ئەو موعجیزانەی لە توانای بەشەردان!؟

‌دلێر محەمەد نوری

ئاشکرایە کە هەموو کتێبە ئاسمانییە پیرۆزەکان، کۆکن لە بارەی ئەوەی کە موعجیزەکان تەنها کاری خالقە. لێرەدا ئەپرسین ئاخۆ چ کارێک کە لە دەستی بەندەکان دێت و کە ئەگەر بکرێت تام و چێژ و بەهای موعجیزەیان هەیە؟

لەم ڕۆژانەدا فیلمێکی نایابم بینی کە هەرکەسێک بە دیقەتەوە تەماشای بکات، لە گەلێ دەرگای نەکراوەی مێشک دەدات. بە تایبە لە بیرکردنەوەی مرۆڤ بۆ جیاوازی لە نێوان کردەوەکانی خۆدی مرۆڤ خۆی و خودادا.

Bruce Almighty

پاڵەوانی یەکەمی ناو فیلمەکە ناوی برووس و فیلمەکەش بە ناونیشانی "برووسی بان سروشتی" بەواتا برووسی توانا سەرووسروشتی. ئەم فیلمە لە ساڵی ٢٠٠٣ لە لایان تۆم شادیاک دەرهێنراوە.

فیلمەکە هەم کۆمێدی و هەمیش جۆرێک لە فەنتازیای تێدایە لە پێناو گەیاندنی پەیامێکی گرنگدا. کورتەی فیلمەکە باس لە ڕووس دەکات کە ڕۆژنامەنووسی کەناڵێکی تەلەفزیۆنییە و بە هۆی بەدبەختی و هەندێک هەڵە لە پەخشی ڕاستەوخۆدا لە کارەکەی دووردەخرێتەوە. برووس هەست دەکات کە بەدبەختە لە هەموو ڕوویەکەوە و لە دۆخێکی توڕەبووندا هاوار بۆ خودا دەهێنێ کە دەبێ وەڵامی ئەو بەخت ڕەشییەی بداتەوە. لەم کاتەدا خودا پەیوەندی پێوە دەکات و بۆ ماوەی هەفتەیەک ڕۆڵەکەی خۆی پێ دەبەخشێت و هەموو دونیا ئەکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی برووسەوە و تەنها یەک شت نەبێت ئەویش ئیرادەی ئازادی مرۆڤەکانە کە ئەم توانای بە سەردا ناشکێت. لەم ماوەیەدا برووس تۆڵە لە ناحەزەکانی و لەوانە دەکاتەوە کە بوونە هۆی ئازاردان و دەرکردنی لە کارەکەی. هەندێ ڕووداویش دەخولقێنێ تا زیرەکی خۆی نیشانی دونیا بدات. هەر بۆیە دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی بە سەرکەوتوویی و بەڵام خۆشەویستیی دەستگیرانەکەی لە دەست دەدات. هەروەها وەڵامی هەموو نزاکانی خەڵکیش بە ئەرێنی ئەداتەوە و ئارەزووی هەموویان لە یەک کاتدا بە جێ ئەهێنێت. بەمەش کارەساتێکی گەورە دەخوولقێنێ بە تایبەتی بۆ کۆمپانیاکانی لۆتۆی پارە بردنەوە. هەر بۆێە برووس تووشی بێزاری و وەڕس بوون دەبێت لە ئەرکەکەی وەکو خالقێک و داوا دەکات کە خودا لەو ئەرکە بیبوێرێ. لە کۆتاییدا بۆی دەردەکەوێ کە کێشەی مرۆڤەکان خوداوەند نیە بەڵکوخودی مرۆڤەکان خۆیانن. بۆ ئەوەی هەم خودی مرۆڤەکان بە سەرکەوتن و بە ئارامی بگەن، دەبێ یەکتریان خۆش بوێ و چاکەی یەکتریان بوێ و هەوڵ بۆ ژیان بدەن و وەڕس نەبن. بەم جۆرە دەتوانن بگەنە ئامانجەکانیان.

لە یەکێک لە هەرە گفت و گۆ جوانەکانی ناو فیلمەکە لە نێوان ئەو ئەکتەری ئەمریکی "مورگان فریمان" کە بەرجەستەی زاتی خواداوەند دەکات لە گەڵ برووس کە ئەرکەی خوداوەندی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک گرتۆتە ئەستۆ...
مورگان فریمان (خوداوەند) بە برووس ئەڵێت: موعجیزە ئەوە نیە تۆ بە گۆچانێکی ئەفسوناوی ئاوێک دوو لەت بکەی، بەڵکو موعجیزە ئەوەیە دایکێکی تەنیا، بتوانێ ئاگای لە منداڵەکانی بێ و دوایان بکەوێت لە چالاکییە وەرزشییەکانیاندا، نەهێڵێت مێردمنداڵەکەی ئاڵوودەی مادەی بێهۆش کەربێت و هانی بدات لە خوێندن سەرکەوتووبێت.

ئەگەر منی خوداوەند هەموو نزاکانی مرۆڤ بەجێ بهێنم و هەمووان بگەنە هەموو ئامانجەکانیان، ئەوا ناکاتە ئەوەی کە ئەوان خۆیان خاوەن دەسەڵات و ئیرادەن و خۆیان ئەو کارەیان ئەنجام داوە. ئەگەر تۆ ئەتەوێ ئەزموونی موعجیزە بکەی، دەبێت، دەبێت خۆت بە توانای خۆت ئەو کارە بەدی بێنیت نەک داوا بکەی من بۆت بەدی بێنم.

لێرەدا کەسێتی خودا بە پەیژەیەکدا سەردەکەوێ و برووس جێدەهێڵێت...برووسیش داوا دەکات جێی نەهێڵێ نەکا پێویستی بە یارمەتی خودا بێت! خوداش پێی دەڵێت: ئەوە کێشەی خۆتە، تۆ ئەتوانی کاری خۆت بگەیێنیتە جێ، ئەوە کێشەی هەمووتانە ئێوەی مرۆڤ، کێشەکانتان چارەسەر ناکەن و تەنها تەماشای سەرەوە دەکەن.

ئەم فیلمە بۆ کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی ڕۆژئاوایی نووسراوە و دەرهێنراوە. لە کاتێکدا ئەوان تا ڕادەیەک لە کاروباری ڕۆژانەیان، هێندەی خۆیان بیردەکەنەوە و چارەسەر دەدۆدزنەوە، ئەرکەکانی خۆیان ناسپێرنە ئاسمان. کە هەر ئەمەشە نیشانەی پێشڕەفتن و سەرکەوتنیان.

کورد و عەرەبەکانیش لە خستنەوەی مناڵی زۆر، هەمیشە دەڵێن خودا رزقیان دەدات، ڕۆژئاواییەکان بەر لەجووت بوون بە نیازی زاوزێ، هەزار پلان بۆ مناڵی چاوەڕوانکراو دادەنێن و ئەرکی رزقدانی ئەو مناڵە ناخەنە ئەستۆی ئاسمان.

ئیمامی عەلی دەڵێت: وەها کار بۆ دونیات بکە، وەکو ئەوەی بۆ هەتایە بژیت...هەرچەند ئیمامی عەلی ئەمەی بۆ ڕۆژهەڵاتیەکان وتووە بەڵام ڕۆژئاواییەکان کاری زۆر پێدەکەن.

بە کورتی و کرمانجی لە ناو فەوزای ئیمانی نا ئیمانیی ڕۆژهەڵاتدا، پیاوانی ئایین هێندەی باوەڕدارانیان بە نزاوە سەرقاڵ کردووە، مرۆڤەکانیان وا بێ دەسەڵات کردووە کە هەموو ئەرکی ڕۆژانەی خۆیان بخەنە ئەستۆی ئاسمان و بیانکەن بە مرۆڤی دەست و پێ سپی لە چاوەڕوانی موعجیزەی ئیلاهیدان بۆ رزقی مناڵ و بۆ مووچەی بڕدراو و لابردنی دیکتاتۆر و چارەسەری نەخۆشی و نەهێشتنی هەژاری و...هتد، هێندە بە گوێی ئیمام عەلییان بکرایە له کارکردن بۆ دونیای خۆیان، ئێستا هەمووان جۆرێک لە موعجیزەی بەشەرییان دروست کردبوو لە گۆڕانکاری لە ژیانی ڕۆژانەیاندا. بە کورتی ئەوەندەی دەست بەرەو ئاسمان بین بۆ نزاو و بۆ داواکاری، با نیو ئەوەندە دەست بەرەوخوار لە هەوڵی بیرکردنەوە و چارەسەری کێشەکانمان بین لە سەر زەوی. ئیتر بە نیازی دیدارتان بەو فیلمە


PM:12:06:30/03/2025

ئه‌م بابه‌ته 668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی