وازمان لێبێنن با لەم ڕۆژەدا پشوو بدەین
سیروان غەریب
وازمان لێبێنن با لەیادو جەژنی خۆمان، یادی ڕۆژنامەگەری کوردی پشوو بدەین، لەگەڵ هاوڕێکانمان بچین بۆ سەیران یان یاری تۆپی پێ بکەین ، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ تۆزێک لەفشارەکانمان کەم بکەینەوە.
ڕۆژانە ئێمە لەژێر فشاری دەرونیداین، هەواڵی ناخۆش و کوشت و بڕین ، نەهامەتییەکانی خەڵک ، پێشێلکارییەکان بەشێکی زۆری ژیانی داگیرکردووین.
هەموو ڕۆژنامەنوسێک ، ئەوەی باوەڕێکی ڕاستەقینەی بەوە هەیە پیشەی ڕۆژنامەوانی لەپێناو مرۆڤایەتی و گەیاندنی ڕاستییە، لەهەوربانی مێشکیدا دەیان ئاخ و ناڵەی بریندارو گریانی منداڵ و پارانەوە پیری بێ ماڵ و ، هەروەها هەزاران گلەیی و گازندەی خەڵکی تیادایە.
وازمان لێبێنن با پشوویەک بدەین . هەریەکەمان بۆخۆی لەسەر ئەو هۆکارانەی باسم کرد پێویستی بەپزیشکێکی دەرونی هەیە، ئیتر بۆ ناهێڵن تەنها ڕۆژێک کە تایبەتە بەخۆمان پشوو بدەین.
ئەرێ ئەم هەموو کۆڕو سیمینارو پانێڵ و چالاکییە سەیرو سەمەرەیە چییە لەم ڕۆژەدا دروستی دەکەن؟
ئایا ڕێکخراو و زانکۆ و لایەنە تایبەتمەندەکان بۆ دەبێت تەنها ئەم ڕۆژە پڕ بکەن لەقسە و
خەڵات بەخشینەوە. لەکاتێکدا دۆخی میدیا و ئازادییەکانمان هەموو ڕۆژێک پێویستی بەقسەکردنە نەک بەس تەنها 22 ی نیسان .
ئەگەر دەتەوێت ڕێز لەمیدیاکار بگریت بەتەنها لەم ڕۆژە بیرت نەکەوێتەوە بەڵکو ڕۆژانە هەوڵ بدە مەوداکانی ئازادی بۆ فراوان بکە، شەڕ بکە لەسەر ئەوەی ڕۆژنامەنوس یەکسانی لە ڕوماڵکردن بۆ فەراهەم بێت.
چڕکردنەوەی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکان و چەند لایەنێکی میدیایی تر لە 22 ی نیسان جەژنی ڕۆژنامەگەری کوردی بێجگە لەخۆ نمایشکردن هیچی تر نییە.
ووتاری ناخۆش پانێڵی بێ تام . جاوپێکەوتنی ئاست نزم ڕۆژی 22 نیسانی یادی ڕۆژنامەگەری کوردی داپۆشیبوو.
حەقە بۆ ساڵی ئایندە هیچ میدیاکارێک ڕووماڵی ئەو چالاکییانە نەکات و وەک ئێمە پشووبدات لەگەڵ هاوڕێکانیدا یاری تۆپی پێ بکات، یان بچێت بۆ سەیران تاوەکو لانی کەم ئەم ڕۆژە ژیانی جیاوازبێت.
PM:01:26:23/04/2025
ئهم بابهته 408
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی