تڕەمپیزم، سەرمایەو پارەو دەوڵەت!
ئاسۆ عەبدوللـەتیف
ئەها بیربکەنەوە لەدۆخی سەرۆک دۆناڵد تڕەمپ، ئەمڕۆ قاوەیەکی لە کۆشکی یەمامەی عەرەبستانی سعودیی، لای پادشا محمد بن سەلمان ڕەدکردەوەو قاوەیەکی دیکەی خواردەوە، هەردوکی قاوەبوو بەڵام گوزارشتی قوڵی هەبوو ئەم هەڵبژاردنە، ئەوەی یەکەم بۆخۆتان و دوەم بۆ من، ترەمپ ئیلۆن ماسکی سەرمایەداری لەگەڵ خۆی خزاندبوویە ناو تیمەکەی، ماسک خۆی ئیمپراتۆری پارەو دۆلارە، تڕەمپ ئەو کاراکتەرەی لەگەڵ خۆی هێنابوو بۆ گەشتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەرەبستان و کەنداو، هێنابوی بۆ نازو نیعمەت و نەوت و پارەی کاش و بەلاش، ئێمەش کامەیان گەورەترین خێڵ و عەشیرەت و هێزو سوپای هەیە ئەوە دەکەینە وەزیرو دەیبەین بۆ وڵاتان.
کورد دەبێ بەوعەقڵ و لۆژیکە تازەوە سیاسەت بکات و گرنگی بەکارو سەرمایەو پیشەسازی نەوت و کانزاو ئابوری بدات بۆ کڕینی دەوڵەت و پایەکانی، کابینەیەکی شەش حەوت وەزیریی بۆ هەرێم پڕ بەپێستیەتی بەڵام وەزیربن و گزیرنەبن، بڕیاردەربن و بچوک و گرگن نەبن، کاراو چالاک بن، سەرمایەداربن و چاولەدوای موچەو خانەنشینی نەبن، ئیتر کاتیەتی وەبەرهێنان بکەن لە نەوت و پارەو سەرمایەی نیشتیمانی ئەم وڵاتەدا، سەدەیەکە خەبات دەکەین و قسەدەکەین و دەیڕێسین بە شێوازی فەلسەفی و تیۆری و حیزبی و ئەدەبی و ئایدۆلۆژیی جۆراوجۆرو دادی نەبوو، بەراستی شەرمە کورد ئەو هەموو بیرە نەوتەی هەیەو کەچی گلەیی لەدوژمنەکانی بکات، گازندا لە فارس و عەرەب و تورک بکات کە دەوڵەتیان بۆ دروست نەکردین، ئیدی هیچ لاوانەوەو سۆزداری و مێژوویەکی خوێناویی بەکەڵک ناخوا، دەوڵەتت دەوێ دەبێ بەهاو کاریزماو پارەو سەرمایەت هەبێ و پارەبدەی بۆ کڕین و بنیادنانی، پارەبدەی بۆ مانەوەی، پارە بدەی بۆ هاوسەنگی، دەبێ خۆت دەوڵەمەند بکەیت و سەفەقات و بەرژەوەندیی گەورە بخەیتە بەردەم نەهەنگەکانی سیاسەت، لەبری ئەوەی بەدەم توتیە بچوکەکان و خێزانە ئەرستۆکراتەکانی ئەوروپاوە پێبکەنن و پێشوازی شاهانەتان لێ بکەن کە سودێکی نیە بۆ دەوڵەتسازیی، دەی بەئاگابێن و وەرن تۆڕی گەورە هەڵبدەن بۆ ترەمپ و نەهەنگە گەورەکانی دەریا، واز لەو دیبلۆماسیەتە نەزۆکانە بهێنن لێرەو لەوێ، واز لەو لۆبی و مارکێتینگە ئاستنزمانە بهێنن، چیتر هۆتێلی پێنج ئەستێرە بۆ رەمزی ئەکادیمی و سیاسی بچوک مەگرن و مەیانکەن بە وەهم و هالەو کەڵەگای ڕۆژگار، وەرن یاری بکەن بە نەوت و ئیکۆنۆمی و کریدیتی ژێر زەوی کوردستانەکەتانەوە، بەسیەتی گەندەڵی و بەهەدەردان و کات درەنگی کرد، کاتی وەبەرهێنانی عەقڵانیە بەرەو بنیادنان و ئابوری گەورەو سەفەقات و نەوت و فرۆشتنی نەوت و گازی سروشتی بەرامبەر بە کڕینی دەوڵەت هیچ نەبێ جارێ وەرن پایەیەکی بکڕن.
کورد ئەگەر دەوڵەتی دەوێ نابێ ئیتر ئەوەندە ملکەچانە خۆی بچوک بکاتەوە هەمیشە لەهێڵی بەرگری و پاڕانەوەدا بێت، دەبێ دۆخی دەرونناسیانەی ستەمکاری سایکس بیکۆو لۆزان و سەعدئابادو جەزائیرو شۆڕشە خوێناویەکان تێپەڕبکات بەرەو سەقامگیریی دارایی و بانکی و ئابوری نەوتی و دەوڵەتیانە لە جیهاندا، وزەو گازە سروشتیەکەی بەهەدەر نەدات بۆ ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت، تا فۆڕمۆڵەی سیمایەکی حکومەتداری ڕاقی پێ بکات.
ئەمریکاو چین سەرباری ئەوەی ئیمپراتۆری زەبەلاحی جیهانن و خاوەنی نەهەنگە گەورەکانی ئابوری بازاڕو دۆلارو پیشەسازین، کەچی لەم خاک و خۆڵەی کوردستان و ئەو بیابانە وشکەی عەرەب و ئەو زەویە بەپیتانەی ئەفریقای ڕەشدا خەریکی دۆزینەوەی ڕێگا تازەکانی بازرگانین، بەرەو کان و خان و بیرو سەرچاوە گازیەکان و نەختینەو دراوی زەمانکراو، کێ هەیەتی کڕیارێکی باشن بۆی کێش نییەتی و خەریکی پیشەسازی چەکبازیی و دیبەیت و ئایدۆلۆژیاو کتێب و زانکۆن، یان برسین یان بێبەرین لەو باوکە قازانجویستەو ئەبێ سەدساڵی تر ڕابکەن بەشوێن دەوڵەتدا.
PM:09:27:13/05/2025
ئهم بابهته 236
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی