سەبارەت بە هۆشیاریی مانگرەکان
پێشڕەو محەمەد
هەر لە سەرەتاوە دەڵێم، هەتا دواسنوور یەکێکم لە پشتیوان و پشتگری مامۆستا مانگرە بەڕێزەکان. ئەوەی دەیکەن کارێکی مەدەنیی سەخت و بەرزە. هەوڵێکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاری و نادادی و نایەکسانی؛ کە دەیان ساڵە کۆمەڵگەی کوردیی داتەپاندووە. لەگەڵ ئەوەی کارەکەیان بەرز و بووێرانە دەبینم، لە هەمانکاتدا ژیان و تەندروستییان لە پێش هەر شتێکی دیکەوە دەبینم. ئەوان بوون بە نموونەیەکی جوان و باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتێک، کە جگە لە بەرژەوەندیی شەخسی و حیزبییان، هیچی دیکەیان پێ نەبووە و ناشبێت بیخەنە خزمەتی هاووڵاتییانی کوردستانەوە.
ئەوەی لەو چەند ڕۆژەدا تێبینیم کردووە ئەوەیە؛ کە زۆر گرنگە مامۆستایانی مانگر زۆر هۆشیارانەتر مامەڵە بکەن، چونکە هەر ڤیدیۆ، وێنە، وتەیەکی هەڵە لەوانەوە تێڕوانینی هەڵە بۆ کارە گرنگەکەیان دروست دەکات.
یەکەم/ وا هەست دەکەم هێشتا بەشێک لە مانگرە بەڕێزەکان، خۆیان بە تەواوی لە گرنگیی ئەو کارەیان نەگەیشتوون کە دەیکەن. ئەوان ئامادەن و سەلماندوویانە، کە ١٣ ڕۆژە ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە، کەواتە پێویستە لە هەندێک لێدوانی لابەلا و کۆمەڵێک هەڵسوکەوت دوور بکەونەوە، کە زیان بە پەیام و گرنگیی مانگرتنەکەیان دەگەیەنێت. زۆر گرنگە ئەوان بەر لە هەر قسە و هەڵسوکەوتێک هەمیشە بزانن کە ئەوان لە چ چالاکییەکی بێوێنە و مەدەنیی کاریگەردان ئەوکات بڕیار لەوە بدەن چی دەڵێن یان دەیکەن.
دووەم/ ئاپۆڕای خەڵک بەسەر سەری مانگرەکان و هاتوچۆی سیاسییەکان زیانی گەورە بە مانگرەکان دەگەیەنێت. بێگومان باسی ئەوە ناکەم خەڵک قەرەباڵغییان لا دروست نەکات و پشتگیرییان نەکات، باسی هۆشیاریی خودی مانگرەکان دەکەم. وریا بن ئاپۆڕا و قەرەباڵغیی هاووڵاتییان نەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرە حەماسەتێک لایان، کە لەوکاتەدا جۆرێک دەربکەون و قسە بکەن ماندووبوون و ئیرادەی خۆیان بخەنە ژێر پرسیارەوە.
بۆ سیاسییەکان ئەمە دەیان بەرابەر ڕاستە، هۆشیاریی مانگرەکان لەوێوە دەگاتە لوتکەی خۆی، دەرگا لە هەرچیی سیاسیی گەورە و بچووکە دابخەن. زۆر گرنگە مانگرەکان بگەنە ئەو هۆشیارییەی، هەرکاتێک هەموو دەرگایەکیان بە ڕووی هەموو سیاسییەکی گەورە و بچووکدا داخست، ئەوکاتە هەنگاوی گەورەیان لە چالاکییەکەیان بڕیوە و پەیام و مەبەستەکەیان بەرامبەر دەسەڵات و هاووڵاتییانی کوردستانیش ڕاستتر دەگات. خۆ ناکرێت مانگرە بەڕێزەکان هۆشیاریی ئەوەیان نەبێت، سیاسییە گەورە و بچووکەکان لەپێناو وێنە و ڤیدیۆی خۆیان و پاکانە بۆ خۆیان دەچنە لایان! ئەوان کامێرایان لێ وەربگریتەوە هیچ ئیشێکیان بە سەردانیکردنی ئەوان نییە. کەواتە بۆچی مانگرە بەڕێزەکان و چالاکییە گرنگەکەیان ببێتە هۆی پاکبوونەوەی دەموچاوی ناشیرینی سیاسییە گەورە و بچووکەکان!
سێیەم/ شتێکی دیکە کە لەوانی دیکە بە مەترسیدارتری دەزانم بۆ سەر بینینی مانگرەکان و پێویستە هۆشیاریی مانگرەکان بەرامبەریان زیاتر بێت، بێگومان میدیاکانن.
ئەوە ڕوونە بەشێکی گرنگی پیشاندانی ئیرادە و چالاکییەکەیان میدیایە، بەبێ میدیا مانگرتنەکە کاریگەرییەکەی کەمتر دەبێت و ناشبێتە بابەتێک بۆ ڕای گشتی، بەڵام میدیاکان لە بۆسەدان و دەتوانن زیانی گەورە بە مانگرتنەکە و مانگرەکان بگەیەنن و گەیاندووشیانە.
جێی خۆیەتی ئەوان ئاڕاستە و ویستی میدیاکان بەرامبەریان بزانن؛ چ پرسیارێک دەکەن، بۆ دەیکەن، چ وێنە و ڤیدیۆیەکیان بڵاو دەکەنەوە. ئەوان ئەگەرچی وتەبێژیان هەیە، زۆر گرنگ و پێویست بوو هەر لە یەکەم ڕۆژەوە چاودێری میدیاییان هەبووایە، هەموو ڕۆژێک چاودێریی ڕووماڵی سەرجەم میدیاکانی بکردایە بۆ مانگرتنەکەیان، چاودێریی سەرجەم لێدوان و قسەی مانگرەکانی بکردایە و ڕێنمایی سەبارەت بە لێدوانەکانیان بدایە.
مانگرەکان دەبێت ئەوە بزانن، ناکرێت قسەکردنی ئەوان جگە لە هۆکار و ئامانج و داواکاریی مانگرتنەکەیان نەچێت بەلای هیچ شتێکی دیکەدا. وەسف و پیاهەڵدان بەم و قسەوتن بەوی تر گەمەیەکە میدیاکان پێیان دەکەن و ئەوان دەبێت لەوە هۆشیارتر بن بچنە ئەو گەمەیەوە.
مانگرە بەڕێزەکان دەبێت بەئاگا بن لەوەی، خۆیان توانای ئاڕاستەکردنی میدیاکانیان هەبێت بەو ئامانج و ویستەی دەیانەوێت و لە بەرامبەریدا مانیان گرتووە، بەو جۆرە ئەوان دەتوانن میدیاکان بخەنە خزمەتی خۆیان و وێناکردنیان گەورەتر و باشتر بچێتە ناو خەڵکەوە. جگە لەوە ئەو جۆرە مامەڵەیەی ئێستا میدیا لەگەڵ مانگرەکانی دەکات و ئەوانیش ڕێیان بۆ چۆڵ کردوون، نەک نابنە هۆکاری گەورەپیشاندانی مانگرتنەکە، بەڵکوو دەبنە هۆکاری ناشیرینکردن و بچووککردنەوەیان. میدیا دوو سەرە، هەم دەتوانێت تێکت بشکێنێت و بچووکت بکاتەوە، هەم دەتوانێت بەرزت بکاتەوە، ئەوە تۆی بڕیار دەدەیت بە کام شێوەیە دەربکەوی!
چوارەم/ بەشێک لە مانگرە بەڕێزەکان هەندێ لێدوان دەدەن کە بە ویست یان نائاگایی زیانی گەورە بە خەباتەکەیان دەگەیەنێت. مانگرێک دەڵێت بیری بۆنی ماڵ و منداڵەکانی دەکات و دەست دەکات بە گریان. یەکێکی دیکەیان دەڵێت، چەند ڕۆژە مانی گرتووە و کەس لە ماڵ و منداڵەکەی نەپرسیوە!
مانگرەکان بەو جۆرە لێدوانانە تێڕوانینێک بۆ ئێمە دروست دەکەن، کە ئەوەی کردوویانە لە بیرکردنەوەیەکی پتەو بە ئامانج و داوکاری و ڕووبەڕووبوونەوەکەیان دروست نەبووە و هیچ جۆرە فیکرێک لە پشتی کارەکەیانەوە نییە، بەڵکوو تەنها وەک هەنگاوێک و چالاکییەک ئەنجامیان داوە و هەرکاتیش "خوا بەو ڕۆژە نەکات" مەترسیی ئەوەیان لەسەر دروست بوو منداڵ یان ماڵەکەیان نەبیننەوە ئەوا ڕاستەوخۆ مانەکەیان دەشکێنن، "وەک سەرەتاش وتم وەک خۆم ژیان و تەندروستیی ئەوان لەپێش هەموو شتێکەوە دەبینم". بەڵام ئەو جۆرە لێدوانانە پانتاییەکە بۆ کەسانێک لەبار دەکات، تا پێیان بڵێت "ئەوان بۆیە مانیان گرتووە تا ببنە پەرلەمانتار".
AM:11:30:09/02/2025
ئهم بابهته 516
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی