین، باسی چ شتێک و کام دیاردە دەکەین، چۆن دەسەڵات پێناسە بکەین؟
دەسەڵات پەیوەندیی بە تواناوە هەیە، توانای ئەوەی بتوانیت کاریگەریی لەسەر ئەوانیتر بەجێبهێڵیت بۆئەوەی ئەو شتانە ئەنجامبدەن، کە تۆ دەتەوێت و دەخوازیت ئەنجامیبدەن، یان دەرنجامی کارەکەیان ئەوەبێت کە تۆ دەخوازیت و دەتەوێت. بە کورتییەکەی دەسەڵات مانای توانای کاریگەریی بەجێهێشتن لەسەر لەوانیتر بەو شێوەیەی کە تۆ دەخوازیت و دەتەوێت. لە دۆخی هەرێم و بەغدادا دەسەڵاتی هەرێم مانای توانای هەرێم لەوەدا بتوانێت کاریگەریی لەسەر بەغداد بەجەبهێڵێت وابکات بەغداد بە جۆرێک بڕیارەکانی بدات، لەگەڵ خواست و ویستەکانی هەرێمدا یەکبگرێتەوە.
وەک وتمان دەسەڵات دوو جۆری هەیە، «دەسەڵاتی رەق» و «دەسەڵاتی نەرم». هەرچی «دەسەڵاتی رەق»ە هێما بۆ ئەو جۆرانە لە دەسەڵات دەکات، کە لایەنێک وەک هێزێکی رەق هەەیەتی، لەوانەش بۆنموونە، «دەسەڵاتی سەربازیی» کە زۆرجار دەتوانێت فشاری گەورە دروستبکات و رۆڵی یەکلاکەرەوەش لە بەلاداخستنی ناکۆکیی و قەیرانەکاندا بگێڕێت. بۆ نموونە، لە ڕێگای دەسەڵات و هێزی سەربازییەوە بەرامبەرەکەت ناچاربکەیت ئەو شتانە بکات کە تۆ دەخوازییت بکرێن. «دەسەلاتی ئابوریی»ش دەچێەتەوە ناو بواری «دەسەڵاتتی رەق»ەوە. ئابوریش دەتوانیت کاریگەری گەورە لەسەر بەرامبەر بەجێبهێڵێت، جا یان لەڕێگای کڕینی وەلائی بەرامبەرەکەوە، تا ئەو شوێنەی بیکەیتە پاشخانی ئابووری خۆت و وایلێبکرێت نەتوانێت دەست لە پشتبەستن بەو ئابورییە هەڵبگرێت. یاخود لە ڕێگای گەمارۆدان و بایکۆتی ئابورییەوە فشاری راستەوخۆ لەسەر بەرامبەر دابنرێت. «دەسەڵاتی دیپلۆماسیی»ش دەتوانێت وەک «دەسەڵاتی رەق» ئامادەبێت و کاربکات. بایکۆتی دیپلۆماسی، بۆ نموونە، دەتوانێت ئامرازێکی گرنگ و راستەوخۆی دانانی کاریگەریی و فشاربێت لەسەر هێزی بەرامبەر.
بە بۆچونی من لە پەیوەندیدا بە هەرێمەوە، هەرێم خاوەنی هیچ یەکێک لەم «دەسەڵاتە رەق»انە نییە لە پەیوەندیدا بە بەغداوە، کەچی بەپێچەوانەوە بەغدا خاوەنی هەر سێ جۆرەکەی دەسەڵاتی رەقە لە پەیوەندیدا بە هەرێمەوە.
هەرچی «دەسەڵاتی نەرم»ە هێما بۆ شێوازێکی تری دەسەڵات دەکات جیاواز لە «دەسەلاتی رەق». «دەسەڵاتی نەرم» بریتییە لە هێز و توانای ئەو بەها و نرخە سیاسیی و ئەخلاقیی و کولتورییانەی لەناو مۆدێلی دەسەڵات و شێوازی حوکمڕانییەوە سەرچاوە دەگرێت و بڵاودەبێتەەوە. ئیشکردنی ئەو بەها و نرخ و مۆدێلە حوکمڕانییە وەک ئایدیالێک، کە شوێنی رێز و پێزانین و نرخ بۆدانان بێت. کولتوری ئەو مۆدیلەی حوکمرانییە، سیاسەتەکانی، هەلسوکەوتەکانی، ئەو بەهایانەی کە دروستیکردون و کاریان پێدەکات، خاوەنی قورسایی و نرخی تایبەتبن و جۆرێک لە ڕێزبۆدانان و بەرزنرخاندن بسەپێنن. ئەم شتانە دەتوانن تا ئەو شوێنە بڕۆن بەرامبەر نەتوانێت پەلاماری ئەو مۆدێلە ئینسنایی و ئەخلاقیی و فەرهەنگییە بدات کە دروستکراوە. «دەسەڵاتی نەرم» پەیوەندیی بە توانای کاریگەری دانان لەسەر کەسانی ترەوە هەیە تا ئاستی داڕشتنی حەز و ڕەفتارەکانیان. دروستکردنی ئەم کاریگەریەش لە ڕێگای هێزی سەربازیی و ئابوریی و دیبلۆماسییەوە نا، بەڵکو لە ڕێگەی سەرنج ڕاکێشان و ئیعجابەوە. لەوانەش بوونی بەهاکانی سیستمێکی دیموکراسی، رێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ، سەروەری یاسا، سەربەخۆیی دەزگاکان، ئازادیی رادەربڕین و ویژدان، هتد.. ئەم جۆرە بەهایانە دەتوانن وەک سەرچاوەی بوونی شەرعییەت و وەک بەهای قابیلی ستایشکردن و سەرنج ڕاکێشان، ببینرێن و سەیربکرێن. بەکورتیی، هێزی نەرم بریتیە لە توانای بردنەوەی دڵ و دەروونی ئەوانیتر.
بێگومان باشترین شتێک دەسەڵاتێکی سیاسیی بتوانێت ئەنجامیبدات، بەکارهێنانی هەردوو شێوازەکەی دەسەڵاتە بەیەکەوە و بەهێزکردنی ئەمیانە بەویتریان.
بەڵام، لەم ئاستەشدا ئایا هەرێم خاوەنی «دەسەڵاتی نەرم»ە لە بەرامبەر بەغدادا؟ بەبۆچونی من هەرێم خاوەنی ئەم «دەسەڵاتە نەرم»ەش نییە و ئەوەی دروستکراوە هەڵگری هیچ یەکێک لەو بەها پۆزەتیڤانە نییە، کە توانای بردنەوەی دڵ و دەرونی کەسانیتری هەبێت.
بە کورتییەکەی، هەرێم لە پەیوەندیدا بە بەغداوە خاوەنی هیچ فۆرمێک لە فۆرمەکانی «دەسەڵات رەق» و «دسەڵاتی نەرم» نییە. واتە نەهێزە سەربازییەکەی و نەهێزە ئابورییەکەی و نە هێزە دیبلۆماسییەکەی توانای دانانی فشاری راستەقینەیان لەسەر عێراق وەک دەوڵەت نییە. نە هێزە نەرمەکەشی هێزێکە بتوانێت رێز و ئیعجاب بەسەر بەغدا، یان بەسەر هەرشوێنێکی دیکەدا، بەسەپێنێت.
هێزە سەربازییەکەی هەرێم تەنها دەرقەتی خەڵکە مەدەنییە بێچەک و نائومێدەکەی ناو هەرێم دێت. دەتوانێت ناڕەزاییە ناوەکییە نارێکخراوەکانی ناو هەرێم سەرکوت بکات. ئەم یان ئەو رۆژنامەنووس و چالاکەوان بفڕێنێت و بزربکات. لە دەرەوەی ئەمانەدا هێزە سەربازییەکەی هەرێم، هێزی دانانی فشار لەسەر هیچ یەکێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە نییە. ئابوریی هەرێمیش بە هەمانشێوە ئابورییەک نییە بتوانێت فشار دروستبکات، لانیکەم لەو فۆرمەی ئێستایدا کە بووە بە ئابورییەکی حیزبیی و بنەماڵەیی و لۆژیکی قازانجی حیزب و بنەماڵە ئاراستەی دەکات. ئەوە با باسی دەسەڵات و هێزی دیبلۆماسی هەر نەکەین، کە بەشی هەرەزۆری قۆرخکراوەی نوخبە خێزانییە حوکمرانەکەی هەرێمە. کەچی بە پێچەوانەوە، دەوڵەتی عێراقی توانای بەکارهێنانی هەر سێ فۆرمەکەی «دەسەڵاتی رەق»ی بەرامبەر بە هەرێم و بنەماڵە حوکمڕانەکانی ناو هەرێم هەیە.
هێزی میلەتی ئێمە و هێزی بزاوتە سیاسییەکانی، لە بوونی ئەو دەسەڵاتە رەقانەدا نەبووە. بەڵکو هێزی میلەتی ئێمە هێزی بەرگریکردنی بووە لە پێگەی خۆی وەک «بەکەمینەکراوێکی چەوساوە و بێمافکراو» لەناو کۆمەڵەک دەوڵەتی هار و توندوتیژدا کە هەڵگری توانای پیادەکردنی جینۆسایدن. هێزی میلەتە هێزێکی رەمزیی بووە، کە لە بەگریکردنەوە لە ماف و لە دادپەروەریی و لە رێز و لە کەرامەتی ئینسانییەوە هاتوە. بەم مانایە هێزی میلەتی ئێمە لە فۆرمی «دەسەڵاتی نەرم»دا ئامادەبووە و کاریکردوە. ئەوەی لە دونیای دوای راپەریندا دەسڕدرێتەوە و وێران دەبێت، ئەوەی دەکەوێت و هەنگاو بە هەنگاو و بەشێوەیەکی سیستامتیکی بێنرخ دەبێت، ئەو «دەسەڵاتە نەرم»ەیە کە لە هەناوی «مەسەلەی کورد»ەوە وەک مەسەلەی گەلێکی چەوساوە و بێمافەوە، سەرچاوەی گرتوە.
مۆدێلی حوکمڕانیی قۆرخکراو بۆ بنەماڵەکان، ئەو فۆرمە لە سیاسەتی ناوەکییکە پڕ لە ناکۆکیی خوێناویی، ئەو عەقڵەیتی قۆرخکردنی سەرجەمی دەزگا بیرۆکراسییەکان و سەرجەمی پێگەکان، ئینجا ئەو هەموو دزیی و جەردەیی و گەندەڵیی و خراپ بەکارهێنانەی دەسەڵات، ئەو سیاسەتی نائومێدکردنە گەورەیەی دروستکراوە، ئینجا هێنانەۆێشەوەی ئەو لەشکرە لە ئەمیر و ئەمیرەی گەنج کە خاوەنی تەلەفیزیۆن و رێکخراوە و زانکۆک و ناوەندی تری تایبەت بەخۆیانن، هتد.. هەموو ئەمانە بەشدارن لە بەسفرکردنی «دەسەڵاتی نەرم» لە هەرێمدا. ئەوە با واز لە تەپینی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و دۆخی ئازادییەکان و مەسەلەی دەستگۆڕکێی دەسەڵات و رێزنەگرتنی لانی هەرەکەمی بەها دیموکراسییەکان، بهێنین کە ئەزموونەکایان لەناوەوەڕا بنکۆل و بێنرخ و بێمانا کردوە و بەرلەوەی لەبەرچاوی دنیای دەرەکیدا بشکێت، لەبەرچاوی خەڵکی هەرێمەکە خۆیدا شکاوە.
هەموو ئەمانە وادەکەن ئەو «دەسەڵتە نەرم»ەی کە مەسەلەی کورد، وەک مەسەلەی بەرگریکردنی میلەتێک لە مافە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییە سەرەتایی و سەرەکییەکانی خۆی، هەڵگری بوو، بەتەواوی وێران ببن و وێنەیەکی تەواو پێچەوانە بەم مەسەلەیە ببەخشن. ئێستا وێنەی هەرێمەکە و حوکمڕان و دەسەڵاتدارە کوردەکانی، هەم لە بەغدا و هەم لە شوێنانی تردا، وێنەی هەرێم و حوکمڕانییەکی تەواو نادیموکراس و خۆسەپێنی کۆمەڵێک بنەماڵەی سیاسییە، کە هێندەی لاساییکردنەوەیەکی کۆمیدییانەی مۆدێلی شێخنشینە نەوتاوییەکانی خەلیجە، هێندە بەرجەستەکەری ئەزموونی میلەتێک نییە زیاد لە سەد ساڵ بۆ بەرگریکردنی لە ماف و ئازادیی و کەرامەت، خەباتی کردبێت . ئەوەی لە دوای راپەڕینەوە هەنگاو بە هەنگاو و وێستگە بە وێستگە دروستدەکرێت، هێما بۆ ئەزموونێکی سیاسیی دەکات کە نرخ و بەهای ئەخلاقیی نەماوە و ناتوانێت شەڕی بردنەوەی دڵ و دەرونیی هیچ کەسێک بکات، بە زۆرینەی خەڵکی کوردستان خۆشیانەوە.
بۆیە هەڕەشەکردن و خۆگیڤکردنەوە و قۆڵ بادانی بەغداد، یان هەر هێزێکی دیکە لە ناوچەکەدا، جگە لە سەرچڵیی و موغامەرەیەکی ناعەقڵانیی و نابەرپرسیار، جگە لە هەڵچونێکی سایکۆلۆژیی بیمار، شتێکی دیکە نییە. هەموو گرژکردنەوەیەکی پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ بەغدادا جگە لە لاوازبوونی زیاتری هەرێم و لەدەستدانی زیاتر و زیاتری مافە دەستورییەکان، هاوکات جگە لە بێنرخکردنێکی گەورەی دەسەڵاتی نەرمی «مەسەلەی کورد» وەک مەسەلەی میلەتێکی چەوساوە، شتێکی دیکەی لێ سەوز نابێت. ئەوەیش کە لەم دۆخەدا زیانی بەردەکەوێت و لەپێش هەمووانە دەپێکرێت، دانیشتوانی خودی هەرێمەکە خۆیانن، نەک بنەماڵە سوڵتانییە حومکڕانەکان. پرسی رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم و دۆسییەی مووچەی فەرمانبەرانی و تەوتینكردنیان شتگەلێک نییە بە دەستڕاوەشاندن و هەرەشەی بێبنەما و خەونی سوڵتانیانە چارەسەربکرێت. دۆخی خراپی خەڵکی کوردستان بەتەنها ئەم یان ئەو سیاسیی لە بەغدا لێی بەرپرسیار نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم ئەو لۆژیکە سوڵتانیی و بنەماڵییە لێی بەرپرسیارە کە هەموو جومگەکانی حوکمڕانیکردنی لە هەرێمدا وێران کردوە و هەم شتێکی بەناوی «دەسەڵاتی رەق» و «دەسەلاتی نەرم»ی هەرێمەکەشەوە نەهێشتۆتەوە. گەشەدان بەم دوو فۆرمە گرنگەی دەسەڵات پێویستی بە عەقلانیەتی سیاسیی و شەفافیەت و لانی هەرەکەمی دادپەروەریی کۆمەڵیەتیی و متمانەی هەمەلایەنە هەیە، نەک بە دەستڕاوەشاندن و خۆگیڤکردنەوەی بۆش و بەتاڵ.
PM:03:03:14/07/2025
ئهم بابهته 440
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی