خۆشناو و کابرای شۆفێر
زیرەک کەمال
ئێوارەیەك سواری یەکێك لە تەکسییەکانی شار بووم، هەر زوو هەستمکرد کاکی شوفێر تا بڵێی توڕە دیارە، یەکسەر بێ سێ و دوو بەدەنگێکی پڕ لە هەڵچوونەوە گوتی: داد و بێدادمە لە دەست خۆشناوان، ئای کە توڕە و بێزارم لێیان، ئاخر وەڵاهی وەبیللاهی خۆشناو دنیایان تێکداوە و مایەی بەڵا و کێشە و دەردەسەرین بۆ هەموو خەڵك، وەڵا خەریکە لە دەستی ئەوان سەری خۆم هەڵدەگرم و شار بەجێدەهێڵم. وەی کە بێزارم وەی کە ڕقم لێیانە، وەڵاهی دەستم بڕوات و بۆم بلوێت هەرچی خۆشناوە لەو شارە ڕاویان بۆ دادەبەشم و ئاسەواریان ناهێڵم. کاکی شوفێر هەر درێژەی دەدایە قسەکانی و بەشێوازێکی زبر خۆشناو و خۆشناوەتی وێنادەکرد. ئینجا گوتی ئاخر دەوەرە خۆت پێمبڵێ خۆت بەچی دەزانی؟ ئاخر چۆلەکە خۆت چی و گۆشتاوت چی؟ وەڵا بەدەستم بێت مز و قوڕقوشم دەخەمە ناو قوڕگی هەرچی خۆشناو هەیە، وەڵاهی بەدەستم بێت لێناگەڕێم ددانیان هەبێت نانی پێ بخۆن و نینۆکیان هەبێت خۆیانی پێ بخورێنن، بەدەستم بێت لەو قەراج و کەندیناوە و شارەزوور و گەرمیانەوە پشتی و پەرێزیان پێدەکەم و بارێکی قورسیان دەخەمە سەر پشتیان و گەرمیان و کوێستانیان پێدەکەم.
دواتر کاکی شوفێر ڕووی لە من کرد و گوتی کاکی برا تۆ دەڵێی چی؟ منیش گوتم کاکی شوفێر تۆ هەموو قسەکانت کرد و ئەوەی بەدەمت داهات نەتگێڕایەوە، دوای ئەوە بۆچی ڕای من وەردەگری؟ دیاریش بوو کە منی دەناسی، بۆیە پێیگوتم، ئاخر کاك زیرەك من ڕای تۆم بەلاوە گرنگە، چونکە لەمێژە موتابەعەی دیمانە ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنەکانی تۆ دەکەم و نووسینەکانت دەخوێنمەوە و بە پیاوێکی باشت دەزانم. منیش پێمگوت برا ناکرێت عەشیرەتێك کە لە دوو قەزا و چوار ناحیە و سەدان گوند پێکدێن ئاوا هێڵێکی ڕاست و چەپی بەسەردا بهێنیت، چونکە لە هەموو شوێنێك باش و خراپ هەیە، کاکی شوفێر ئەوجارە توڕەتر لە جاران وتی، کاك زیرەك دیفاع لە خۆشناوان مەکە، چونکە خۆشناو پیاویان تێدانییە، منیش گوتم، بەڵام لە ڕوانگەی تۆوە من باشم؟ گوتی بەڵێ زۆریش باشی، گوتم دەنا من خۆشناوم!
کاکی شوفێر کە گوێبیستی ئەوەبوو یەکسەر گێڕی گۆڕی و ١٨٠ پلە بایدایەوە، گوتی کاك زیرەك وەڵاهی ڕاست دەکەیت، خۆشناویش پیاوی باشیان گەلێك زۆرە، بابم دەیگوت لە شۆڕشی ئەیلول لە هێزی خۆشناوەتی بووم، هەموویان هەتا بڵێی پیاوی باش بوون، براکەشم دەیگوت لە زانکۆ چوار ساڵ چەندین برادەری خۆشناوم هەبوون، وەی کە کوڕی باشبوون، شوفێر درێژەیدا قسەکانی و گوتی، دایکیشم دەیگوت لەو گەڕەکی سەیداوەیەی هەولێر کۆمەڵێك دراوسێی خۆشناومان هەبوون، هەموویان دەتگوت فریشتەن و یەك لە یەکی بەڕێزترن. دواتر کاکی شوفێر گوتی کاك زیرەك لە وڵاتەکەی ئێمە کەس نییە بەقەد خۆشناو پیاو بن!
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئەو گشتاندن و دوالیزمەی تاکی کوردی لە کوێوە سەرچاوی گرتووە؟ ئایا لەم بارەیەوە پێویست نەبوو دەیان توێژینەوە بکرێت؟
PM:04:32:13/05/2025
ئهم بابهته 432
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی