میدیا و جەنگ: پەیوەندییەکی مەنگ

‌لاوک سەلاح

پێشتر قسەیەکی زۆرمان لەسەر میدیا و جۆرەکانی و پەیوەندی بە جەنگەوە کردووە، بەداخەوە روودانەوەی چەندان جارەی جەنگ کە هەموو تەمەنمانی لەگەڵ خۆی برد ناچارمان دەکات سەردانی ئەم بابەتە بکەینەوە و تیشک بخەینە سەر دەرهاویشتە نوێکانی ئەم پەیوەندییە. بۆ ئەم کارە دەکەین؟ لەو بڕوایەداین کە کاری لەم جۆرە تێگەیشتنی گشتی هەموو لایەک پەرەپێدەدات و زیاتر ئاشنای ناکۆکییە سیاسیەکان دەبین و ئەرکی جەوهەری میدیا و سیاسەت باشتر تێدەگەین و دواتر یارمەتیمان دەدات دونیا هێورتر بەڕێوەبەرین!

لێكۆڵێنەوە ئەکادیمییەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە نوێنین، بەڵکو هاوشان لەگەڵ جەنگەکاندا شیکاری ئەکادیمییان پێشکەش کردووە، سەرباری ئەو شیکارانەش میدیا خۆی بەردەوام راپۆرتی سیاسی لەسەر جەنگەکان داوە، زۆربەی راپۆرتەکان لایەنگیریان پێوە دیار بووە، راپۆرتەکان تەنها وەسفکردنی رووداوەکانی جەنگ و تۆمارکردنی قوربانیانی جەنگ نەبووە، بەڵکو لە نێو دێرەکاندا بەرگری لە بەرژوەندی سیاسی لایەنێک کردووە و لە هەمان کاتدا هەڵگری بەها و تەفسیری کەلتووری جیاواز بووە.

بێگومان ناوەرۆکی راپۆرتەکانیش هەموو راستییەکانی نەدرکاندووە یاخود دەستی پێیان نەگەیشتووە، زۆرجاریش رەچاوی پێگە و بەرژوەندی سیاسی گشتی کردووە، بۆ نموونە، قەت نەبووە میدیا لە پەیوەندی خۆیدا لەگەڵ دامەزراوە سەربازییەکاندا لە ٣٠ ساڵی رابردوودا و لە جەنگەکانی عێراق و ئەفگانستان دەستی بەهەموو راستییەکان گەیشتبێت، زۆر جاریش ئەگەر گەیشتبێتیش ئاشکرای نەکردوون، ئەم جۆرە پەیوەندییە خەسڵەتی دیاریکراو دەهێنێتە ئاراوە، یاخود کە باس لە تیرۆریزم کراوە دەستبەجێ هەموو زانیارییەکان بۆ رای گشتی بڵاونەکراونەتەوە، هەندێک جار لەبەر هۆکاری سیاسی و هەندێ جاری دیکە لەبەر ئاسایشی نیشتمانی بووە، نموونەیەکی دیکە، میدیا هەرگیز بە ئاشکرا باسی لە پەیوەندییە فەرمییەکانی نێوان حکومەتەکان و سەرکردە نوێکانی ئێستای سوریای نەکردووە، ئەم پەیوەندییە ئەگەر لای میدیاش هەبوو بێت، پێشتر نەوتراوە، ئەو کاتە باسی لێوەکرا کە لە لایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە ئاشکرا کران، بە کورتی و بە پوختی، میدیا دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندی و هاوپەیمانە سیاسییەکانەوە بکات تاوەکو متمانەی کارەکەی بەرامبەر بە هاوڵاتی لە دەست نەدات و نەبێتە ئەکتەرێک بە دوای تارمایی سیاستەدا را بکات، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی کە میدیا وەک دەستەڵاتی چوارەم بمێنێتەوە و بەردەوام رای گشتی بە ویژدانەوە دروست بکات، هەرچەندە دەستەواژەی دەستەڵاتی چوارەم گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە بۆنەیەکی دیکەدا باسی لێوە دەکەین.

کە میدیا بە تونێلە تاریکییەکانی نێو ململانێ سیاسیەکان و هەڵمەتە سەربازییە دڕندەکاندا گوزەر دەکات، دەبێت ئاگاداری سەرکێشییەکان بێت و نەبێتە بەشێک لێیان، زۆر جار، بەداخەوە، دەبێت. هەربۆیە، مەبەستێکی سەرەکی دیکەی ئەم نووسینە راگرتنی هاوسەنگی بەرژەوەندی نێوان دامەزراوە سەربازییەکان و سیاسییەکان لە لایەک و میدیا لە لایەکی دیکەیە، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی کە زۆربەی زۆریان بە پێی تیۆرەکانی میدیا لە پانتایی گشتیدا کار بۆ پاراستنی سەروەری یاسا و پاراستنی نیشتمان و رێکخستنی پەیوەندی هێز لە کۆمەڵگەکەدا دەکەن.

سەرەتا با لە میدیا و دامەزراوە سەربازییەکانەوە دەست پێبکەین، ئەم دووانەیە لە پەیوەندییەکی کێشمەکێشدان، ژینگەی سیاسی و سیستمی سیاسی وڵات رۆڵی سەرەکی لە تایبەتمەندێتی ئەم پەیوەندییەدا هەیە، بۆ نموونە لە وڵاتە تۆتالیتارییەکاندا پەیوەندییەکە، وەک ئاشکرایە، میدیا دەبێتە ئامرازێکی پرۆپاگندە بۆ پەرەپێدانی سیاسەتە مەرکەزییەکان و لە دەرەوەی ئەو فەرمانانەی کە هەن، قسەیەکی جیاواز ناووترێت، ئەمەش بەتەواوی رەنگدەداتەوە لەسەر هەموو دامەزراوەکان و بەتایبەتی سەربازییەکان، لە کاتێکدا پەیوەندی میدیا و دامەزراوە گشتییەکان، هەر چییەک بێت، لە ژینگە دیموکراسییەکاندا جیاوازترە، ئەو یاسایانەی کە میدیایان رێکخستووە جیاوازترە، بە حوکمی فەلسەفەی بازاڕی ئازاد و تەوژمە سیاسییەکانی رۆژئاوا، چەندان جۆر، میدیای گشتی و میدیا کەرتی تابیبەت و میدیای گروپە جیاوازەکان هەن کە مەرج نییە هەموویان لە ژێر کۆنترۆڵی راستەوخۆی دەوڵەتدابن، لەم ژینگەیەدا ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە گەمەی میدیا فراوانە، هەروەها گەمەی سیاسەت بە میدیا فراوانترە، تا رادەی قێزەوەنی، ئەمە سەرباری بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای میدیا کە (میدیای فەیک/ موزەیەف)، واتە درۆزن و فڕیوەدەر و میدیا ساختە بەرهەم دەهێنێت، بۆ نموونە بەکارهێنانی وێنەی فەیکی موشەک و ناوچەکان و ئاکامەکانی بۆ دەرخستنی کاریگەرییەک کە نییە یاخود زیادکردنی ژمارەی سوپا لە وێنەکاندا بۆ مەبەستی تۆقاندن و چەواشەکردنی رای گشتی، ئەمەش لە بۆنەیەکی دیکەدا باسی لێوە دەکەین.

لە رووی سیاسییەوە، و بەتایبەتی لە کاتەکانی جەنگدا، لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، میدیای فەرمی حکومەتەکان دونیایەک فرسەخ لە دوای میدیای دەرەوەی دونیای خۆی کاری کردووە و دەکات، لە رووی ئەکادیمییەوە ئەگەر پێناسەی بکەین، رەگەزەکانی میدیایان تێدا نییە، بەڵکو ئامرازێکی پرۆپاگندەن بۆ شاردنەوەی راستییەکان و هەڵە سەربازییەکان و سیاستە چەوتەکان، وێنەکانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق زەقترین نموونەیە. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو وێنانە بە ئاشکرا بەکارهێنانی کیمیاوی سوپای عێراقی لە جەنگەکاندا دەردەخست، بەڵام کەس دەنگی لێوە نەدەهات، نموونەیەکی دیکە، بەڵام ئەرێنی، تەنیا یەک کامێرا هەبوو کە جینۆسایدی شاری هەڵەبجەی تۆمار کرد، راستە ئەمە لە سەنگەرێکی سیاسی بەرامبەرەوە بوو، بەڵام وەک ئەرکی سەرەکی میدیا، تۆمارکردنی قوربانییە مەدەنییەکان بەڵگەیەکی مێژووی بوو. سەیر لەوەدایە، ئەو سەردەمە دامەزراوەیەکی میدیای نێودەوڵەتی و دادگایەکی نێودەوڵەتی نەبوو بێتە دەنگ و شکاتێکی یاسای و سیاسی لە رژێمی ئەوسای عێڕاق بکات، لانی کەم، بە تۆمەتی ئەوەی رژێمی عێراق یاسا نێودەوڵەتییەکانی کاتی جەنگی پێشێلکردووە و چەکی کیمیاوی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە. هێنانەوەی ئەم نموونەیە بۆ سەلماندنی ئەو راستییەی سەرەوەیە کە ئەگەر میدیا ویژدانی نەبێت دەبێتە تارمای سیاسەتە چەوتەکان و دواتر بەشدار دەبێت لە تاوان دژی مرۆڤایەتی.
سەرنج و نموونەیەکی دیکە، لای خۆمان، لە ئێستادا، میدیای عێراق و هەندێ لەوانەی هەرێمی کوردستان، بۆتە باو و عورف، لە کاتی جەنگدا، میدیا ئەو کەسانە دێنێتە گۆ کە خزمەتی ئەجەندای جەنگ خۆی دەکات، زۆر جار ئەو کەسانە بەرهەمی توندرەوی سیاسیین و بە حساب نوێنەرایەتی تایەفەیەک دەکەن و لەسەر بنەمای هاوکێشە کۆنەکان میدیا بەکار دەهێنن. میدیای خۆمان، بە شێوەیەکی شتی، و بەتایبەت سۆشیال میدیا بۆ پڕکردنەوەی پرۆگرامەکان هەمیشە ئەو چەند کەسە دێنن و دەکەنە میوان کە هەستێکت دەداتێ هەموو ئەو تایەفەی کە ئەو نوێنەرایەتی دەکات رازیین لە بیرۆکەکانی، بۆ نموونە لەم دواییەدا کەسێک زۆر لەسەر سکرین دەردەکەوێت و بانگەشە بۆ دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی تایەفەیەک دەکات! بەداخەوە، میدیا رێگە بەم جۆرە پرۆژانە دەدات و بڵاویان دەکاتەوە، ئەگەر بە ئاگا بێت یاخود نا. ئەوەی کە جێی سەیر و سەمەرەیە ئەو کەسانە لە هەموو چەناڵەکانی میدیادا دەردەکەون، وەک ئەوەی هەموو میدیاکان یەک ئەجێندای سیاسیان هەبێت! جەنگ تەنها لەسەنگەر و مەیدان و بەرەکاندا روونادات، بەڵکو لە رووبەرووبونەی فیکری و لە مێشک و زەینی خەڵکدا وەک هەوێنی جەنگ روودەدەن و کورەیان بۆ خۆش دەکرێت. لەم دۆخەدا، هەر دوولا، میدیا و کەسی بانگراو نوێنەرایەتی مەبەست و رەوتێکی شاراوە دەکەن.

پوختەی قسە: میدیا دەبێت رەهەندی ئەرک و کارەکانی باشتر تەدارەک بکات. رۆڵی میدیا هیچ لە سیاسەت کەمتر نییە، بەتایبەتی کە میدیا سەرچاوەی زانیارییە، دەبێت ئاگاداری بڵاوبوونەوەی زانیاری چەوت (Misinformation) و زانیاری دروستکراو و درۆ بۆ مەبەستی چەواشەکردنبین (Disinformation) ئەگەر میدیا ئەو توانا پیشەییانە لە خۆیدا دروست نەکات یاخود بەمەبەست وا بکات، خۆی زوو زیندەبەچاڵ دەکات. گرنگە لە پەیمانگا و زانکۆکاندا ئێمە گرنگییەکی تایبەت بەم کێشەیە بدەین و قوتابیان لەسەر ئەو بنەما ئەخلاقیانە گەورە بکەین تاوەکو میدیا نەبێتە خۆراکی ململانێ سیاسییەکان و لە سەنگەرە جیاوازەکاندا هەمان رووخساری میدیاوان دووبارە نەبێتەوە وەک ئەوەی بۆ ئەوان رەوا بێت سەنگەری سیاسی بگۆڕنەوە و ئەوان خۆیان تەبرا بکەن لە بەشداربوون لە جەنگە سیاسییەکاندا، دوا نموونە، چ هەستێکت لەلا دروست دەبێت کە میدیاکارێک مێژوویەک لە (العريية) بەسەر دەبات و دواتر دەچێتە (الجزيرة)، یاخود وەک ئەوانەی لای خۆمان مەلەدەکەن لە نێوان میدیای پارتە سیاسییەکان، ئەوان لە نێو گەمەی باڵەکان و بازبازێنی بەرژوەندییە سیاسییەکان، لەگەڵ هەر بەرەیەک و چەناڵێکی جیاواز و نوێدا، بەشێک لە راستی و حەقیقەت دەکوژن و ون دەکەن.


PM:06:09:21/06/2025

ئه‌م بابه‌ته 864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی