پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاری زۆری ماوە
د.ئاسۆ فەرەیدوون
پارتی کرێکارانی کوردستان دوای زیاتر لە چەند ساڵێک خەباتی چەکداری ، لە قەندیل و بەرەکانی جەنگ و شەنگال و مەخمورو کۆبانێ و کەرکوکەوە هەنگاو دەنێ بۆ پرۆسەی ئاشتی و خەباتی مەدەنی دیموکراسی لە پرۆسەی سیاسی لە تورکیا.
لەپاش ئەوەی سەرکردایەتی پەکەکە چەند نامەیەکی لە بەرێز (ئۆجەلان)ەوە لە رێگەی دەم پارتیەوە ، وە لەرێگەی ئەمریکیەکانیشەوە لە سلێمانی پێیان دەگات ، دەرئەنجام بڕیاری چەکدانانی دا.
چەکدانان دوای ساڵانێک لە جەنگ کە زیاتر لە چل هەزار قوربانی لێکەوتەوە ، بە برێارێکی سیاسی لە کۆنگرەی سەرکردایەتی پەکەکەدا کۆتایی پێ دێت .
دەوڵەتی تورکیا زۆر هەوڵی ئەدا کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و سوریا ببەستێتەوە بە مەرجی چەکدانانی پەکەکەو پەیەدە بەیەکەوە.
هەڵبەتە دیارە نەتەوە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش لەوە سەرکەوتووبون کە حکومەتی تورکیا قایل بکەن بەوەی دەست بەرداری سوریابن بەتایبەت دوای ئەو بارودۆخ و روداوانەی کە لە دوومانگی رابردوودا لە تورکیا گوزەرا و تەنانەت وەزیری دەرەوەی تورکیای ناچارکرد بەوەی سەردانی ئەمریکا بکات بۆ داواکردنی هاوکاری ، ئەمریکاش بۆ رەزامەندی بەهاوکاری کردنی تورکیا مەرجی دەست تێوەرنەدانی لەسەر تورکیا هەبوو بۆ حکومەتی نوێی سوریاو رێکەوتنیان لەگەڵ پەیەدە.
لەهەمان کاتدا پەیام و پێشنیارەکانی ئەمریکا بۆ پەکەکە ئەوەبوو کە رەزامەند بن کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا گرێ نەدەنەوە بە پرۆسەی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان.
دواجار لەهەردوو بارەکەدا لەم قۆناغەدا پرۆسەکە دەستی پێکرد .
"پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بە دانانی چەک لەلایەن پەکەوە کۆتایی نایەت ، بەڵکو پێویستی بە بڕیاری حکومەتی تورکیا هەیە ئەویش بە ئازاد کردنی بەرێز (ئۆجەلان) و (دەمیریاش) و سەرجەم زیندانیە سیاسیەکان هەیە و پاشانیش بۆ گۆڕانکاری و هەمواری دەستوری تورکیا ، بەتایبەت ئەو چوار ماددەیەی کە پێناسەی دەوڵەتی تورکیا ئەکەن و دان بە مافەکانی نەتەوەی کورددا ئەنێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا "، ئەوەی دەبینرێت بۆ داهاتوو ، پرۆسەکە پێویستی بە ئامادەکاریەکی زۆرترهەیە.
لە ڕووی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی ناوچەکەوە بارودۆخەکە گونجاوترە ، بەڵام لە ڕووە کۆمەڵایەتیەوە بۆ هەردوو نەتەوەی کورد و تورک پرۆسەکە بەگشتی ئامادەکاری زیاتری دەوێت چونکە باس لە پرۆسەیەک دەکرێت کە مێژوویەکی چل ساڵەی لە شەر و قوربانیدان هەیە.
بۆیە ئەم باروودۆخە سیاسی و جیۆپۆلەتیکیەی ئێستا هەیە لە ناوچەکە ئەو باوەڕەی کە حکومەتی تورکیا هەیبوو بە لێدانی پەکەکە و پەیەدە بۆ ڕاکێشانی سۆز و بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکاندا ئیتر سەرکەوتوو نابێت، بەهامان شێوە پەکەکەش گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە گۆڕانکاریەکان لە ناوچەکە بەتایبەت دوای (٧ی ئۆکتۆبەر) کە ئیتر ئەو جۆرە خەباتە عەسکەریە زەحمەتە بگاتە ئامانج بۆ هەردوولاش ئەم رێگا نوێیە سیاسیە ئاشتیە دیموکراسیە ئەزموون بکەن.
ئەگەر بێت و حکومەتی تورکیا ، هەنگاوەکانی خۆی بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بنێت ئەوا راستیەک دەسەلمێنێت کە ئەویش قۆناغی داواکاریی نەتەوەیی و دەوڵەتی نەتەوەیی لە ناوچەکە کۆتایی پێ دەهێنێت و تەنها دیموکراسی و چەسپاندنی دەوڵەتی هاوڵاتییبون داهاتووی ناوچەکەیە.
PM:04:54:15/05/2025
ئهم بابهته 288
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی