لە زۆر دەمێکەوەیە دەیناسم...
ئەردەڵان هەردی
لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولەوە تاکو ئێستا. چۆن لە مناڵی دی بووم وناسیم، بەگەورەیش هەروا مایەوە. مرۆڤێکی ڕووخۆش، دەم بە پێکەنین و میهرەبان..پڕ لە ڕێز و بەتەنگەوە بوون. هاوڕێیەکی دێرین، هەندێکجار زۆر نزیک و هەندێکجاریش هێندە دوور کە دەستم پێی نەدەگەیشت. هەمیشە بە تەلەفون ئاگامان لەیەک بوو..کار و چالاکیەکانی دڵخۆشی دەکردم. لەو هاوڕێیانەی تاراوگە بوو کە وەک چەندان کەسی دی هەرگیز لە خەمی وڵات دوور نەکەوتنەوە. ژیانی ئەفسوناوی ئەمەریکا بەجۆرێک قوتی نەدا وڵاتی بیر بچێتەوە. کە تەلەفونی بۆ دەکردم دەتگوت تازە لە نیشتیمان گەڕاوەتەوە و باسی هەواڵ و پرسەکانی ئەوێی لەگەڵ دەکردم، بەسەرهات و چیرۆکەکانی نیشتیمان لە هەموو پەیوەندیەکماندا ئامادەبوو. هەردوکمان بە قسەکردن و باسی وڵات هاودەردیەکمان دەدۆزیەوە، کە دەبوو بە سوکنایی و وزەیەکی گەورە بۆ بەردەوام بوون لە ژیان. بەداخەوە ئەمڕۆ بە هەواڵی کۆچی دوایی، زانیم کە ئیدی من یەکێک لە هاودەرد و هاوڕێ ئازیزەکانم لە دەستداوە، کە هەمیشە پەیوەندیەکانی ئارامی و خۆشی پێدەبەخشیم. ئەو بۆنی نیشتیمانی لێدەهات کە چیدی بە کۆچی دوایی بۆنی ناکەم.
ئەمڕۆ یەکێکە لە خەمناکترین رۆژەکانی ژیان کەتیایدا هاوڕێیەکی دێرین و هاودەردێکی راستەقینەم لەدەستدا. ئێدی هەرگیز دەنگی نابیستمەوە لێم بپرسێت هەردی ئاگات لێیە چیبووە؟ بەڕای تۆ باش ئەبێت یان خراپ؟ ئێمە چیمان پێدەکرێت؟ و لەسەریەک ڕووداوەکانی نیشتیمانم بۆ باسبکات و بەیەکەوە بێزاری یان خۆشحاڵی خۆمان لەدەست بارودۆخەکە دەربڕین.
ئێستا کە ئەم ڕستانە دەنووسم، هێشتا ناتوانم بڕوا بکەم بەڕاستی ئیدی دەنگی تۆ نابیستم و بەیەکەوە بەسەرهاتەکان بۆ یەک ناگێڕینەوە. لە دوای تۆووە هەستدەکەم زۆر تەنیاتر دەکەوم لەوەی ئێستا هەم. خوات لەگەڵ هاوڕێ گیان. تاکە دڵخۆشیم ئەوەیە کە دڵنیام تۆ ناوێکی جوان و پاکت لە دوای خۆت بەجێهێشت کە دەبێتە نموونە و سەرمەشق بۆ کەسانی دی بۆ ئەوەی هەوڵبدەن وەک تۆ بژین، وەک تۆ خەمخۆر و وەک تۆ نێشتیمان دۆست بن. خوات لەگەڵ هاوڕێ گیان و ڕۆحت شاد.
PM:11:29:30/03/2025
ئهم بابهته 1628
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی