ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە دیالۆگی نیشتمانی كوردستانییە

‌کاوە محمود

سەروتار

ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە دیالۆگی نیشتمانی كوردستانییە

دوا بڕیاری حكومەتی عێڕاق تایبەت بە ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەر‌ و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی ساڵی 2025 جارێكی دیكە گەڕانەوەیە بۆ لۆجیكی دەستبادان‌ و مامەڵەكردن لەگەڵ هاووڵاتی وەك بارمتە ‌و دروستكردنی فشاری دەروونی‌ و ڕەوشێكی ناسەقامگیری گشتی لە كوردستان، كە مەبەست لێی فراوانترە لە ناكۆكی‌ و ململانێ لەگەڵ حكومەتی هەرێم ‌و دەچێتە خانەی خولیای بیركردنەوەی دەوڵەتی قووڵی خۆسەپێنەر لە بەغدا بۆ سەپاندنی ئاراستەی ناوەندێتی ڕەها لە عێڕاق ‌و پەیداكردنی ڕەوشێك، كە پێیانوایە خەڵكی كوردستان ناچاردەكەن باوەڕیان بە بوون ‌و پێویستی هەرێمی كوردستان وەك كیانێك نەمێنێت.

بڕیارەكەی حكومەتی عێڕاق دیسانەوە پێشێلكردنێكی ڕوونی دەستوور ‌و ئەو بڕیارەی دادگای ئیتحادییە، كە نابێ مووچەی خەڵك تێكەڵی ململانێی سیاسی بكرێت ‌و لە هەمان كاتدا پێچەوانەی دوا ڕێكەوتنی یەكی شوباتی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ ‌و حكومەتی هەرێم ‌و ڕێنمایی خودی وەزیری دارایی عێڕاقە، كە داوای لە وەزارەتی دارایی هەرێم كردبوو تا كۆتایی ساڵی 2025 لیستی كانوونی دووەمی 2025 بە بنەما بۆ لیستی مانگەكانی دیكەی ساڵی 2025 دابنرێت.

بابەتی مووچە بابەتێكی هەنووكەییە‌ و كاركردن بۆ چارەسەركردن ‌و دابینكردنی بۆ خەڵك ڕووبەڕووی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا شوناسی گشتگیری ئەم بابەتە زەمینەیە بۆ بەشداری سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە دەسەڵات ‌و ئۆپۆزیسۆنی هەمەجۆرە، كە دوور لە حساباتی بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتی پێویستی دیالۆگی هاوبەش دەخاتەڕوو.

لە هەمان كاتدا بابەتی نەناردنی مووچە یان دواخستنی هەموو مانگێك، لە قەیرانی پرۆسەی سیاسی لە عێڕاقدا دابڕاو نییە، كە ئەم بابەتەش دیسانەوە پێویستی بە دیالۆگی هاوبەشە سەبارەت بە بنبەستی پرۆسەی سیاسی‌ و بابەتی هەڵسەنگاندنی شێوازی كاری ئەندامانی پەرلەمان ‌و وەزیرانی كورد لە بەغدا.

حزبمان لەو باوەڕەدایە، كە كاركردن بۆ دابینكردنی مووچە بەرپرسیارییەكی مێژووییە ‌و بابەتێكە دەبێ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بەخەمخۆرییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن ‌و بۆ ئەم مەبەستە كۆڕ ‌و كۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنەكان‌ و مامەڵەكردن لەگەڵ بابەتەكە، كە ژیان ‌و گوزەران ‌و قووتی خەڵكە ئێجگار لەوە گرنگترە، كە  ئەو كۆڕ ‌و كۆبوونەوانە لە شوێنكی دیاریكراو بكرێت، یان لایەنێكی دیاریكراو بانگەشەی بۆ كردبێت.

هەر بۆیە حزبمان سەبارەت بە بابەتی مووچە ‌و قووتی خەڵكی كوردستان ئامادەیە لە هەر شوێنێك بێت ‌و بەدەم بانگەشەی هەر لایەنێكی كوردستانییەوە بێت، كە بابەت مووچە ‌و ژیان ‌و گوزەرانی خەڵك بێت.

ئاراستەی حزبمان كە لە دوا كۆبوونەوەی لایەنە كوردستانییەكانیش ئاماژەمان پێكرد، سەرەڕای جەختكردن، كە دوا بڕیاری حكومەتی عێڕاق بابەتێكی سیاسییە ‌و لەوانەیە واشبزانێ، كە هەرێمی كوردستان كارتی بەرەنگاربوونەوەی نییە، حزبمان جەخت لەسەر گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ ‌و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا پەسەندەكات ‌و لەم میانەشدا بەڵگەی دەستووری ‌و بڕیاری دادگای ئیتحادی ‌و رێكەوتنی دوو قۆڵی هەردوو حكومەتی  بەردەستە. لە هەمان كاتدا ‌و هاوكات لەگەڵ چەندین كارتی دیكە، كە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ ئەم مەبەستە ئاماژەیان پێكرد، حزبمان وەكو هەموو جارێك جەخت لەسەر كارتی پشتگیری خەڵكی كوردستان بۆ دۆزی ڕەوای خۆی دەكاتەوە، كە بەبایەخترین‌ و گرنگترین كارتە حكومەتی كوردستان پشتی پێببەستێت ‌و كاراكردنی ئەم كارتەش پێویستی بە متمانەدروستكردنی نێوان هاووڵاتی ‌و دەسەڵاتی سیاسیی حوكمڕان هەیە‌ و بۆ ئەم ڕێچكەیەش پەلەكردن لە بنیاتنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ‌و كاراكردنی پەرلەمانی كوردستان گرنگە.
بەشێوەیەكی گشتی هەنگاوەكانی حكومەتی عێڕاق لەسەرجەم گۆڕانكارییە چلۆنایەتییەكاندا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەر نییە ‌و ئەمەش هۆكارێكی دیكەیە بۆ جەختكردن لەسەر ئەوەی، كە ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە سازدانی دیالۆگی نیشتمانی كوردستانییە.


PM:11:29:03/06/2025

ئه‌م بابه‌ته 628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی