ڕۆشنبیری کورد: سوودی نەتەوەیی بەرتەسک و شەرعیەتی ئەخلاقی گشتگیر
د. سهڵاح عزیز
لە ١٧ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانکاری ڕیشەیی بەخۆوە بینیوە، بەو پێیەی ئیسرائیل هەژموونی سەربازی وهەواڵگری خۆی بەشێوەیەکی بێ پێشوەختە پیادەکردوە، وغەززە، یەمەن، لوبنان و تەنانەت دامەزراوەکانی ئێرانیشی کردۆتە ئامانج. ئەم ڕووداوانە مشتومڕی فەلسەفی کۆنیان زیندوو کردەوە دەربارەی "مافی هێز" (بەکارهێنانی هێزی ماددی بۆ سەپاندنی ئیرادە) بەرامبەر "هێزی ماف" (شەرعیەتی ئەخلاقی یان یاسایی). بەڵام ڕۆشنبیری کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ململانێیەدا دەکات؟ ئایا لەپشت لۆژیکی هێزەوە یان بنەماکانی دادپەروەرییەوە ریزبەند دەکرێت؟
ئیسرائیل، دەستیکرد بە داڕمانی غەززە ودامەزراوەکانی یەمەن، لوبنان وئێران بە کوشتنی سەرکردەکان لەو ووڵاتانەدا. ئەمە بە یەکێک لە دیارترین دەرکەوتەکانی "مافی هێز" دادەنرێت کە هێزی سەربازی وێرانکەری بەکارهێنا بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکان یان بەربەستگرتن لە نەیاران. لەم پۆلێنکردنەدا، "ماف" لە توانای سەپاندنی واقع بە هێزەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە بنەماکانی دادپەروەری یان یاسای نێودەوڵەتییەوە.
لە بەرامبەردا، چەمکی "هێزی ماف" لەو باوەڕەدا خۆیدەبینێتەوە کە ماف و دادپەروەری خاوەن هێزێکی شاراوەن کە لە کۆتاییدا توانای سەرکەوتنیان هەیە تەنانەت ئەگەر لە رواڵەتدا لاوازبن . ئەم چەمکە جەخت لەسەر ئەخلاق و یاسای نێودەوڵەتی و شەرعییەت دەکاتەوە ،و باوەڕی وایە کە داواکارییە دادپەروەرانەکان کە لەسەر بنەماکانی ماف بونیادنراون دەتوانن پشتگیری کۆبکەنەوە و ڕای گشتی بگۆڕن، تەنانەت ئەگەر ڕووبەڕووی زلهێزەکانیش ببنەوە. سەرەڕای جیاوازی گەورە لە هێزی سەربازیدا، بەردەوامی بەرگریکردن لە فەلەستین ولوبنان ومافی ئێران بۆ بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمی لە ڕوانگەی خۆیەوە ڕەنگدانەوەی "هێزی ماف" دەکات. مەرج نییە ئەم هێزە ماددی بێت، بەڵکو مەعنەوی و سیاسییە، وپشت بە پشتیوانی جەماوەری دەبەستێت وباوەڕیان بە شەرعییەتی پرسەکەیان هەیە. کاتێک سەرکۆنە نێودەوڵەتییەکان یان ناڕەزایەتییە جەماوەرییە بەرفراوانەکان دژ بە "مافی هێز" پیادە دەکرێت، خۆیلەخۆیدا پشتگیریکردنە لە "هێزی ماف".
ڕووداوەکانی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕوونی نیشانی دەدەن کە چۆن "مافی هێز" و "هێزی ماف" بەیەکەوە گرێدراون. هێزە گەورەکان "مافی هێز" بەکاردەهێنن بۆ سەپاندنی دەسەڵاتیان ، لە کاتێکدا لایەنە لاوازەکان هەوڵ دەدەن بەرگری لە خۆیان بکەن یان ئامانجەکانیان بەدەستبهێنن لەسەر بنەمای "هێزی ماف".
سەبارەت بە ڕۆشنبیری کورد، شیکارکردنی ئەم ڕووداوانە ئاڵۆزتر دەبێت. ئایا پشتگیری ئەوانە دەکات کە "مافی هێز" یان هەیە ئەگەر بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ داخوازییەکانی کورددا یەکتربڕبن (وەک کاتی پشتگیریکردنی هەندێ نووسەر بۆ ئیسرائیل )؟ یان دەبێت بێ گوێدانە تەرازووی هێز لەگەڵ "هێزی ماف" دا بوەستێت، لەسەر بنەمای دادپەروەری و یاسای نێودەوڵەتی کە کورد دەیەوێت بەسەریاندا جێبەجێی بکات؟
ئەم یەکانگیرنەبوونە ڕۆشنبیری کورد دەخاتە بەردەم ئاڵەنگاری ئەخلاقی و فکرییەوە. ئایا پێویستە ئەو پراگماتیزمە بگرێتەبەر کە پاساو بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ هەر لایەنێک بدات کە خزمەت بە بەرژەوەندییە دەستبەجێیە نەتەوەییەکان بکات، تەنانەت ئەگەر پشت بە "مافی هێز" ببەستێت؟ یان پابەند دەبێت بە بنەما سەرەکییەکانی "هێزی ماف"، لەگەڵ درککردنی بەوەی دەشێت ئەوە دەستکەوتی خێرا بەدەستنەهێنێت؟
لە کۆتاییدا، تێگەیشتن لەم ڕووداوانە لە چوارچێوەی "مافی هێز" و "هێزی ماف" گرنگ نییە بە مانای دەرچوونی بڕیاری ئەخلاقی دەستبەجێ بێت، بەڵکو هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی داینامیکە ئاڵۆزەکانی ململانێ، وچۆنێتی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان و بەهاکان، و چۆن ڕۆشنبیر دەتوانێت هەڵوێستی خۆی دیاری بکات لەسەر بنەمای ئەم دوو فەلسەفەیە کە هەندێک جار دژ بە یەک و هەندێک جار تێکەڵ دەبن. ڕۆشنبیری کورد دەبێت درک بەم ئاڵۆزییە بکات، و سەنگی هەڵبژاردەکانی بکات لەنێوان سوودی نەتەوەیی بەرتەسک و شەرعییەتی ئەخلاقی گشتگیردا، چونکە مێژوو تەنها بە ئەنجامەکان حوکم نادرێت، بەڵکو بەپێی ئەو بنەمایانەی لەسەری بونیادنراوە.
وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: کنێر عەبدوڵا
PM:04:13:05/07/2025
ئهم بابهته 168
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی