کورد و ئاینی ئیبراهیمی !
دڵشاد ئەنوەر
چەند ساڵێک لەمەوبەر، بە وتارێک ئاماژەم بە کۆمەڵێک هەوڵی پشت پەردە کرد بۆ ئەزمونکردنی ئاینی ئیبراهیمی لە عێراق، ئەوکات هەوڵەکان بەو ئاراستەیە بوون بناغەکەی لە دەشتاییەکانی نەینەوا دابنرێت و لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە سەپۆرت بکرێت.
وا دیارە دانانی بناغەی ئاینی ئیبراهیمی لە دەشتی نەینەوا شکستی هێنا، چونکە دوورە دەستی و پێکهاتەی ناوچەکەو باڵادەستبوونی هێزە شیعەکان لەگەڵ دۆخی ئەمنی و کۆمەڵێک فاکتەری تر ڕێگربوون.
ئاینی ئیبراهیمی، لە ڕێککەوتنی ئیبراهیمی نێوان ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لە سەروویانەوە ئیمارات سەرچاوەی گرتووە، کە ڕێککەوتنەکە بە چاودێری ئەمەریکاو لە ساڵی 2020 ڕاگەیەنرا.
کرۆکی ئاینی ئیبراهیمی هەوڵێکە بۆ نزیککردنەوەی ئاین و باوەڕە جیاوازەکان، یاخود ئەم ئاینە تێکەڵەیەکە لە ئاینەکان و بۆیە ناوی ئیبراهیمی لێنراوە، چونکە ئیبراهیم(ع.س) باوکی پێغەمبەرانەو لای هەموو ئاینەکان قەبوڵکراوە.
دەکرێت بڵێین: ئاینی ئیبراهیمی هەوڵێکە بۆ کاڵکردنەوەی ململانێی ئاینە جیاوازەکان و سڕینەوەی ئەو بیرەی پێیدەوترێت توندڕەوی ئاینی، ئیمارات سەپۆرتی ئەم ئاینە دەکات و ناوێرێت هەنگاوی جدیش بۆ پراکتیزە کردنی بنێت.
بەڕێوەچوونی مەراسیمی نزای نیشتمانی لە هەولێر، جارێکی تر گومانی لەسەر هەوڵەکان بۆ پراکتیزەکردنی ئاینی ئیبراهیمی تۆخکردەوە، بەوپێیەی پارتی وەکو هێز نزیکە لە وڵاتانی هەوڵدەر بۆ پراکتیزە کردنی ئاینەکە، هەروەها کۆکردنەوەی پیاوانی ئاینە جیاوازەکان و جۆری گوتارەکانیش کە جەختکردنەوەی تێدابوو بۆ یەکبوون لە باوەڕدا ئەمەی لێدەخوێنرێتەوە.
گەر ئەمەی لە هەولێر ئەنجامدرا سەرەتایەک بێت بۆ بونیاتنانی ئاینی ئیبراهیمی، ئەوا پرۆژەکە پرۆژەیەکی گەورەیەو سەپۆرتی گەورەشی هەیە، بۆیە هەولێریش کراوەتە خاڵی "ئینتیلاق"، چونکە شوێنکەوتوانی ئاینە جیاوازەکانی تێدایەو جگە لە هەرێمێکی وەکو ئێرە کەسیش ناوێرێت دەستی بۆ بەرێت. گەر وابێت هۆکاری هەڵبژاردنی هەولێر بۆ پرۆژە دوور مەوداکە پەیوەندی بە ترسی وڵاتانی عەرەبییەوە هەیە لە هەنگاونان بۆ پرۆژەکە، کە دەیانەوێت لە ناوچەیەکەوە پراکتیزە بکرێت و دواتر ئەوان هەنگاوی لەسەرخۆی بۆ بنێن.
ئێران نەیاری سەرسەختی ئاینی ئیبراهیمییە، چونکە پرۆژەکە لە بنەڕەتدا بۆ کاڵکردنەوەی مەیلی ئاینە، لەکاتێکدا کرۆکی پرۆژەی ئێرانی ئاین و مەزهەب گەرێتییەو ئەمە زیانی گەورە لە پرۆژەکەی دەدات.
گەر ئەمەی هەولێر سەرەتای بونیاتنانی ئاینی ئیبراهیمی بێت، ئەوا هەڵبژاردنی تەوقیتەکەش جێی هەڵوەستە لەسەر کردنە، بەو پێیەی هەنگاوی سەرەتایی پرۆژەکە کاتێک دەست پێدەکات ئێران لە ژێر فشارو دۆخێکی تایبەتدایە.
پراکتیزەکردنی ئاینی ئیبراهیمی لە هەولێر بۆ هەرێم و پارتی لە ڕووی سیاسییەوە هەنگاوێکی پڕ لەسەر ئێشەیە، بەڵام گەر سەربگرێت پاڵپشتی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ هەرێم دروست دەبێت، هەروەک لەمپەرو نەیاری گەورەشی بۆ دێتە پێش.
سەرگرتنی ئاینی ئیبراهیمی زۆر ئەستەمە، چونکە هەرێم هێندە بەهێزو گەورەو یەکگرتوو نییە پرۆژەیەکی وا هەستیاری پێ بسپێردرێت، هەروەها خەڵکیش بە ئاسانی قەبوڵی ئەم ئاینە نوێیە ناکات، گەرچی ڕەنگە پاڵپشتییەکی گەورەی دارایی بۆسەرخستنی بخرێتەگەڕ.
PM:03:49:23/04/2025
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی