بڕیارە بوێرانەکەی (پ،ك،ك)، حکومەتی ئانکەرە دەخاتە بەردەم هەنگاوی سیاسیی بوێرانە

‌بارزان شێخ عوسمان

هەفتەی رابردو پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا  (پ،ك،ك) ، لە دوانزدەیەمین کۆنگرەی خۆیدا ، بە ئامانجی بەرەوپیر چونی بانگەوازە مێژوییەکەی بەڕێز عبداللە ئۆجەلان سەرۆکی پارتەکە ، بڕیاریدا کۆتایی بە خەباتی چەکدار بهێنێنێت و بە شێوازەکانی (سیاسیی ،پەرلەمانیی ،دیپلۆماتی ، ئیعلامیی ،سەندیکایی و جەماوەریی ) درێژە بە خەباتەکەی بدات  لە بەرگ و ناوێکی تردا .

شێوە خەباتێك کە  لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدی  سەدەی رابردودا ، سەرۆك مامجەلال لە پاڵ ناوبژیوانیی و هەوڵە بێ وچانەکانیدا بۆ چارەسەری ئاشتیی ،  بە  شێوازی جیا جیا بە گوێی برادەرانی (پ،ك،ك) یدا دەدا ، لەو کاتەی زەمینەکە لە باربو کە مەسەلەی کورد لە تورکیادا بە ئاشتیی چارەسەر بکرێت .

ئێستاش  درەنگ نییە کە (پ،ك،ك)  ئەو بڕیارە مێژوییەی دا و بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستانی لە تورکیادا خستە هەورازی هەر بەرژەوەندییەکی تری ئایدۆلۆژیی ،بەوەش سەروەرییەکی مەزنی لە مێژوی خۆی تۆمار کرد و ئیتر کەس ناتوانێت گلەیی لێ بکات .

راستە هەلومەرجەکانی سیستمی جیهان لە دوای روخانی   دیواری بەرلین و  هەڵوەشانەوەی بلۆکی خۆرەڵات  ،  وا دەخوازێت کە هەمو بزوتنەوەیەکی چەکداریی و شەڕی پارتیزانیی بە تێرۆریست و تێرۆر ناوزەد بکرێت ، بەڵام دەبێت لە ئێستاوە حکومەتی تورکیا  ئەو لاپەڕەیە دابخات   و مامەڵەی تێرۆریست نەکات لەگەڵ هیچ کام لە ئەندامانی ئەو حزبە و تۆڵەیان لێ نەکاتەوە ئەوە لێك مەداتەوە کە پێشتر  (پ،ك،ك) لە لیستی تێرۆردا بوە لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا . وەك چۆن لە دوای کەوتنی بەشار ئەسەد بیری لەوە نەکردەوە کە جەبهەی  تەحریری شام و ئەبو مئمدی جۆلانی  رۆژانێك لای تورکیا  لە لیاتی تێرۆردا بون .

پێویستە  حکومەتی ساین رجب تەیب ئەردۆگان کەمتەرخەم نەبێت و دەستی نەنوقێنێت    لە دەستپێشخەریی و هەنگاوی جدیی دا بۆ پیشاندانی نیاز پاکیی و راستگۆیی   لە پرۆسەی ئاشتبونەوەی گەلانی تورکیا  و چەسپاندنی ئاشتییەکی سەرتاسەریی و دادپەروەرانە .
ئێستا بڕیارە مێژوییەکەی (پ،ك،ك) ،حکومەتی ئانکەرەی خستوەتە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی گرنگ  و دەبێت زۆر بە پەرۆشەوە و ژیرانە مامەڵە بکات لەگەڵ  ئەم هەلومەرجەی کە هاتوەتە ئاراوە . بچوکترین لە خۆ بایی بون یا خۆ بەزل زانین ،بچوکترین ختوکەدانی هەستی  نەتەوەیی و ئاینیی و مەزهەبیی  بۆ پیشاندانی هێز و باڵا دەستیی ،  زیانی گەورە دەگەیەنێت بە هەمو ئەو هەوڵ و کۆشسانەی کە چەندین ساڵە لە ئارادان  تا لە جێی خوێن رشتن ،باری نائاسایی ،  ماڵوێرانیی   خەڵك و وڵات ، رق و کینە ،  بوختان و یەکتر تۆمەتبارکردن  و تەخوین ، ئاشتیی ،ئاسودەیی،تەبایی ،خۆشەویستیی ،ئا ئاوەدان کردنەوە و بنیاتنان ، خۆشگوزەرانیی و ئازادیی و یەکسانیی وەکیەکی بەرقەرار و باڵا دەست بێت .

دە بێت ئانکەرە تەواوی هەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ هێنانە ئارای کەش و هەوایەکی ئارام و لەبار  لە سەرتاسەری تورکیادا بەتایبەتیی لە کوردستانی تورکیادا ،تا کۆمەڵانی خەڵک لە بارێکی دەرونیی سازگاردا بن و متمانەیان لا دروست ببێت لە ئاست جدیی بونی حکومەتی تورکیا بۆ چەسپاندنی ئاشتیی و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیی .

دەبێت هەرچی زوە لێپرسراوانی تورکیا  ئەم دەرفەتە بۆ خۆیان بڕەخسێنن و  ئەو سەرکردە  کورد و غەیرە کوردە سیاسییانە ئاشت بکەنەوە کە لە ناوخۆی تورکیادا   کاری سیاسییان کردوەو  بە ئامانجی خزمەت کردنی تورکیا داوای چارەسەرکردنی مەسەلەی کوردیان کردوە ،بەڵام بە بیانوی جیاجیا لە بەندیخانە توند کراون یا کاری سیاسییان لێ قەدەغە کراوە .

سەرباری هەنگاونان بۆ کۆتایی هێنان بەو بارودۆخەی کە بەڕێز ئۆجەلانی تیادایە ، پێویستە حکومەتی ئانکەرە  کاری جدی بکات بۆ ئازادکردنی رابەر و سیاسەتمەداری ژیر صلاح الدین دیمیرتاش و  هەڤاڵەکانی  .

بە کورتی و بە پوختی ئانکەرە پێویستە رێگای بەمینرێژکراوی چەندین ساڵەی گەیشتن بە ئاشتیی و ئاشتبونەوە پاك بکاتەوە  ، گوڵ رێژی بکات و تەواوی بیانوەکانی  ساڵانی رابردو وەلا بنێت ،  تا هەموان بە پەرۆشەوە خۆیان بگەیەننە ئەو مێرگە دیموکراسیی و پێشکەوتوە پڕ لە خۆشگوزەرانییەی   کە   بەدیهاتنی تەنیا بە ئاشتیی و ئاشتبونەوەی گشتییە .

لە ماوەی نزیکەی نیوسەدەی رابردودا چەك و ئاگر تاکە زمان بوە کە قسەی کردوە بۆ یەکلاییکردنەوەی مەسەلەی کورد لە تورکیا و چەسپاندنی ئاشتیی ، بۆیە هەردولا  واتە دامەزراوەی سەربازیی و هەواڵگریی و ژەندرمە و هێزەکانی   (پ،ك،ك) ، وەك یەك نەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ ، بۆیە داخستنی ئەو لاپەڕەیە و  لەبیربردنەوەی لای نەوەکانی ئێستا و داهاتو ئەرکی لە پێشینەی حکومەتی ئانکەرەیە .بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بۆ ئاشتیی راستگۆیی حکومەت دەردەکەوێت و کۆتایی دێت بە هەر دودڵیی و دڕدۆنگییەك لە ئاست هەڵوێست و هەنگاوەکانی  کۆماری تورکیادا .

لە کۆتاییدا پێویستە بوترێت "دیارە پرۆسەی  چەك دانانی (پ،ك،ك)  وا بە زویی و بە ئاسانی کۆتایی نایەت ، دەبێت گەرەنتیی و زەمانەتێك هەبێت بۆ ژیانی چەکدارەکانی ئەو هێزە کە  ناوی (گەریلا ) یان لە خۆ ناوە ، دەبێت دڵنیاییەك هەبێت بۆ بە تەواوەتی داماڵینی چەکی ئەو هێزە چەکدارە ،ئەوەش پێویستی بە چاودێرێکە  کە لە هەمو روەیەکەوە تواناکانی لە جیهاندا  باوەڕ پێکراو بێت ، ئەوەیش ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و  یەکێتی ئەوروپا و بریتانیایە ".


PM:04:00:13/05/2025

ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی