هەڵوێستی کورد لە بەردەم دووڕیانێکی ستراتیژیدا
دانا بەهادین
ململانێی ئیسرائیل و ئێران خاڵێکی پڕمەترسیی جیۆپۆلەتیکییە بۆ گەلی کورد، میللەتێك بێ دەوڵەت و لە هەمان کاتدا لە ڕووی ناوچەییەوە گرنگ، هەم دەرفەتێک و هەم مەترسییەکی جددی دەخاتە روو. بۆ هەر کوردێک کە لە خەمی سەربەخۆیی کوردستانە، ڕەنگە وەسوەسەی لایەنگری لایەنێک لەم شەڕەدا لە مێشکیدا بێت و بە ستراتیژی بزانێت. بەڵام هەر پشتیوانییەکی کورد بۆ لایەنێک وریاییەکی زۆری پێویستە. لەم چوارچێوەیەدا سێ پرسیاری جەوهەری سەرهەڵدەدەن، ئایا پێویستە هێزە سیاسییە کوردییەکان پشتیوانی لە لایەنێک بکەن؟ ئایا کورد رووبەڕووی هەڕەشەی سەربازی دەبێتەوە؟ ئایا ئەم شەڕە دەتوانێت دەرفەتێک بۆ درووستبونی دەوڵەتی کوردستان بکاتەوە؟
زۆر بە کورتیی، لە بەرژەوەندی هێزە سیاسییە کوردییەکاندا نییە کە بە فەرمی پشتیوانی لە ئیسرائیل و لە ئێران لەم شەڕەدا بکەن. ڕەنگە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل بۆ هەندێک کەس وەک هەڵوێستی شەخسی شتێکی ئاسایی بێت، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ستەمانەی ئێران لە مێژوودا بەرانبەر کورد کردوێتی لەلایەک، ئەو پشتگیرییانەی ئیسرائیلیش بە حساب ناوبەناو بۆ سەربەخۆیی کورد کردوێتی لەلایەکی ترەوە، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی وروژاندنی دەوڵەتی ئێران کە ئەکتەرێکی ناوچەیی بەهێزە و خاوەن توانایەکی گەورەی سەربازییە و دەتوانێت ڕاستەوخۆ زیان بە ناوچە کوردییەکان لە عێراق و سوریا بگەیەنێت. بەهەمانشێوە پشتیوانی لە ئێرانیش پێچەوانەی خواستەکان و سۆزی بەشێک لە کوردەکان دەبێت، لەبەرئەوەی تارانیش بە شێوەیەکی بەرچاو بزووتنەوە کوردییەکانی سەرکوت کردووە و خواستەکانی کوردی وەک هەڕەشەیەکی ئاسایشی نەتەوەیی مامەڵە کردووە.
سەبارەت بە روبەڕوبوونەوەی سەربازیی، ئەگەر کورد گوێنەدات بە بێلایەنی سیاسی، ناوچە کوردییەکان بەتایبەتی لە عێراق و سوریا مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە ببنە بارمتەی شەڕ، چونکە نابێت ئەو گومانانەی ئێران بەکەم وەربگیردرێت کە هەرێمی کوردستان بە میوانداریکردنی کارمەندانی هەواڵگری ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات. ئەم بانگەشەیە لە ساڵانی ڕابردوودا هێرشی مووشەکیی بۆ سەر هەولێر لێکەوتەوە. هەروەها سوپای پاسداران لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا پێدەچێت ناوچە کوردیەکان بە ئەڵقەیەکی لاواز بزانێت.
ئەگەر هێزە سیاسییە کوردییەکان بە ئاشکرا لایەنگری ئیسرائیل بن، پێدەچێت ئێران بە هێرشی شەڕانگێز وەڵام بداتەوە بە نمونە بە ئامانجگرتنی کەسایەتییە سیاسییەکان و ژێرخانی ستراتیژی و ناوچە مەدەنییەکان، جگە لەمەش ڕەنگە تورکیا ئەو ئاژاوەگێڕییە بقۆزێتەوە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی لە دژی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا و عێراق بە بەهانەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. کورد کە پارچە پارچە و بێ هاوپەیمانییەکی سەربازیی یەکگرتووە لە دۆخێکدا نییە بەرگری لە خۆی لە بەرانبەر چەند ئەکتەرێکی پڕ چەکی دەوڵەتانی ناوچەکە بکات.
بە هەمان شێوە، هەلێك بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستان لە ئێستادا زۆر زەحمەتە. زۆر جار شەڕ و ئاژاوە لە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فەزای سیاسی پڕکردۆتەوە و خەیاڵ و حەز و ئارەزوومانی وروژاندووە، بۆ نموونە لە ساڵی (٢٠٠٣) دا، لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق یارمەتیدەر بوو لەدانپێدانانی دەستوری و یاسایی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام پێناچێت شەڕی ئێستا ببێتە هۆی هەلێکی گونجاو بۆ ئەوەی کورد بکات بە دەوڵەت. زلهێزە گەورەکانی پەیوەندیدار بە (ئەمریکا، ڕووسیا، چین) ئامانجی لە پێشینەیان داناوە کە بریتی نیە لە گۆڕانکاری لە نەخشەی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە و پێناچێت لە ئێستادا زلهێزەکان وەک ئامانجێکی ستراتیژی پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکەن، تەنانەت ئیسرائیلیش وێڕای پیشاندانی ناوە ناوەی هاوسۆزی بۆ ئەم پرسە سەرەکییەی کورد، بەڵام هەنگاوی ماناداری بەرەو داننان بە دەوڵەتێکی کوردستاندا نەناوە. باسی کورد پتر لە گەمەیەک ئەچێت ئیسرائیل پێمانی ئەکات، دەنا پەیمانێکی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندیی کورد لە ئارادا نییە.
بۆ ئەوەی کورد بتوانێت دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەدەستبهێنێت، نابێت تەنها چاوەڕوانی گۆڕانکارییە نیودەوڵەتییەکان بکات، بەڵکو تا ئەو دەمە لای کەم ئەبێت سەرنجی لەسەر یەکگرتوویی سیاسی ناوخۆی خۆی هەبێت، ڕکابەرییە ناوخۆییەکانی نێوان لایەنەکانی سەرتاسەری عێراق، سوریا، تورکیا و ئێران وەلا بنێت و یەک ئەجێندای نیشتمانی بنیات بنێت. دامەزراوەی بەهێز و شەفاف و دیموکراسی پەرەپێبدات بۆ ئەوەی هەم متمانەی ناوخۆیی و هەم شەرعیەتی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت، دەنا دابڕان لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا روو دەدات و هێزی کوردیی هێندەی تر پەرتەوازە ئەکات. لە پرۆسەی بیناکردنی دامودەزگاشدا، ئاوڕدانەوە لە گەشەسەندنی ئابووری، بەتایبەت کشتوکاڵ و پیشەسازیی و تەکنۆلۆجیا، سەرباری گەشتیاری و بازرگانی، ئەرکی لە پێشینەن.
لەم پرۆسەیەدا، جگە لەوەی دیبلۆماسییەت و هەمئاهەنگیی لەگەڵ ئەو زلهێزانەی دنیا کە رێزی دیموکراسییەت ئەگرن بە گرنگ ئەزانم، لە هەمانکاتدا پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد کۆمەڵگایەک دروست بکات لای کەمی پێکەوە ژیانی کەمینە نەتەوەییەکان لەگەڵ زۆرینە مسۆگەر بکات. پرۆسەی نەتەوەسازیی پرۆسەیەکی بەردەوامە و تەنانەت دوای هەبوونی دەوڵەتی کوردستانیش درێژەی ئەبێت، بۆیە ئەبێت لە ئێستاوە دەست پێ بکەین ئەگەرچی هەبوونی دەوڵەت زۆر یارمەتیدەرە لەوەی نەتەوەسازیی خێراتر بکات. لەم ناوەندەشدا، کەس دەستی نەگرتوین لەوەی بایەخ بە پەروەردە بدەین، بە پەروەردی نیشتیمانیی و مرۆیی و زانستییشەوە.
خواستە سەرەکییەکەی کورد بۆ جیابوونەوە لە عێراق لە هەستی نەتەوەیدا ڕەگ و ڕیشەیان داکوتاوە، بەڵام شەڕی ئیسرائیل و ئێران ساتێکی گونجاو نییە بۆ ئەوەی هێزە سیاسییە کوردییەکان بە پشتیوانیکردنی لایەنێک قومار لەسەر داهاتووی ئەم بابەتە گرنگە بکەن. گرنگ ئەوەیە کورد خۆی لە ڕاکێشانی شەڕە ناوچەییەکان وەک ململانێی ئیسرائیل و ئێران بەدوور بگرێت، چونکە تێوەگلانی تەنها وێرانکاری و گۆشەگیری بەدوای خۆیدا دەهێنێت. گرنگە بزووتنەوەی سیاسی کورد بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێگای یاسای و ئاشتیانە پەیڕەو بکات بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانان. هەروەها بنیاتنانی هێزێکی یەکگرتوو و دیسپلینکراوی بەرگری نەتەوەیی زۆر پێویستە، نەک بۆ هەڵگیرسانی شەڕ بەڵکو بۆ پاراستنی گەلی کورد و پاراستنی سەقامگیری.
PM:02:08:21/06/2025
ئهم بابهته 2052
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی