هێرشی رژێمی ئیسلامی ئێران بۆسەر کرێکارانی ئەفغانی!

‌دەشتی جەمال

حکومەتی ئێران، بەدوای وەستانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، هێرشێکی بێسنوری لە سەرکوت، گرتن و ڕاونان و لەسێدارەدان بە تینوتەژمێکی زۆرترەوە بەرامبەر بەچینی کرێکار و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکوانانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و دژ بە خەڵکی ئێران بەشێوەی گشتی دەستپێکردوە. ئەمجارە دەست لەهیچ ناپارێزێت و جگە لە بیانووەکانی پێشوو، پاساوی "سیخوڕی" و پەیوەندی بە "دوژمن"ەوە، بۆ بیانووەکانی پێشووی زیادکردووە. لەپاڵ پڕوپاگەندەی "نەتەوەپەرستی و نیشتمانپەروەری" کەوتۆتە هەڵڕشتنی ڕق و کینە و سووکایەتیکردن و بێڕێزکردن لەبەرامبەر ئاوارە و پەنابەرانی ئەفغانیدا، ئەوانی بەنیشانگرتووە و وەکو بەهانەیەك لەژێر ناوی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل"، فەرمانی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی بۆ دەرکردون. ژیانی  چەند ملیۆن لە پەنابەران و کۆچبەرانی ئەفغانی کە بێبەشترین چین و توێژی کۆمەڵگەی ئێرانن، خستۆتە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە سیخوڕەکانی ئیسرائیل، هاوڵاتیانی ئێران و پەنابەرانی ئەفغانی نین، بەڵکو ئەندام و بەرپرسانی خودی دام و دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئێرانن کە بەهۆی گەندەڵی سەرتاپاگیری ئەم نیزامەوە، بونەتە نۆکەری ئیسرائیل و خانەیان لە ریزەکانی رژێمدا، دروستکردووە.

ئەم هەڵوێستە دوژمنکارانەیە بەرامبەر بە کۆچبەرانی ئەفغانی لەژێر ناونیشانی "پڕۆژە یاسای ڕێکخراوی کۆچبەری نیشتمانی" لەلایەن حکومەت و پەرلەمانی ئێران پەسەندکراوە، کە گوایە بۆ پاراستنى ئاسایشى نیشتمانییە، گوایە تەنها ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە کە "کارتی پەنابەریان نیە". ئەم هەنگاوە تاوانکارانە و ڕەگەزپەرستانەیەی حکومەتی ئێران،  ئەو هاوڵاتیە ئەفغانی و خێزانەکانیانی ڕووبەڕووی دڵەڕاوکێ و سەختی زۆر کردۆتەوە کە بەهۆی شەڕی ناوخۆ و ڕووداوەکانی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و جەنگی ئەفغانستانەوە، ڕوویان بۆ ئێران هێناوە و ژیانی خۆیان و خیزان و مناڵەکانیان دامەزراندووە. ئەم پەنابەرانە لەگەڵ بێبەش بوونیان لە مافە زۆر سەرەتاییەکانیان و دەست ڕانەگەیشتنیان بە چاودێری تەندروستی، خوێندن و پاراستنی یاسایی وناچاکردن بە کاری سەخت و پرمەترسی و کەمی کرێ.. هەمیشە ترسی دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوە وەك تارماییەك بەسەر سەریانەوە ڕاگیراوە،  هاوکات وەکو هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.. نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشدارییان داوە لەسەر دۆخى کارەساتباری پەنابەران لە سەر سنوورى ئێران و ئەفغانستان. زیاتر لە ٧٠٠,٠٠٠ ئەفغانی پێش ئەم بڕیارە لە ئێران دەرچوون، تەنها لە مانگى حوزەیران ٢٣٠,٠٠٠ هاوڵاتی ئەفغانی دیپۆرت کراونەتەوە. لە هەندێ ڕۆژدا، زیاتر لە ٤٠,٠٠٠ کەس تەنها لە یەك خاڵی سنووریەوە گەڕاونەتەوە. ڕێکخراوی ئەمنستی ئەنتەرناسیونال و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) چەندین جار داوایان کردووە دەسەڵاتدارانی ئێران مامەڵەی هەڵاواردن لەگەڵ کۆچبەرانی ئەفغانی ڕابگرن و داوایان لێکردون کە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پاراستنیان دەستەبەر بکەن.

دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی ئەفغانی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کردەوەیەکی ئەوپەڕی فاشیستی و ڕەگەزپەرستانەیە کە ڕووی لە تەحقیر و جیاکاری نێوان ئیسانەکانە و هەوڵەکانی ئەم ڕەوتە بۆرژوازیەی ئێران هەمان سیاسەتی ئەو ڕەوتە فاشیزم و ڕەگەزپەرستانەیە دەباتە پێشەوە کە ترەمپ بەرامبەر بەکۆچبەران لە سیاسەتی نوێی ئەمریکادا پەیڕەوی لێدەکات. لە ئێرانیش بەهۆی قەیرانی ئابووری کە بەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێرانی گرتوە، قەیرانی بێکاری وڵاتەکە دەخەنە ئەستۆی کۆچبەرانێکی ئەفغانی و تاوانبار دەکرێن وەك بارگرانییەك نیشان دەدرێن، نەك وەك تاکێك کە پێویستیان بە پاراستن هەیە. کرێکاران لەژێر ناوی بیانی و لەسەر بنەمای نەتەوەچێتی دابەش دەکەن و ئەوان بە ئێرانی و ئەفغانی، فارس و کورد، تورك، بەلوچ .. دابەش دەکەن و تەفرەقە لەناویاندا دەچێنن و لەدژی یەك هەڵیان دەخڕێنن. 

نابێت رێگە بدرێت کۆماری ئیسلامی ئێران لەم تاوانەدا کە بەرامبەر کۆچبەرانی ئەفغانی بەرێی خستوە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستی ئێران زۆر لەوە هۆشیارترن کە ڕژێم بە سیاسەتی بارگاوی ڕەگەزپەرستانە و هەڵاواردن فریویان بدات.

لە دۆخێکدا کۆماری ئیسلامی دەست بۆ ئەم سیاسەتە دەبات کە لە ناوخۆدا ڕووبەڕووە لەگەڵ قەیرانێکی قووڵی ئابووری و سیاسی و کاریگەرییە بەرفراوانەکانی سزا نێودەوڵەتییەکان. ئەم دۆخە و شکاندنەوەی ئەم ئەزمەیە بەسەر ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و خەڵکی نەداردا کاریگەری زۆر سەختی لەسەر ژیان گوزەران و خزمەتگوزارییەکانی خەڵکی ئێران دروستکردوە، لە هەژاری و برسێتی وگرانی و کەمی خزمەتگوزارییەکان و گەندەڵی. جمهوری ئیسلامی لە دەرەوەش گورزێکی گەورە بەر هێزە پرۆکسیەکانی لەچەشنی حەماس و حیزب اللە کەوت. بەڕوخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیش پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەو لاوازی ڕۆیشت، ئێستا بەدوای ئاگربەستی جەنگی ١٢ ڕۆژە دووبارە لە هەوڵی خۆسازدانەوە و بەدەستەوەگرتنی سیاسەتی سەرکوتگەری و داسەپاندنی پاشەکشێ بەناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ئێرانە، لەو چوارچێوەیەشدا هێرش بۆسەر ئاوارە ئەفغانییەکان وەك وەسیلەیەك بەدەستەوە گرتوە بۆ سەرکوتی کۆمەڵگا و لێکدابڕاندن و ناکۆکی خستنە ڕیزی کرێکاران و پەرەدان بە مەیلی نەتەوەچێتی، وە ئەوانی وەك هۆکار و سەرچاوەیەك بۆ بێکاری و نەبوونی لە کۆمەڵگای ئێراندا نیشان بدات تا لەو ڕێگەیەوە جەنگێك لەنێوان کرێکارانی ئێرانی و ئەفغانیدا هەڵگیرسێنێت، و ئەمەش بکاتە بەربەستێك لەبەردەم یەکیەتی بەشەکانی چینی کرێکار لە کۆمەڵگەی ئێراندا.

ئایندەی کۆمەڵگەی ئێران لەلایەن ئەم نوخبەیە لە پیاوانی ئاینی و گەندەڵکار و تاوانکاری دەسەڵاتدارەوە نەنووسراوە، بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی پێی نایە مەیدانەوە کە  ژنان و لاوان و کرێکاران و خوێندکارەکان پێشەنگی بوون و دەستکەوتی گرنگی بەدەستهێنا، دەتوانێت دۆخەکە پێچەوانە بکاتەوە و دەستی ڕژێم لە دەسەڵاتدا، کە لەرزۆك بووە لە توندوتیژی ڕاگرێت و ئایندەیەکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران کە هەموو مرۆڤەکان بەبێ گوێدانە ڕەگەز، نەتەوە، شوێنی لەدایك بوون وەیان ئاین، بە کەرامەت و ڕێزەوە دەستەبەر بکات. کاتی ئەوە هاتووە کە جارێکی تر گوشارەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی لە ئاستی یەکێتی کرێکاری و ڕێکخراوە مرۆڤدۆست و کۆمۆنیست و سوشیالستەکان توند بکەینەوە تا کۆماری ئیسلامی ئێران ناچار بکەین دەستهەڵگرێت لەسەرکوت و گرتن و ئەشکەنجەو ئیعدام و هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ پاراستنی مافی کۆچبەرانی ئەفغانی بگرێتەبەر. وە کۆتایی بهێنێت بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی ئەفغانی و  دابینکردنی دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییەکان.

پێویستە کارێك بکەین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و فاشیستی حکومەتی ئێران ئاگادار بکەینەوە تا فشار بخەنەسەر دەسەڵاتدارانی ئێران بۆئەوەی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵە لەگەڵ کۆچبەرانی ئەفغانی بکات و لەم سیاسەتە دژی کۆچبەریە پەشیمانیان بکەنەوە. کۆچبەرە ئەفغانییەکان لە ئێران شایەنی ژیانێکی باشترن دوور لە هەڵاواردن و جیاکاری و ئاسایش و داهاتوویەکی دوور لە ترس.

٧/٧/٢٠٢٥


AM:11:05:10/07/2025

ئه‌م بابه‌ته 484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی