گوێگرتن نهێنی سەرکەوتن لە سیاسەت و کۆمەڵگادا
نەجیبە مەحمود
هەر هێزێکی سیاسی کە ڕەخنە و پێشنیارەکانی خەڵک پشتگوێ بخات و لە ترسەوە هەوڵی پاساو بۆ هەڵەکانی بدات، لە ڕاستیدا لە ڕێبازی ڕاستەقینەی نوێنەرایەتی دوور دەکەوێتەوە. گەل بنەما و پێکهاتەی هەر کۆمەڵگایەکە و دەبێت دەنگی ببیسترێت. ئەگەر حکومەتێک یان هەر لایەنێکی سیاسی لەبری گوێگرتن و وەڵامدانەوە ، بەرگری لەخۆی بکات و پاساو بۆ شکستەکانی خۆی بهێنێتەوە، نەک تەنها متمانەی خەڵک لەدەست دەدات، بەڵکو خۆی بەرەو ئایندەیەکی تاریک و نادیار دەبات. لە دونیای ئەمڕۆدا شەفافیەت و لێپرسینەوە کلیلی سەرکەوتنی هەر هێزێکی سیاسییە و تەنها بە گوێگرتن لە دەنگی خەڵک داهاتوویەکی گەش بەدی دێت.
لە دونیای ئاڵۆزی ئەمڕۆدا کە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەخێرایی ڕوودەدات، هێزێکی سیاسی سەرکەوتوو ، ئەو هێزەیە کە لە ڕەخنەی گشتی وەک دەرفەتێک بۆ گەشەکردن و چاکسازی دەڕوانێت. نەک تەنیا بیستنی دەنگی خەڵک، بەڵکو تێگەیشتنێکی قووڵ لە پێداویستی و خواستەکانیان، دەتوانێت ببێتە هۆی دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو و بەردەوام لە نێوان خەڵک و حکومەت و هێزە سیاسیەکان .
ئەگەر هێزێکی سیاسی لە جیاتی دوورکەوتنەوە لە بەرپرسیارێتی، بوێری ئەوەی هەبێت دان بە هەڵەکاندا بنێت و هەوڵی باشترکردنی بدات، ئەوا دەتوانێت متمانەی گشتی بنیات بنێتەوە و زەمینە بۆ گۆڕانکاری ئەرێنی لە کۆمەڵگادا خۆش بکات. لەم ڕووەوە بەشداریی گشتی لە پرۆسەی بڕیاردان و داڕشتنی سیاسەتدا نەک هەر مافێکە بەڵکو پێویستییەکی ئەساسییە بۆ چارەسەری کێشەکان..
با لەبیرمان بێت هیچ هێزێک بەبێ پشتیوانی گەل ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.ئەم پەیوەندییە دوولایەنەیە نەک هەر یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی، بەڵکو دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگایەک کە تێیدا خەڵک هەست بکەن دەنگیان دەبیسترێت و ڕۆڵی کارایان هەیە لە پێشکەوتنی وڵاتەکەیاندا.
گەشەسەندنی بەردەوام و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی تەنها کاتێک بەدی دێت کە سیاسەتمەداران گوێ لە ڕەخنە و پێشنیارەکانی خەڵک بگرن و بیانخەنە ناو پلانەکانیانەوە. بەم شێوەیە گوێگرتن لە ڕەخنە و پێشنیارەکانی خەڵک تەنیا ئەرکێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو ستراتیژێکی زیرەکانەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی گەش و بەردەوام. کە هیوایەک بگەرێتەوە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر و بەختەوەر.
PM:09:27:04/07/2025
ئهم بابهته 1268
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی