نووسینی وتار بە زمانی سادە

‌دانا بەهادین

نووسینی وتار ڕێگەکی باشە بۆ دەربڕینی بیرۆکە و هاوبەشیکردنی زانیاری لە نێوان نوسەر و خوێنەردا. خەڵکێکی زۆر لە شوێنی کارەکانیان لە رێگەی کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانی دەستیانەوە وتار دەنووسن، بەڵام هەندێک جار وتارەکان بە زمانێکی زۆر ئاڵۆز دەنووسرێن. کاتێک نووسەران وشەی قورس یان ڕستەی درێژ و ئاڵۆز بەکاردەهێنن بە دڵنیاییەوە تێگەیشتن بۆ خوێنەران گران دەکەن. هەربۆیە نووسین بە زمانێکی سادە  گرنگە و جۆرێکە لە ڕێز گرتن لە کات و چێژی خوێنەر. 

کاتێک زمانێکی سادە بەکاردەهێنین، خەڵکی  دەتوانن باشتر بیخوێننەوە و تێبگەن لەوەی کە ئێمە هەوڵی وتنی چی دەدەین، بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەدواداچوون بۆ بابەتێک بکەن یان  شارەزایی لە بابەتێکدا پەیدا بکەن.  نووسین بە شێوەیەکی سادە باشتر دەتوانێت یارمەتی خوێنەر بدات بۆ ئەوەی سەرنجی خۆی لەسەر بابەتەکە بدات و چێژیش لە پەیامە وەربگرێت، بەبێ ئەوەی ماندوو یان بێزار بێت. 

بەکارهێنانی زمانی سادە لە نوسیندا بەو مانایە نییە کە وتارەکە کوالیتی نزم بێت یان ئاستی رۆشنبیری نووسەر سنووردار بێت، لە ڕاستیدا ئەوە نیشان دەدات کە نووسەر زۆر بە روونی لە بابەتەکەی خۆی تێدەگات و زاڵە بە سەریدا. نووسەری زیرەک دەتوانێت بیرۆکەی گەورە و قووڵ بە شێوەیەکی  ئاسان ڕوون بکاتەوە، بۆ نموونە لەبری ئەوەی بنووسین "دەستپێکردن" دەتوانین  "دەستپێک" بەکار بهێنین یان لەبری "کۆتاییهێنان" دەتوانین بنووسین "کۆتایی". ئەم وشانە ئاسانن و مانای دروستیش بە دەستەوە دەدەن.

نووسینی سادە لە کاتی خوێندنەوەدا کاریگەرییەکانی خێراترن لە نووسینی وشک و ئاڵۆز. ئەمڕۆ زۆر کەس  کاتێکی کەمیان  بۆ وتار خوێندنەوە هەیە و  دەیانەوێت لە خوێندنەوەدا بە خێرایی پەیامەکان وەربگرن و لە خاڵە سەرەکییەکە تێبگەن. گەر وتار پڕ بوو لە وشەی ئاڵۆز، ئەوا  خوێنەران مافی خۆیانە واز لە خوێندنەوەی بهێنن. بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی سادە نووسرابێت، نووسینەکە بە چێژەوە دەخوێننەوە و پەیامی وتارەکەش بە بێ ماندوبوون وەردەگرن.

وتارە سادەکان بۆ وەرگێڕانیش ئاسانن. زۆر کەس زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی وەک زمانی دووەم بەکاردەهێنن. ئەگەر وتار بە شێوازی سادە بنووسرێت، دەتوانرێت بە ڕوونی وەربگێڕدرێتە سەر ئەو زمانانە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی فراوانتر بڵاوبێتەوە بەناو خوێنەراندا.

نووسینی وتار بە زمانی سادە بەهێزە. یارمەتی خەڵکی دەدات ئاسان تێبگەن و چێژ وەربگرن لەوەی کە تۆ نووسیوتە.  تۆی بەڕێز هەر پیشەیەکت هەیە و ئەگەر حەزت لە هونەری نووسینە ئەوا  دەربڕینی سادە و ئاسان باشترین رێگەیە بۆ پەیوەندیکردن بە خوێنەرانەوە. 

نووسینی باش پەیوەندی بە بەکارهێنانی وشەی قەبە و ئاڵۆزەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە خستنە رووی  ماناوە هەیە بەشێوەیەکی  روون و رەوان. زمانی سادە پردێک لە نێوان نووسەر و خوێنەردا دروست دەکات کە زانیاری و پرۆسەی فێربوون ئاسان لە نێوانیاندا هاتوچۆ بکات.


PM:03:04:04/07/2025

ئه‌م بابه‌ته 1628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی