قوتابیانی قۆناغی (بەکالۆریۆس) تاکەی بەم دەردەوە دەناڵێنن؟!
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
بێگومان لەڕووی زانستیی و لۆژیكەوە ، هەروەها لە ئەنجامی توێژینەوە زانستییە كۆن و نوێكانەوە سەلمێنراوە كە توێژینەوەی زانستیی هەوڵێك و هەنگاوێكی وورد و ڕێكخراوو ڕەخنەگرانەیە ، هەروەها چارەسەرێكە بۆ زۆرێك لە كێشەكانی ژیان و كۆمەڵگە لە هەموو بوارو ئاستە جیاوازەكاندا ! هەر لەبەرئەمەیشە ( توێژینەوەی زانستیی ) بە یەكێك لە سێ ئەركە هەرە سەرەكییەكانی زانكۆ دادەنرێت.
ئەو گۆڕانكارییە گەورەیەی كە قوتابی هەستی پێدەكات كاتێك لە قۆناغی ئامادەییەوە دەچێتە قۆناغی خوێندنی زانكۆ بریتیە لە : نوسینی توێژینەوەی زانستیی سەبارەت بە گرفتێك یان هەر بابەتێك كە بەشە زانستییەكەی یان مامۆستاكەی بۆی دیاری دەكات یان بۆی پێشنیار دەكات ، ئەمەش شتێكی سەیرو نامۆ نیە كاتێك كە ئێمە بڕوامان وایە ( توێژینەوەی زانستیی ) یەكێكە لە وێستگە هەرە گرنگەكانی كاروانی پێگەیاندنی زانستیی و مەعریفیی قوتابیانی زانكۆ!
دیارە توێژینەوەی زانستیی توانای شیكردنەوە لای قوتابی گەشە پێدەدات و ، ئەنجام و ئیزافەی مەعریفیی نوێی بۆ زیاد دەكات و ، هونەری چۆنیەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ بارودۆخە جیاوازەكاندا پێدەبەخشێ ، هەروەها پاڵ بە قوتابیەوە دەنێ لە بەدواداچوونی بەردەوامدا بێ بۆ دیاردە و سروشتی گرفتە كۆمەڵایەتیەكان كە ڕۆژانە دەیانبینێ و لەگەڵیاندا دەژی! بەڵام ئەوەی ئێستا لەنێو زۆرێك لە قوتابیانی زانكۆكاندا بە تایبەت قوتابیانی قۆناغی (بەكالۆریۆس) هەستی پێدەكرێ ئەوەیە : ئەو توێژە هیچ بایەخ و گرنگییەك بە (توێژینەوە) نادەن و ، هۆشیارییەكی ئەوتۆیان نیە لەمەڕ گرنگی و سەنگ و قورسایی و كاریگەریی (توێژینەوە زانستییەكان).
قوتابی زانكۆ ئێستا وا هەست دەكات (توێژینەوەی زانستی) بارێكی قورسە بەسەر شانیەوە و بەهەر جۆرێك هەیە دەیەوێ لە كەمترین كاتدا لە كۆڵی خۆی بكاتەوە و ڕزگاری ببێ! ئەمە جگە لەوەی زۆربەی هەرە زۆریان هیچ تام و چێژێكی ڕاستەقینە لە نوسینی توێژینەوەكانیان نابینن.
بۆیە ئێمە وەك ژینگەی ئەكادیمیی ئێستا هەست ئەكەین پەیوەندییەكی نیمچە پچڕاو لەنێوان قوتابی زانكۆ و توێژینەوە زانستییەكاندا هەیە! ئەمەش وایكردووە دیاردەیەكی زۆر نەشیاو و ناپەسەند لەنێو قوتابیاندا سەرهەڵبدات كە بریتیە لە : پەنا بردنە بەر كەسانی تر بۆ نوسینی توێژینەوە زانستیەكان لەبەرانبەر بڕێك پارەدا ، یان دزین و كۆپی كردنی توێژینەوەی قوتابیانی ساڵانی ڕابردوو ، ئەم دیاردەیەش زۆر بە ئاسانی و بەشێوەیەكی زەق لەلایەن مامۆستایانی زانكۆوە یان ئەوانەی كە سەرپەرشتی توێژینەوەی ئەو قوتابیانە دەكەن هەستی پێدەكرێ.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە : بۆچی هەست بە لاوازیی لە ڕادەبەدەری قوتابیانی زانكۆ دەكرێ لە نوسینی توێژینەوە زانستییەكاندا لە هەر سێ ئاستی (بەكالۆریۆس و ماستەرو دكتۆرا)؟! بۆچی ئێمە ئێستاش كۆمەڵە قوتابیەكمان لەبەردەستدایە كە ئامادە نەكراون و توانای تەنانەت نوسینی ئەبجەدییاتی ئەو بوارەیان نیە و ، ئاشنای سەرەتایی ترین بنەماكانی توێژینەوەی زانستی نین ؟! بۆچی زۆربەی قوتابیان لە زانكۆكاندا پیشەیان بۆتە كۆپی كردن و گەڕان بەدوای توێژینەوەی ئامادەكراوی ئەوانی تردا تەنها لەپێناو دەرچوون و بەدەستهێنانی بڕوانامە؟! لە كاتێكدا زۆربەی زانكۆكان قوتابیەكانیان ناچار دەكەن بەخوێندن و پابەندبوون بە چەندین پرۆگرامی جیاجیا لەبواری ئامادەكردنی توێژینەوی زانستیدا؟!!
لە ڕاستیدا هەندێك لە قوتابیان وا هەست دەكەن ئەوەی لێیان داوا دەكرێ لە سەرووی وزە و توانای ئەوانەوەیە و ، ئەوان پێیان وایە هێشتا شارەزای بنەما سەرەكیەكان و سەرەتاییەكان و ئەدەبیاتی نوسینی توێژینەوەی زانستیی نین! بێگومان ئەگەر ئێمە بڵێین : تەنها قوتابی بەرپرسە و لاوازیی توانای قوتابیان ئەم قەیرانەی بەرهەم هێناوە ئەوا ستەم لە قوتابیان دەكەین ، چونكە لە ڕاستیدا كۆمەڵە هۆكارێك كە لە ڕابردوودا كەڵەكە بوون پاڵنەرن بۆ پەیدابوونی ئەم قەیران و دیاردەیە كە دیارترینیان ئەوەیە :
پڕۆسەی خوێندنی ئێستا لە چوارچێوەی سیستمێكی ئەوتۆدایە كە هیچ بایەخێكی ئەوتۆ بە توێژینەوە نادات ، هەروەها كۆی خودی سیستمی خوێندنەكە بەدەست پاشەكشەیەكی ترسناكەوە دەناڵێنێ لەبواری توێژینەوەی زانستیدا ، ئەمە نەك تەنها لە وڵاتی ئێمەدا بەڵكو لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش! تا ئەو ڕادەیەی دەبینین ئەو گرنگی پێنەدانە گەشتۆتە خوێندنی زانكۆ قۆناغی بەكالۆریۆس و ، تەنانەت هەندێ جار قۆناغی ماستەرو دكتۆراش.
لەلایەكی ترەوە زۆربەی ئەو مامۆستایانەی وانەی (توێژینەوەی زانستیی) دەڵێنەوە گرنگیی پێویست بە چۆنیەتی نوسینی توێژینەوە نادەن وەك بڵێی نوسینی توێژینەوە تەنها بۆ قۆناغی ماستەرو دكتۆرا بێت و بەس!
ئەوەی لێرەدا وەك هەنگاوی یەكەم گرنگە بایەخی پێ بدرێ ئەوەیە :
بیرۆكەی گەشەدان بە بواری نوسینی توێژینەوەی زانستیی لای قوتابیان گرنگی پێبدرێ ، قوتابیان هان بدرێن ئەم خاڵە زۆر بە هەند وەربگرن و هەمیشە لە هەوڵی بەرەو پێشبردنی تواناكانی خۆیاندا بن لە بواری نوسیندا ، چونكە چەسپاندنی ئەو بڕوایە لە هیزری قوتابیاندا كە : نوسینی توێژینەوە (هەنگاوێكی گرنگی پیگەیاندن و دروستكردنی كەسایەتی زانستیە) دەروازەیەكی هەرە گرنگ و سەرەكییە بۆ دروستكردنی پەیوەندی گەرمی نێوان قوتابی زانكۆ و توێژینەوە.
دواتر بەرپرسیارێتییەكە دەكەوێتە ئەستۆی زانكۆو كۆلێژەكان وەك دامەزراوە و ناوەندی مەعریفیی كە هانی قوتابیان بدەن بۆ نوسینی توێژینەوە زانستییە بەپێزەكان و بەخششی جۆراوجۆر ببەخشنە خاوەن نوسینە نمونەییەكان ، هەروەها مامۆستایانیش زەرورە ئەركی هاندانی قوتابیان لە ئەستۆ بگرن و قوتابیەكانیان ناچاربكەن بە ئامادەكردنی توێژینەوە زانستیەكان كە دەكرێ لەڕێی ئەو توێژینەوانەوە شیكردنەوەی سەرەتایی بۆ چۆنێتی نوسینی توێژینەوە بكرێ و ، ڕێگا زانستیەكان لەو بوارەدا ڕوون بكرێنەوە ، هەروەها قوتابیان ئاشنا بكرێن بە ڕێكارەكانی ئامادەكردنی توێژینەوە و ، ئاگاداربكرێنەوە لە خۆپاراستن لە كۆپیكردنی نوسینەكانی ترو پەنابردنە بەر كەسانی تر بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو ئەركە ئەكادیمییە!
لە كۆتاییدا دەبێ قوتابی وا تێنەگات ئەم ئەركە كە پێی دەسپێردرێ وەك بارێکی قورس وایە و دەبێت لە كات و ئان و ساتی دیاری كراوی خۆیدا ئامادەبكرێ و تەسلیم بكرێ و بگەیەنرێ ، بەمەش ئامانجە سەرەكییەكەی نوسینی توێژینەوەكەی لەبیر بچێ كە خۆی لە بەهێزكردنی زیاتری تواناكان و ، ئاشنابوون بە ئامڕازو ڕێكارەكانی ئامادەكردنی توێژینەوە دەبینێتەوە ، ئەمە جگە لەو قازانج و سوودە زانستییەی كە دەمانەوێ لە نوسینی توێژینەوەكەدا بەگشتی دەستمان بكەوێ.
PM:07:53:10/02/2025
ئهم بابهته 3992
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی