ئەمەیە چێژو لەزەتی دانیشتنە خێزانییەکانى ڕۆژى جەژن
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
ڕۆژانى جەژن دانیشتنە خێزانییەکان تام و چێژ و خەسڵەتێکی تایبەتیان هەیە ، هەموو ئەندامانى خێزان و بنەماڵە بەیەکەوە کۆدەبنەوە ، هەر لەو کەسەوە کە دکتۆراى لە ( فەلسەفە و کەلام )دا هێناوە تا دەگاتە ئەوەی شڵەژاوە و پێی وایە کلیلەکانى گیرفانی وون کردووە لەکاتێکدا کلیلەکان بە دەستیەوەن و یارییان پێدەکات ، لەولاوە چا و شەربەتەکان دادەنرێن و میوە و خورما و خواردنە تایبەتەکانیش لەپاڵ یەکتردا ڕێکدەخرێن !
لەکت و پڕێکدا دەرگاى قسە دەکرێتەوە هەروەک چۆن دەرگای پەنجەرەکان بۆ هاتنە ژوورەوەی هەواى پاک واڵا دەکرێن!! بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە هەواى پەنجەرەکان بوژێنەرەوەن , بەڵام قسە و باسەکانى دانیشتنەکانى جەژن سەرسام هێنەرن ، لەڕۆژانى جەژندا هەمووان پێکەوە دادەنیشن و شوێنی خۆیان دەگرن بێ ئەوەی پێشتر شوێنی تایبەتیان بۆ خۆیان گرتبێ و تەرتیباتی پڕۆتۆکۆڵیان ئەنجامدابێت.
گەورە فەتوا دەدات و بڕیار دەردەکات ، بچووکەکانیش کۆمێنت دەدەن ، میوانەکانیش لەو نێوانەدا بوونەتە بەشێکی نیقاش و بابەت و قسە و باسە گەرمەکان ! بابەتەکان سەرەتا بەچیرۆکی بوکی دراوسێیەکى نەناسراو دەست پێدەکەن ، دوایی سەردەکەون و باز دەدەن بۆ نرخی مانگا و گوێرەکە و بزن و مەڕو ماڵات! ئینجا دەگۆڕێ بۆ نرخی دۆلار و تمەن و دینارو پاوەن ، دواتر هەر بەهێواشی سەردەکێشێ بۆ سیاسەت و ئەمریکا و غەززە و حەماس و ڕۆژئاواى کوردستان و موچە و لێدان لە کورە ئەتۆمییەکانى ئێران ، وەک ئەوەی چارەنووسى ئێمە و دنیا و میللەتان هەمووی لەسەر ئەم بابەت و باسانە وەستابێ! لەکتوپڕێکدا یەکێک لە ئامادەبووان وەک ئەوەی -- ئیبنو خەلدون -- مان لێدەرکەوتبێ باسى بیرۆکەی تایبەتی خەوتنی دواى ئێوارانمان بۆ دەکات ، لەلایەکی ترەوە یەکێک قسە دەبڕێ و باسى حەزو ئاواتێکی گەورە دەکات کە بریتیە لە : بەخێوکردن و پەروەردەکردنی هەنگ لە حەوشەى دواوەی ماڵەوە ، ئینجا باس دەبێتە باسى یارییەکی کۆنی نێوان (بەرشەلۆنە و ڕیاڵ مەدرید)!! یەکێک باسی کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەر دەکات ، یەکێک باسى شکانى بازاڕی خانوو عەقار دەکات ، لە لەحزەیەکدا یەکێکی تر هاوار دەکات مۆز بخۆن ، مۆز زۆر باشە بۆ کەمکردنەوەی قەلەقى و ئارامی دەروونی! قسەکان کۆتاییان دێت و هەمووان بێدەنگ دەبن و ئارامی باڵ دەکێشێ ، بەڵام لەچرکەساتێکی چاوەڕوان نەکراودا منداڵێک لەسەرخۆو هێمنانە و جیاواز لەگەڵ ئاست و تەمەنی خۆی دەڵێ : خوا قەبووڵى بکات! ئەى جەژنانە کوا؟!
باسەکان و چیرۆکەکان هیچ پەیوەندیەک لەنێوانیاندا نیە ، هیچ ڕێزبەندییەکیان تێدا نیە ، هیچ ئەنجامێکیان نیە ، کەش و هەواکە سەیرو سەمەرەیە ، بەڵام زۆر زیندووە ، هیچ قسەیەک ڕێخۆشکەر نیە بۆ قسەیەکی تر بەڵام ئاڕاستەیەک دەدرەوشێنێتەوە ، یان کۆمەڵێک دەهێنێتە پێکەنین ، یان بزە بۆ لێوی چەندان کەس دەگێڕێتەوە کە ماوەیەکی دوور و درێژ غائب بووە!
سەیرکەن.... لەگەڵ ئەو هەموو قسە و باس و چیرۆک و هات و هاوارەدا کەس نابینی سکاڵا بکات ، هەمووان دڵیان خۆشە ، هەمووان قسە دەکەن ، کەس نیە گوێ بگرێ کە ئەمەیە کۆڕ و دانیشتنەکانى جەژنی تایبەت و خۆشترو گەرم و گوڕتر کردووە ! ئەو کۆڕ و دانیشتنانەى کە (ئەحمەد زەییات) گەورە ئەدیب و نووسەری گەورەی میسرى بەمشێوەیە گوزارشتیان لێدەکات و دەڵێت :
( زۆر زەحمەتە قسە و باسە پەرش و بڵاوەکان کۆبکرێنەوە و ڕێکبخرێن ، کاتێک ئەو قسە و باسانە لە کەسانێکەوە بن کە باوەڕیان بەهیچ یاسا و ڕێساو ئەتەکێت و بنەمایەکی نیقاش و گفتوگۆ و قسەکردن نەبێ! هیچ باوەڕێکیان بە ئەمانەتى مێژوو نەبێ ، وردەکاریى گێڕانەوەکان و ڕووداوەکان ئاگادارنەبن و شارەزا نەبن ، هیچ مافێک نەدەنە قسەکەر کاتێک قسە دەکات قسەکەی تەواو بکات ، یان بیروبۆچوون و ڕاى خۆى دەرببڕێ ، قسە و باس و چیرۆکی نێو ماڵان لە دانیشتنەکانى ڕۆژانى جەژندا وەک چریکە چریکەی چۆلەکە و باڵندەکان وایە لەنێو دارودرەختی باخ و بێستانەکان ، هەر چۆلەکە و باڵندەیەک بۆ خۆى دەخوێنێ ، هیچ یەکێک گوێ لەوی تریان ناگرێ!)
ئەم دانیشتنانە هیچ جۆرە زانیارییەکت پێنابەخشن ، بەڵام گەرم و گوڕو چالاکت دەکەنەوە ، گەشە بە ڕاوبۆچوونەکان نادەن ، بەڵام پلە و ئاستی خۆشەویستی بەرزدەکەنەوە! جگە لەوەی ئەو هات و هاوارو قسە و دەنگە بەرزو چیرۆکە عەفەویانە تام و چێژێکی تایبەتی خۆیانیان هەیە! لە گەرمەی ئەم مشتومڕانەدا ، ئەم دانیشتنە بە کۆمەڵانەدا ، ئەم باس و خواس و قسە پچڕپچڕانەدا سەکینەت و ئارامییەکی بێ وێنە هەست پێدەکرێ کە وەسف ناکرێ ، شەرح ناکرێ ، هەروەک چۆن خوێندنی باڵندەکان ، چریکە چریکەی چۆلەکەکان فەوزایەکە و ماناکەى نازانرێ ، بەڵام لەزەت و خۆشی و ئارامی بە گوێکانمان دەبەخشن.
PM:08:48:30/03/2025
ئهم بابهته 1064
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی