سەرگوزەشتەی رەوەندێکی ئەکادیمی لەبارەی راپەڕینەوە
د. سەڵاح عەزیز
د. سەڵاح عزيز
سی و چوار ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یادکردنەوەی ڕووداوێکی گەورە لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا بەشێوەیەکی گشتی وکوردستان بەشێوەیەکی تایبەتی، ئەو روداوەیە کە ناسراوە بە"ڕاپەڕینی کوردستان" لای کوردەکان و بە"ڕاپەڕینی شەعبانی" لای شیعەکان لە عێراقدا. کە کۆمەڵ ڕاپەڕینێکی جەماوەرییە لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و شارەکانی کوردستان هەڵگیرساوە. گومان لەوەدا نییە ئەو نەوەیەی بەشداری ڕاپەڕینەکەی کرد ووردەکارییەکانی ئەو ڕووداوانەی لەیادە کە شارەکانیان بەخۆوە بینیوێتی .وەلەگەڵ ئەوەشدا، تا ئەم ساتەوەختە لەم بارەوە نوسینێکی کەمیی بێلایەنانە بەدیدەکرێت کەئەم ئەزموونەی لەخۆگرتبێت لەلایەن هاوڵاتیانی ئەو شارانە و رەوەندە کوردەکانەوە.
ئەو کات لە زانکۆی ویلایەتی فلۆریدای پایتەختی تلاهاسی کارم دەکرد، لەو قۆناغەدا چالاکوانێکی سیاسی کورد و ئیسلامی بووم (بێ ئینتمام بۆ هیچ پارتێکی سیاسی) هاوبەشی خەم و ئاواتەکانی گەلەکەم دەکرد. بۆیە کاتێک عێراق لە ٢ ی ئابی ١٩٩٠ کوەیتی داگیر کرد هەستم بە دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکرد ، چونکە سەرکەوتنی ڕژێمی عێراق لە داگیرکردنی ووڵاتێکی دەوڵەمەند سەرچاوەیەکی بەهێزی زیاتری بۆ دەڕەخسێنێت کە ڕووبەڕووبوونەوەی بۆ کورد زەحمەت دەبێت، بەتایبەتی دوای شاڵاوەکانی ئەنفال کە بووە مایەی کوشتن وکۆچکردنی سەدان هەزار دانیشتووانی کوردستانی عێراق . بەڵام ڕووداوەکانی عێراق و کوردستان لە نێوان تشرینی یەکەمی ١٩٩٠ و ئایاری ١٩٩١ بە شێوەیەکی دراماتیکی گۆڕانی بەخۆوە دی.
لەناوخۆی کوردستانەوە زانیاریی هەنوکەییم پێنەدەگەیشت، بۆیە سەرچاوەی سەرەکی زانیاریم بریتی بوو لە ئێزگە ڕۆژئاواییەکان، وبەتایبەتی بی بی سی بەریتانی کە بەشداریم تێیدا هەبوو. سەرەڕای ئەوە، بەشێوەیەکی کەسیی درەنگ زانیارییەکانم وەردەگرت لە پارتە سەرەکییە کوردییەکانەوە: یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان ،و بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان. لە ڕێگەی ئەو سەرچاوانەوە، ئاشکرا بوو کە لە ناوەوە ودەرەوەی شارە گەورەکان خەباتکردن هەبوو. شاڵاوەکانی ئەنفال (١٩٨٧-١٩٨٩) و دڕندەیی ڕژێمی عێراق بووەهۆی کەمبوونەوەی چالاکییەکانی پارتە سیاسییەکان لەلایەک ،و سەرکوتکردنی نیگەرانی و تووڕەیی گەورە لای خەڵک ،چاوەڕوانی کاتێکی گونجاویان دەکرد بۆ تەقینەوە.
لە پایزی ساڵی ١٩٩٠، لە شارەکانی ئەمەریکاوە بانگهێشت دەکرام بۆ وانەوتنەوە لەسەر دۆزی کورد. کوردێکی کەمینە بووین کە دەمانتوانی بە زمانی ئینگلیزی وانە بڵێینەوە تایبەت بە پرسی کورد. دەستمان کرد بە نوسین وقسەکردن سەبارەت بۆردومانکردنی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمەوە (١٩٨٨) وشاڵاوەکانی ئەنفال ودڕندەیی ڕژێم، وەک ئەوەی ئەو ڕووداوانە ڕوویاندابێت یان هاوکات بن لەگەڵ داگیرکردنی کوەیتدا!
دوای دەستپێکردنی شەڕی ئازادکردنی کوەیت ڕووداوەکان خێراتر بوون، کە بە شاڵاوی "گەردەلوولی بیابان" ناسرا ولەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان، بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە کانوونی دووەمی١٩٩١سەرکردایەتی دەکرد. جەنگەکە زۆری نەخایاند ولە کۆتایی مانگی شوباتی هەمان ساڵدا بە سەرکەوتنی هاوپەیمانان کۆتایی پێهات. سەرنجی میدیاکانی ڕۆژئاوا و ووڵاتانی نیمچە دوورگەی عەرەبی سەبارەت چەوساندنەوەی گەلی کورد لە ژێر دەسەڵاتی حزبی بەعسی سۆسیالیستی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن بووەهۆی بەرزکردنەوەی ورەی چالاکوانان و پەرۆشی کورد لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، وباوەڕبوون بە کۆتاییهاتن بە سەردەمی تاریکی لە مێژووی کوردانی عێراقدا ، بەتایبەتی کاتێک ئەمریکا هانی ڕاپەڕینێکی ناوخۆییدا دژی سەدام حوسێن پاش کۆتایی هاتنی جەنگ وسەرکەوتنی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی.
دۆڕانی عێراق لەجەنگ وبانگەوازی ئەمریکا بۆ گەلی عێراق سەبارەت ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن بووەهۆی دوو جووڵە لە یەک کاتدا: (أ) ڕاپەڕینی شارەکانی باشووری عێراق و شارەکانی کوردستان ،و (ب) بڕیاری بەرەی کوردستانی و ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق بۆ کۆبوونەوە وڕێکەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی داهاتوو لە عێراقدا.
ئەم ڕووداوانە مایەی دڵخۆشیم بوون ،چونکە سەرەڕای دووریم لێی ،لەناو ڕووداوەکەدا دەژیام. پێموابوو ئازاد دەبم لە گەڕانەوەم بۆ عێراق وکوردستان ،و دەستمکرد بە خەونبینین بە بونیادنانی نیشتیمانێکی دوور لە چەوسانەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو شتانەی جەنگ وێرانی کردبوون. لە یەک کاتدا دوو بانگێشتم پێگەیشت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە بەیروت کە لە ١٠ - ١١ی ئازاری ١٩٩١ دەستیپێکرد. حکومەتەکانی ناوچەکە ئاسانکاری و پارەیان بۆ گەشتەکەمان دابین کرد. (دواتر بە ووردی باسی کۆبوونەوەکانم دەکەم لەگەڵ لایەنە کورد وعێراقییەکان .)
لەماوەی کۆنفرانسەکە وڕۆژانی دواتردا، زۆربەی هێزە سیاسییەکان بڕوای تەواویان بە ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن هەبوو. ڕووداوەکانی ناو عێراق بەخێرایی دەگۆڕان ،بۆیە ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لەسەر ئامانجی ڕووخانی ڕژێم ڕێکەوت وناکۆک بوو لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردن و بەشە میراتەکەی ڕژێم بەجێی دەهێڵێت . ئەوەش بووەهۆی گومانکردنی ووڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا لە توانای ئۆپۆزسیۆنی عێراقی تا ببێتە جێگرەوەیەک بۆ ڕژێم ،و رێگر نەبوو کە ڕژێمی سەدام حوسێن هێزی سەربازی بەکاربهێنێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی ڕاپەڕینەکانی شارەکانی باشوور.
حزبە کوردییەکان (جگە لە بزووتنەوەی ئیسلامی لەکوردستان) لەژێر چەتری "بەرەی کوردستانیدا "کاریان دەکرد، کە شەرعییەتیان پێدەدا نوێنەرایەتی کورد بکەن لەبەردەم ڕای گشتی و سیاسەتمەدارانی ووڵاتانی ڕۆژئاوادا. لە هەفتەی یەکەمی ئازاری ١٩٩١ەوە، شارە کوردییەکان دەستیانکرد بە "ئازادبوون" لە هێزەکانی ڕژێمی عێراق. له کۆتایی هەفتەی دووەمی مانگی ئازاردا ،سەرکردە کوردەکان ئازادکردنی ٦٠٪ی کوردستان-عێراقیان ڕاگەیاند. دواتر تورکیا دژی بەرەی کوردستانی جوڵایەوە وهەوڵیدا کاریگەری لەسەر ووڵاتانی هاوپەیمانان هەبێت کە پشتگیری کوردستان نەکەن. لەسەر ئەو بنەمایە بەرە نیازی خۆی ڕاگەیاند کە دەوڵەتی سەربەخۆ ڕانەگەیەنێت. ئەم ڕاگەیاندنە بۆ من بێزارکەر بوو ،چونکە پێشبینی ئەوەم دەکرد کەهەلومەرجی لۆجستی کوردستان وهاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژ بە ڕژێم یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بەڵام سەرکردایەتی کورد بۆچوونێکی جیاوازی هەبوو. دوای کۆنفرانسەکە، گەڕامەوە بۆ فلۆریدا، هیوای کۆتایی هاتنی ماوەی نامۆییم بۆ خۆم خواست، ودەستمکرد بە ئامادەکردنم بۆ گەشتی گەڕانەوە. (ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلم لەسەر ووردەکارییەکانی ڕاپەڕینەکە ئامادەکرد، لە گۆڤاری ئاڵای ئیسلام ،ژمارە ٢-٥، تەمموزی ١٩٩١، لاپەڕە ٩-١٥) بڵاوکرایەوە.
لە کۆتایی مانگی ئازاردا، ئێزگەکان لە باشوور وباکوور هەواڵی پێشڕەویی هێزە عێراقییەکانیان بڵاوکردەوە. لە کۆتایی هەفتەی یەکەمی مانگی نیساندا ،راپۆرتی میدیاکان باسیان لە ئاوارەبوونی نزیکەی یەک ملیۆن دانیشتووی کوردستان دەکرد بۆ سنوورەکانی ئێران و تورکیا پاش ئەوەی هێزە عێراقییەکان "باکوور" یان کۆنترۆڵ کرد. خۆشی گۆڕا بۆ خەمێکی گەورە ،و لە سنوورەوە وێنەی پەیامنێران یادەوەری شاڵاوەکانی ئەنفالیان بە مێشکمدا هێنایەوە ،راپۆرتەکان هەواڵی مردنی سەدان کەسیان دەگواستەوە لەئەنجامی مین وبرسێتی وسەرما . بەم شێوەیە پلانەکانم گۆڕا لە گەڕانەوەم بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ ڕزگارکردنی پەنابەران لەسەر سنوور.
لە مانگەکانی شوبات، ئازار و نیسانی ١٩٩١، ڕووداوەکان بە خێراییەکی زۆر گۆڕان کە لێکدانەوەی لۆژیکی تێدەپەڕێنێت. بڕیاری کۆمەڵەی ئیسلامی بۆ خوێندکارانی کوردستان خێراکردنی هاوکاری بوو بۆ پەنابەران لەسەر سنوور. هەوڵی ئەندامانی کۆمەڵەکە چڕبووەوە لەکۆکردنەوەی زۆرترین پارە لە مزگەوتەکانی ئەمریکا و کەنەدا و بەریتانیا و گەشتکردن بۆ سنوورەکانی ئێران و تورکیا. من سەرۆکی ئەو شاندە بووم کە ئەندامانی کۆمەڵەی کەنەدا، بەریتانیا و ئەمریکای لەخۆگرت. (ڕاپۆرتێکم بڵاوکرایەوە لە لاپەڕەکانی ١٦-٢٢ی هەمان ژمارەی "ئاڵای ئیسلام") نامەوێت باسی ووردەکارییەکان بکەم چونکە لە چەند سەرچاوەیەکدا تۆمارکراو ووێنەگیراوە.
لە پایزی ساڵی ١٩٩١، لە کۆبوونەوەیەکدا بووم تایبەت بە سەنتەری خزمەتگوزاری توێژینەوەی کتێبخانەی کۆنگرێس لە واشنتن دی سی پایتەخت لەگەڵ ژمارەیەک لە توێژەرانی پسپۆر لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یەکێکیان مامۆستا بوو لە کۆلێژی جەنگی سوپای ئەمەریکا پرسیاری لێکردم ڕوونی بکەمەوە کە چی ڕوویداوە لە دەرەوەی هەست و سۆز و هەواڵەکانی کە ئاژانسەکانی هەواڵ گواستیانەوە. هەوڵمدا پرسیارەکە دیاری بکەم ،و پێم ووت من لە ڕاپەڕیندا نەبووم، بۆیە وەڵامەکەم کورت دەبێتەوە لەو چیرۆکانەی لەلایەن کەسانێکەوە پێم دەگوترا کە بەشداری ڕاپەڕین بوون و ئاوارەی سەر سنوور بوون. وەئەم چیرۆکانە زۆر جار لەیەک دەچن: تووڕەییەکی جەماوەرییە دەرئەنجامی ستەمی ساڵانێکی درێژ ، بۆشایی ئاسایشی عێراق، هاندانی ئەمریکا ،و هەڵخەڵەتاندنی میدیا سەبارەت بە ڕووخانی ڕژێمی سەدام.
بە پرسیارێک وەڵامی دامەوە : ئایا لە ئاین و دابونەریتی ئێوەدا ڕاپەڕین لە دژی ستەمکار بەڵگەی ئازایەتییە ؟ پێم گووت بەڵێ. پاشان ووتی: کەواتە بۆچی بەرگری لە خاکەکانتان ناکەن لەبەرامبەر سوپایەکی دۆڕاو کە فڕینێکی بەهێزی نییە؟ پێم ووت نازانم، چونکە من لەوێ نەبووم. لە بڕیاری خۆمدا ،سەرکردایەتی کورد پێشبینی روودانی ڕاپەڕینی نەئەکرد، بۆیە پلانی نەبوو بۆ بەرگریکردن لەو ناوچانەی ئازادی کردبوو ،وە لە کۆتاییدا توانای بەڕێوەبردنی قەیرانی پەنابەرانی نەبوو. بەڵام لەوانەیە لە وەڵامەکانمدا هەڵە بم ،وهیوادارم ئەوانەی بەشداربوون لە ڕاپەڕین و ڕزگاری وکۆچکردنی بەکۆمەڵ دەربارەی ڕووداوەکان بنووسن بۆ ئەوەی وەک گەواهیدەرێک بمێنێتەوە بۆ ڕووداوێکی گەورە کە ڕەنگە چەندین دەیە هاوشێوەی دووبارە نەبێتەوە .
دوای ٣٤ ساڵ لە ڕووداوەکە، ئەم پرسیارانە بێ وەڵامی مەنتقی دەمێنێتەوە!
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: کنێر عەبدوڵا
AM:11:14:19/03/2025
ئهم بابهته 876
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی