رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران

‌دانا بەهادین

بەرزبونەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بۆتە ساتێکی مەترسیداربۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تاقیکردنەوەیەکیشە بۆ هەرێمی کوردستان.

لە ماوەی ئەم ساڵدا ئیسرائیل و ئێران چەند جارێک لە لێواری ڕووبەڕووبوونەوەدا بوون بەڵام ئێستا ڕاستەوخۆ لە جەنگی سەربازیدان. ململانێکە لە قسە وهەڕەشە تێپەڕیوە و راستەوخۆ پێی ناوەتە قۆناغەکانی وەک:

هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، شەڕی ئەلیکترۆنی و زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابوری و سربازی هەردوو وڵات. چاوەڕوانی مەترسییەکی لەمەش گەورەتر دەکرێت کە ناوی شەڕی بە وەکالەتە واتا بەشداریکردنی هێزە چەکدارەکانی وەک  حزبوڵڵا لە لوبنان و زۆرینەی حەشدی شەعبی لە عێراق و سوریا و حوسییەکانی یەمەن و چالاکبونەوەی حەماس لە غەززە.

ئێران لە ڕێگەی ئەم گرووپە چەکدارانەوە بەردەوامە لە فراوانکردنی کاریگەرییە ناوچەییەکانی، لە کاتێکدا ئیسرائیل تەماحە ئەتۆمییەکان و تۆڕە سەربازییەکانی ئێران وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خۆی دەزانێت. لەم شەرەدا خەت و خاڵی هاوکێشە نیودەلەتییەکان دەرکەوتوون و دابەشبوون بەسەر چەند سیناریۆیەکی جیاوازدا بەنمونە، ئەمریکا وەک هاوپەیمانی سەرەکی ئیسرائیل دەمێنێتەوە و پشتگیری دیپلۆماسی و سەربازی پێشکەش دەکات. ئەوەی کە تا ئێستا دەردەکەوێت ڕووسیا و چین لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە پشتیوانی ئێران دەکەن،  بەڵام داوای خۆگرتن لە ئیسرائیل و ئێران دەکەن بۆ ئەوەی شەڕ لە دۆخی ئێستای زیاتر تەشنە نەسەنێت. هەروەها  وڵاتانی کەنداوی عەرەبی وەک سعودیە و ئیمارات بە بێدەنگی لەگەڵ ئیسرائیل هاوتەریبن لەسەر هەڕەشەی ئێران، هەرچەندە خۆیان لە ململانێی ئاشکرا دەپارێزن. نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای کەمکردنەوەی توندوتیژی دەکەن،  بەڵام دەسەڵاتێکی کەمی هەیە بۆ وەستاندنی هەریەک لە لایەنە دژ بەیەکەکان.

عێراق، لە ناوەڕاستدا گیربووە و لە دۆخێکی مەترسیداردایە چونکە دەشێت ببێت بۆ گۆڕەبانی جەنگ بە تایبەت لە ڕێگەی ئە هێزانەوە کە پشتیوانی تەواو لە بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکەن، بەڵام ئایا ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان مانای چییە؟

ڕاستگۆبین، هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی زۆر هەستیاردایە، گیری خواردووە لەنێوان زلهێزە گەورەکان و تەحەددای ناوخۆیی، چونکە ئەگەری زۆر هەیە لە میانەی تەشەنەکردنی زیاتری جەنگەکە هێرشی مووشەکی یان هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکرێتە سەر ئەو بنکە و بارەگایانەی  لە هەرێمدان و ناکۆکن بە ئێران. دواتر ئێران فشاری زیاتر بکات بۆ راگرتنی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی کە لە لایەن ئەمەریکاوە  بە هەرێمی کوردستان دەدرێت، لەگەڵ ئەمانەشدا قەیرانی ئابوری و کێشەی نەوت و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران خراپتر ببن. ئەمە وێرای ئەوەی مەترسیی زیاتر بۆ سەر ناوچە جێناکۆکەکان درووست دەبن.

بێگومان هەندێک دەرفەتی کراوەش هەن ئەشێت هەرێمی کوردستان لە دەستیان نەدات وەک لە دەستدانی فرسەتەکانی دیکە، بۆ ئەوەی بە پریشکەکانی ئەم جەنگە نەسوتێنێت، یەک لە دەرفەتەکان بەکار‌هێنانی دیپلۆماسی بێلایەنە بۆ ئەوەی نەکێشرێتە ناو شەڕی ناوچەییەوە و جەخت بکاتەوە لەسەر ڕۆڵی هەرێم کە بریتییە لە هاوبەشێکی سەقامگیرکەر بۆ هەردوو بەغدا و ڕۆژئاوا. هاوکات کارکردن بۆ یەکخستنی دەنگی کورد لە ناوخۆدا بۆ ئەوەی پێکەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان ببنەوە ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە دەرفەتەکان.

پێویستە حکومەتی هەرێم خۆی لە لایەنی سەربازی بەدوور بگرێت، بەڵام دەبێت لە دیپلۆماسی نێودەوڵەتیدا چالاک بێت بۆ پاراستنی گەلەکەی، واتا بێلایەنییەکەی بە مانای بێدەنگی نەیەت. ململانێی ئیسرائیل و ئێران دەتوانێت گەشە بکات و ببێتە شەڕێکی گەورەی ناوچەیی. هەرێمی کوردستان هەرچەندە بچووک بێت، بەڵام دەتوانێت ژیرانە هەڵسوکەوت بکات و ئەزمونەکەی بپارێزێت، خۆی لە تێکەڵبوونی دەرەکی بەدوور بگرێت و داوای دادپەروەری لە بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات. لە سەردەمی ئاگردا سەرکردایەتییەکی ئارام و یەکڕیزی باشترین قەڵغانە و پێویستە لە بەرچاو بگیردرێت.


PM:03:21:15/06/2025

ئه‌م بابه‌ته 960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی