سێ پایه‌ی ده‌سه‌ڵات و كۆتاییه‌كه‌ی!
جەمال موحسین
ئه‌وه دوو هه‌فته‌یه به‌شێك له مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران له سلێمانی مانیان له خواردن گرتووه. خواستی سه‌ره‌كی ئه‌وان دانی موچه له كاتی خۆیدا و دابینبوونی ژیانیانه. ڕۆژی ٩ی فێبریوه‌ری به‌شێكی به‌رچاو له مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵكێكی ناڕازی كه پشتیوانی‌یان لێ ئه‌كردن، له سلێمانیه‌وه به‌ڕێكه‌وتن به‌ره‌و هه‌ولێر تاكو ناڕه‌زایه‌تیه‌كه‌یان ببه‌نه به‌رده‌م حكومه‌تی هه‌رێم. هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوانكراو بوو هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی سه‌ر به پارتی هه‌ر له دێگه‌ڵه جگه له‌وه‌ی كه سه‌ره‌تا هه‌وڵیاندا بڵاوه به خه‌ڵكی ناڕازی بكه‌ن و پێشیان پێبگرن له چوونه ناو هه‌ولێره‌وه، دواتر كه‌وتنه ڕشتنی گازی فرمێسك‌ڕێژ و ته‌قه‌كردن به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌دا. ئازاری خه‌ڵكیان دا، ده‌ستیان به‌سه‌ر كه‌لوپه‌لی ڕۆژنامه‌وانانێكدا گرت... به‌مجۆره ڕێگرییان كرد له‌وه‌ی ناڕازییان بچنه ناو هه‌ولێره‌وه و دواتریش هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانیان په‌نجه‌ی سه‌ركه‌وتنیان نیشانی زوومی كامێرا‌كان دا.
په‌یامێك كه ناڕازییان گه‌یاندیان جگه له پشتیوانی له مانگرتووانی سلێمانی و داخوازیه‌كانیان له دابینبوونی موچه و ده‌سته‌به‌ربوونی بژێوییان، ئه‌وه بوو كه ده‌سه‌ڵاتی به واقعی دوو زۆنكراو دوو دیوی یه‌ك دراون. سه‌وزباوه‌كان له‌ملا خۆیان وا نیشان ئه‌ده‌ن لایه‌نگری مانگرتووان و داواكانیانن و گوایه ئه‌ولا مافی ئه‌مانی خواردووه له‌كاتێكدا خه‌ریكی ساتوسه‌ودا و پۆستدابه‌شكردنن له حكومه‌تێكدا كه هێشتا نه‌یانتوانیوه دوای به‌ناو هه‌ڵبژاردن پێكیبهێنن. زه‌ردباوه‌كانیش وه‌ك هه‌میشه تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراو و سازكردنی ناوه‌ناتۆره‌ی’’تابوری پێنجه‌م‘‘ و ’’ده‌ستی ده‌ره‌كی‘‘ ئه‌خه‌نه پشت هه‌ر جوڵه و ناڕه‌زایه‌تییه‌ك كه له دژیانه. ئێستا كه‌واته هه‌ردووكیان به قسه‌ی خۆیان ڕوویان سپییه. له كاتێكدا ڕه‌نگێكی تۆختر له ڕه‌ش نییه تا به ڕووی ئه‌واندا بیبڕین.
كورت و پوخت ٣ شت هه‌یه كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی پاراستووه:
هه‌موویان چ ڕه‌نگێكیان هه‌یه و چ له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدان یان له به‌ناو نه‌یاری ئه‌واندا، داكۆكی له یه‌ك سیستم ئه‌كه‌ن: هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌ستی له كۆمپانیا و كارگه و ده‌زگا و بازرگانیه‌كدا هه‌بێ كه قازانج ئه‌هێنێ. ئه‌مه‌ش واته بزنس. بزنس یان لای پارتیه، یان لای یه‌كێتییه، یان لای حكومه‌تی عێراقه، یان لای پێكهاته‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراقه یان لای كۆلكه كۆمپانیه‌كانی ئه‌وانه‌یه كه گوایه نه‌یار و ئۆپۆزسیۆنی ئه‌وانی ترن. كه‌واته یه‌كه‌م پایه قازانج و سووده بۆ كۆمپانیا حیزبیه جۆراوجۆره‌كان و ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كان.
دووه‌م پایه به‌لاڕێدابردن و خۆشخه‌یاڵكردن و سواربوونی شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانه. ئه‌و هێزانه‌ی كه گوایه له دژی ده‌سه‌ڵاتن، ناڕه‌زایه‌تیه‌كان به شێوه‌یه‌كی واقعی و بۆ دابینبوونی خواسته‌كانیان به ده‌سته‌وه ناگرن. ئه‌وان ئه‌یانه‌وێ ناڕه‌زایه‌تی مامۆستایان بكه‌ن به وه‌سیله‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی پله به پله به‌سه‌ر پۆسته‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا سه‌ركه‌ون. كاتێكیش كه گه‌یشتنه ناو ده‌سه‌ڵات هه‌ر به ناوی ئه‌وه‌ی كه كاتیان پێویسته و گوایه به قسه‌یان ناكه‌ن، ده‌ستی ده‌ستی ئه‌كه‌ن به خواسته‌كانی مامۆستایان و خه‌ڵك. خه‌ڵك زاكیره‌ی ماسی نییه و به‌ڵێنه درۆیینه‌كانی گۆڕان و نه‌وه‌ی نوێ و به‌ره‌ی گه‌ل و هه‌ڵوێست و چی و چی...یان له بیره.
سێیه‌م پایه كه زۆر سه‌ره‌كییه و ده‌سه‌ڵات بێ ئه‌وه ناتوانێ هه‌نگاوێك هه‌ڵبگرێ، سه‌ركوته. دیوار بكه به جاسوس به‌سه‌ر دایك و باوك و مناڵه‌كانه‌وه، ته‌كنه‌لۆژیا به‌كاربهێنه تا بزانی كه‌سه‌كان چۆن بیر ئه‌كه‌نه‌وه و ئه‌یانه‌وێ چی بكه‌ن، هه‌نگاوێكت ناوه له خه‌فه‌كردن و سه‌ركوتكردنی هه‌ر ده‌نگێكدا كه له دژت به‌رزبوونه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌بێ زۆر باش بزانی كه ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه دژی زۆردارین، ئه‌وانه‌ی دژی زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تین، ئه‌وانه‌ی كه باوك و دایكیان به‌روارد ئه‌كه‌ن له‌گه‌ڵ باوكی و دایكی ئێوه و ژیانیان، تا سه‌ر ئه‌م جیاوازیه چینایه‌تیه وه‌رناگرن و قبوڵ ناكه‌ن. ئه‌وان ڕائه‌په‌ڕن، شۆڕش ئه‌كه‌ن و له خۆتان و ماڵ و مناڵتان قڵپ ئه‌كه‌نه‌وه. ئێوه‌ش یان ئه‌بێ هه‌ڵبێن و جێگه‌یه‌ك بۆ خۆتان بدۆزنه‌وه، یان ئه‌كه‌ونه ده‌ست شۆڕش و شۆڕگێڕان.
PM:12:54:10/02/2025
ئه‌م بابه‌ته 844
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی