روبەرێک بۆ چالاکی رۆشنبیری و هونەری
بانگەوازێک بۆ شارەوانی و رۆشنبیری و گەشتوگوزار
ئارام سەعید
سلێمانی کە وەک پایتەختی رۆشنبیری دەناسرێت و ئەو ناوەی لەوەوە وەرگرتوە کە لەکۆنەوە ئاویزانی ئەدەب و موزیک و هونەر بوە. لەم شارەدا ژمارەیەکی زۆری شاعیر وموزیسیان، گۆرانیبێژ، شیوەکاری داهێنەر، کەسایەتی ئاینی و مەزاری گرنگ هەبوون و تا ئێستاش هەندێکیان ماون، چەندین ئەندازیار وپاریزەر و کەسایەتی سیاسی گرنگ تیایدا ژیاون. ژیانی ئەم رۆشنبیر وداهێنەرانە کاریگەری لەسەر پێناسی رۆشنبیری و میراتی شارەکە کردوە.
سەرەرای ئەو میراتە گەورەیە پاراستنی ئەو خانوو جێگایانەی رۆشنبیر و داهێنەرە گەورەکان تیایدا ژیاون ئەولەویەتیان پێ نەدراوە، راستە رۆشنبیری سلیمانی جەند خانویەکی لەوانە هەیە و کریویەتیەوە بەلام تا ئێستا نەکراونەتە جێگایەکی شایستە بۆ ئەوەی خەڵک و گەشتیاران بتوانن سەردانی بکەن و لەکاتێکدا ئەو خانوانە تەنها هەیکەل وبینایەک نین،بەلکو دەبیت هەر ژوریکیان چیرۆکی جەندین هیواو داهێنانمان بۆ بگێڕنەوە، هەموو جیگەیەکیان ئاوازیک و وەشاندنی فلچەیەکی شیوەکاریکمان بۆ دەگێڕنەوە، سەرەرای چەند هەوڵێکی وەک ئەمنە سورەکەو سەرای سلێمانی ... هتد هەیە و مایەی شانازین، بەڵام هێشتا کەمن و فەرامۆشکردنی ئەو خانوانە ویرانەیەکە هەرەشە لە مێژومان دەکات، ناسنامەی شارەکەمان تێکدەدات.
لەزۆربەی وڵاتان ئەو مالانە بونەتە سەرمایەکی رۆشنبیری گەورە ، ئەم شوینانە بەتەنها شوینی گەشتیاران نین بەڵکو سیمبولی ناسنامەی رۆشنبیرین، شانازی کۆمەلگاکانیانن، گرنگی میژوویی و کەلتوریان هەیە.
لەکاتێکدا ئێمە ئەم خەونە ئەبینین ئەپرسین ئاخۆ بۆپاراستنی میراتی رۆشنبیری و نیشتمانیمان هیچ هەماهەنگی لەنێوان ئیدارەکانی رۆشنبیری و شارەوانی و گەشتیاری هەیە بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەن؟ کە بێگومان بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیە ریکەوتن و پێکەوە کارکردنی ئەو سێ لایەنەیە.
ئەگەر پلان هەبێت ئەو پرۆژانە داهاتیشی دەبێت و وبەشی ئەوەش بودجە هەیە بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە و ئەگەر ئەو بەریوەبەریتیانە و سیاسیە بریاربەدەستەکان ئەو کارە نەکەن و پشتگوێی بخەن، چاوەڕێی چ ئایندەیەک بکەین لێیان؟ شوێنی ئەو چیرۆک و ئاواز و هونەر و کەسایەتیە ئاینیانە چیان بەسەر دێت کە ناسنامەی ئێمەیان دروستکردوە، ئەگەر ئەوان رێز لەو میراتە گەورەیە نەگرن و نەیپارێزن ئەوا ئیمە جەوهەرێکی گرنگی ناسنامەمەمان لەدەست دەدەین. مێژومان دەکاتە چەند چرپەیەکی رابردوو.
سەرکردایەتی کۆمەڵگە ئەگەر ئەمە نەکات چۆن متمانەی پی بکرێت، چونکە کاری ئەوان بەتەنها حوکمرانی نیە بەڵکو رێزگرتن و پاراستنی ئەو میراتە گەورە رۆشنبیریەیە کە سلێمانی جیا دەکاتەوە لە شارەکانی تر.
ئێستا کاتی ئەوەیە لێپراسراوانی شارەوانی و رۆشنبیری و گەشتیاری ئەو دەرفەتە وەربگرن و ئەولەویەت بدەن بە پاراستنی ماڵی شاعیر و نوسەر و کەسایەتی ئاینی و کۆمەلایەتی وهونەرمەند، سیاسی وداهێنەرەکانی ئەم کۆمەڵگەیە. ئەو شوێنانە بکەنە روبەرێک بۆ چالاکی رۆشنبیری و هونەری و کۆکردنەوەی دۆکیومێنتەکانیان تا نەوەکانی ئێستا و داهاتوو سەردانی بکەن و چالاکی و لێکۆلینەوەی زانستی زانکۆکان سودی لێوەربگرن و دەستنوس و کارەکانیان تیایدا نمایش بکریت و ببێتە ماڵێک بۆ ئەرشیف و بەڵگەنامەکان.
سلێمانی دەتوانێت وەک ئەستیرەیەکی گەشاوە لەهەریمی کوردستان و دەرەوەش دەربکەویت و دەولەمەندی ئەو میراتە گەورەیە نیشان بدرێت، ئێمە قەرزاری بونیادنەر و داهێنەری ئەم شارەین و بچوکترین ئەرک لەسەر شانی بەرپرسان بێت ئەوەیە ئەو قەرزە بدەنەوە بەوانەی رۆژانێک خەونی گەورەیان بەخشیوەو قوربانیان داوەو داهێنەری بەتوانا بوون، تا نەوەی داهاتوو بەڕێزەوە سەیری ئەو هەوڵەیان بکات بۆ پاراستنی ئەو مالانە...
ئەم کارە وەبەرهێنانە لەئابوریدا بۆ کۆمەڵگەو ئەو ماڵ و مەزار و جیگایانە دەبنە سەنتەری گرنگی گەشتیاری و بازرگانی و دەتوانێت هەم دەرفەتی کار زیاد بکات هەم کاریگەری لە گەشەی ئابوری بکات لەکاتێکدا خودی کارەکە ریزلێنانە لەرابردوی سلێمانی. ئەمە سەرەرای ئەوەی دەبێتە شانازیەکی گەورەی کۆمەلگە و جیگەی بەیەکگەیشتن و ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری و هاوکاری نێوان هونەرمەندان و نوسەران...
ئێمە لەسەردەمیکدا دەژین ناسنامەی رۆشنبیری بۆ کورد گرنگییەکی زۆری هەیە هەربۆیە پاراستنی ئەو کەلتورە گرنگە متمانە و ئامادەیی زیاتری سیاسی و حوکمڕانەکانی کوردستان نیشان دەدات. هەرجەندە دونیای دیجیتاڵی خزمەتێکی گەورەی پێگەیاندوین لەپاراستنی کەلتور ومیراتی رۆشنبیری بەلام ئەمە لەبایەخی ئەوە کەم ناکاتەوە کە پاراستنی ئەو میراتە رۆشنبیریە مادیانە کەمرۆڤ بەجاوی خۆیی و لە واقیعدا دەیانبینێت گرنگن و پەیوەندیەکی سۆزداری گرنگ دروست دەکات و مێژویەکی بەرجەستە بەجاو دەبینیت.
لەئێستادا مێژوو میراتی رۆشنبیریمان بە دوریانێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێت و ئەگەر بەخیرایی هەوڵی پاراستنی ئەو میراتیە نەدریت ئەوا ریسک بە لەدەستدانی بەشیکی گەورەی مێژومان ەوە دەکەین.
لەرووی سیاسیشەوە ئەم وەبەرهێنانە چەسپاندنی ناسنامەی رۆشنبیری کوردە لە گۆرەپانی جیهانیدا و پەیامیکی گرنگ دەگەیەنێت لەسەر بەهاکان و قوربانیدانی ئەم گەلە و چیرۆکە زارەکیەکان پشتراست دەکاتەوە.
مالی نوسەرو شاعیر و پیاوانی ئاینی و سیاسیەکان دەتوانریت بکرێتە شوێنێکی گرنگ بۆ سەردانی قوتابیان و خوێندکاران، دەکرێت جێگەی ۆورکشۆپ و وانەی گرنگ بن بۆ فێرخوازان. رووبەرێک دەبیت بۆ لێکۆڵەران و زانکۆکان بۆ تویژینەوەکانیان، دەکریت دەستنوس وئەرشیفی گرنگی تیا بپاریزرێت.
PM:03:13:15/04/2025
ئهم بابهته 660
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی