خوێندنەوەیەک بۆ ڕێکەوتنی شەرع - عەبدی

‌د. سەڵاح عەزیز

لە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥دا، سوریا واژۆکردنی رێکەوتنێکی مێژوویی بەخۆوەدی لە نێوان سەرۆک ئەحمەد شەرع ومەزڵوم عەبدی ،کە لە ڕێی میدیا ناوخۆیی ونێودەوڵەتییەکانەوە ڕاگەیەندرا. ئەم ڕێکەوتنە  کە هەشت خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت گەشەسەندنێکی گرنگە لە دیمەنی سیاسی ئاڵۆزی سوریادا ،بەتایبەتی دوای دەیەیەک زیاتر لە ململانێی خوێناوی. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕێکەوتنە پرسیارگەلێک دەوروژێنێت سەبارەت رادەی توانای بەدیهێنانی سەقامگیری لەژێر سێبەری ئەو ئاڵەنگارییە گەورەیەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە ،و ئەزموونە مێژووییە شکستخواردووەکانی ڕێکەوتننامە هاوشێوەکانی، وەک ڕێکەوتنی ١١ ی ئازاری ١٩٧٠ ی نێوان حکومەتی عێراق وپارتی دیموکراتی کوردستان.

لەبەر ڕۆشنایی بارودۆخە نادیارەکانی سوریا بەهۆی گەشەکردنە خێراکانەوە، مەزڵوم عەبدی ناچاربوو ڕووبەڕووی هەڵبژاردە قورسەکان ببێتەوە بۆ زامنکردنی سەقامگیری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات. وە لەلایەن شیکەرەوە و چاودێرانەوە بەندەکانی ڕێکەوتنەکە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە ، هەندێکیان بە هەنگاوێک بەرەو ئاشتی دەیبینن ،لەکاتێکدا هەندێکی تر گومانیان هەیە لە توانای ئەو رێکەوتنە بۆ بەرگەگرتن لەبەردەم ئاڵەنگارییەکانی هەن.

خاڵە سەرەکییەکانی رێکەوتنامەکە 

بە بۆچوونی من مەزڵوم عەبدی دەبوو ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرێت:
١.  جەختکردنەوە لەوەی ڕێکەوتنەکە واژۆکراوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع ،وەک سەرۆکی دەستەی ئازادی  شام وسەرۆکی سوریا لە قۆناغی گواستنەوە  بۆ زامنکردنی دانپێدانانێکی  فەرمیی وداهاتووی رێکەوتننامەکە.

٢.  بەدەستهێنانی دانپێدانانی فەرمی لە حکومەتی سوریا  بە هەموو مامەڵە و ڕێوشوێنەکانی خۆبەڕێوەبەری جێبەجێیکردووە لە ماوەی حوکمڕانییەکەیدا، بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی یاسایی و کارگێڕی ناوچەکە.

٣. دانانی  چوارچێوەیەکی کاتی و میکانیزمێکی ڕوون بۆ یەکخستنی دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا، لەگەڵ دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ دەستەبەرکردنی ماف وئەرکی کارکردووانی ئەو دامەزراوانە.

٤.  زامنکردنی دانپێدانانی دەستوری سوریا  بە مافە کەلتوورییەکانی ناوچە کوردنشینەکان ، لەوانە مافی خوێندن و زمان وکەلتووری کوردی.

٥.دانانی خشتەیەکی کاتی ومیکانیزمێکی ڕێکەوتن بۆ رادەستکردنی سەرچاوە ستراتیژییەکانی ؛وەک بیری نەوت، سنوور وبەندیخانەکان، هاوکات لەگەڵ بەرەوپێشچوون لە جێبەجێکردنی بەندەکانی پێشوودا.

٦. ڕێکەوتن لەسەر میکانیزمێکی ڕوون بۆ ڕادەستکردنی چەک بە لایەنێکی دەرەکی بێلایەن لەکاتی تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قسد) لە سوپای سوریا دا ،بۆ زامنکردنی  بەکارنەهێنانی بەشێوەیەکی هەڵە لەلایەن لایەنەکانی ترەوە.

٧  . گەیشتن بە ڕێکەوتن سەبارەت پێگەی چەکدارانی بیانی لە ڕیزەکانی (قسد) ،لەوانە پێدانی ڕەگەزنامەی سوریا بەو کەسانەی مەرجەکانیان تێدا بێت ،هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ چەکدارانی بیانین لە ڕیزەکانی دەستەی ئازادی شامدا.

ئاستەنگە سەرەکییەکان

وێڕای گرنگی سترایجی رێکەوتنامەکە ،لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی ژمارەیەک ئاستەنگی جددی دەبێتەوە کە لەوانەیە ڕێگری لە جێبەجێکردنی بکات:

(1) چاوەڕوان دەکرێت ڕێکەوتنەکە لەلایەن گروپە ئایدۆلۆژییە توندڕەوەکانەوە ڕەتبکرێتەوە، چ ئاینی بێت یان نەتەوەیی، کە  ڕێکەوتنەکە بە هەڕەشە دەبینێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکان یان بیروباوەڕەکانیان.

(2)ڕەنگە لایەنە سیاسییە عەرەبییەکان رووبەڕووی قورسایی ببنەوە لە دانپێدانان بە مافە کەلتوورییەکانی ناوچە کوردنشینەکان ، لەترسی ئەوەی ببێتەهۆی هەڕەشە بۆ سەر یەکریزی دەوڵەت یان داواکارییە هاوشێوەکان لە گروپەکانی ترەوە.

(3)  زامنکردنی ئەوەی هەموو لایەنەکان پابەندبن بە ئاگربەستەوە ئاستەنگێکی گەورەیە، بەتایبەتی لەگەڵ چەندین گرووپی چەکداری و بەرژەوەندییە ناکۆکەکان.

(4)  زیادەڕۆیی لە جێبەجێکردنی سەروەری دەوڵەتدا لەوانەیە ببێتەهۆی پشتگوێخستنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری، کە گرژی و ناسەقامگیری دەخوڵقێنێت .

(5)  ڕەنگە هێزەکانی سوریای دیموکرات (قسد)  دوودڵ بن لە  بەشداریکردن لە دژایەتیکردنی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو ، لەبەر چەند هۆکارێکی پەیوەندیدار بە بەرژەوەندییەکانیانەوە یان هاوپەیمانێتییەکانی پێشوویان.

(6) زامنکردنی توانای  لیژنەکانی جێبەجێکردن بۆ چارەسەری پرسە هەڵپەسێردراوەکان بە شێوەیەکی پیشەیی ولەکاتی خۆیدا  ئاستەنگێکی گەورەیە، بەتایبەتی لە ژێر رۆشنایی بارودۆخە ئاڵۆزەکانی ئەمنی وسیاسی.

بەکورتی:

پێویستە هێزەکانی سوریای دیموکرات  لە چوارچێوەی پرەنسیپی "هێزی ماف"دا کار بکەن، بەتایبەتی کە لە ماوەی ڕابردوودا سەرکەوتوو بوو لە بەرەنگاربوونەوەی کردەوە تیرۆریستییەکان لەدژیدا و ڕێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا بەهۆی ئازایەتی و توانای یەکخستنی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بەئاگا بێت لە فاکتەرە ئاڵۆزەکانی کاریگەریان هەیە لەسەر جێبەجێکردنی هەر ڕێکەوتنێک ، بەتایبەتی لەلایەن ئایدۆلۆژیا دەمارگیرەکان و هێزە دەرەکییەکانەوە. 

پێویستە  لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم ئاستەنگانە لەبەرچاو بگرن و کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پراکتیکی و واقعیانە بکەن بۆ زامنکردنی سەرکەوتنی ڕێکەوتنەکە وهێنانەدی سەقامگیری لە سوریادا. ئەگەرچی ڕێکەوتنەکە هەنگاوێکی گرنگە ،بەڵام سەرکەوتنی بەندە بە توانای لایەنەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵەنگارییەکان بە نەرمی وژیرانە ،لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەموو لایەنەکان بەبێ فەرامۆشکردنی مافەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سوریا.

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: کنێر عەبدوڵا


PM:03:49:12/03/2025

ئه‌م بابه‌ته 1120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی