لە رێکەوتنەکەی موچە عیبرەت لەجێبەجێکردندایە!
د.بەختیار شاوەیس
د.بەختیارشاوەیس
ئێوارەی رۆژی ٢٠١٧/٥/١٧ وەک فراکسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی عیراق لەئوتێل گراند میلینیۆم لەگەڵ قیادەی سیاسی هەردوولا میوانداری کرابووین بەمەبەستی واژووکردنی ڕێکەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان. جگەلە کادیر و دەنگدەر بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستانیش لەدەرەوەی هۆڵەکە بە خۆشحاڵیەوە چاوەروانی راگەیاندنی رووداوەکە بوون.لەکۆتایی وتارەکەیدا لەسەر ڕێکەوتنەکە کاک نەوشیروان وتی: عیبرەت لەجێبەجێکردندایە. بەمەش هەم گومانی خۆی نەشاردەوە لەقودرەتی جێبەجێکردنی ئەو رێکەوتنە لەوکاتەدا کەئامانج لێی راستکردنەوەی تەرازووی هێز بوو لەکوردستان، هەم جۆرێک لەرەشبینی دایە ئەوانەی کەلەپشت سەرگرتنی ئەو جوڵە سیاسیەوە بوون. هەر بۆیە دواجار ئەوەمان دی و رێکەوتنەکە بەنەزۆکی لەدایک بوو.
هەر لەسەرەتای کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، بەتایبەتی لەپەیوەندیدا بەپرسی موچەوە، لەگەڵ خستنەرووی راستیەکان و شەن و کەوکردنی کەم و کورتی و گرێ و گۆڵەکان و رەخنەگرتن لەلایەنی بەرپرسیار لەو دۆخەی کەرووی لەهاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردوە، بەردەوام بەگەشبینیەوە سەیری ئاسۆی چارەسەری ئەم پرسەم کردوە و برەودان بەتێزی گەشبینگەرا لەناو تێڕوانینی خەڵکیدا لەپێشینەی نوسین و چاوپێکەوتن و لێدوانەکانم بوە.
ئەمێستا کەشێکی جیاواز و دڵخۆشکەر سەبارەت بەچارەسەری کێشەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاتوەتە ئارا. لەلایەک رێکەوتن کراوە کەلەساڵی ٢٠٢٥ لەکاتی خۆیدا هەر ١٢ مانگەکە موچە خەرجبکرێ. لەلاکەی تریش دوای هەڵوەشانەوەی بریاری راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم کە دوو ساڵە بەبریاری دادگای پاریس پرۆسەکە راگیرابوو ،وەبەپەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە کەدەروازەی چارەسەری ئاریشەی نەوتی کردوەتەوە. هەروەها لەدوای گۆرانکاریە دراماتیکیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەر لەجەنگی ٧ ی ئۆکتۆبەری نێوان حەماس و ئیسرائیل هەتا دەگاتە کەوتنی رژێمی ئەسەد و لەمیشەوە بۆ گەرانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی ، لەناوخۆی عیراقیش ، نزیک بوونەوەی وادەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عیراق کە هەندێک چاویان لەسەرئەوەیە کە لەسەر کورسیەکانیان بمێننەوە. ئیتر زنجیرە فاکت و فاکتەرێکی راستەوخۆ یان پشت پەردەن ، وە هاتونەتە سەرزەمینی واقع کەهەرێم و بەغداد ناچار بە ڕێکەوتن دەکەن.
لەنێوان هەموو ئەم پێشهاتە ناوخۆیی و دەرەکیانەدا خاڵی جەوهەر کەپێویستە هێمای بۆ بکەین جێبەجێکردنی ئەو رێکەوتنەی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدایە وەک خۆی، نەک نوسین و راگەیاندنی خودی رێکەوتنەکە، چونکە لەساڵانی رابردوودا ئەزمونی تاڵمان لەگەڵ ئەم جۆرە رێکەوتنانە هەیە. هەرهیچ نەبێت دەستوور وەک گرێبەستی بنەرەتی یاسایی و کۆمەڵایەتی گەورەترین رێکەوتنی نێوان پێکهاتەکانە کە بەداخەوە دەرهاویشتەکانی هەبوونی ئەم دەستوورە زۆرجار بە تۆمەتبارکردنی یەکتر و بەشەری سیاسی و چەلەحانەی میدیایی لەبابەتی پابەند نەبوون بەدەستوور و پابەندبوون پێوەی کۆتایی هاتوە و دواجار کێشەکان بەهەڵپەسێرراوی ماونەتەوە. ئەمەسەرباری ئەوەی کەکۆمەڵە خاڵێک وەک خاڵی جێ سەرنج و نیگەرانی هەن کەوادەکەن زیاتر بەلای تێزی (عیبرەت لەجێبەجێکردن) برۆین. وەک توانای هەرێم بۆ تەسلیمکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەسۆمۆ، گرێکوێرەی تەوتین و هەژماری من ، تەسلیمکردنی داهاتی نانەوتی، تەفسیرکردنی بریارەکانی دادگای فیدراڵی، پێدانی قەرزی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت. کەدۆزینەوەی رێگەچارەی واقعی و عەقڵانی بۆ هەریەک لەمانە گەرەنتی جێبەجێکردنی رێکەوتنەکەن و وادەکات لەداهاتوو جارێکی دیکە نەڵێین عیبرەت لەنوسین نیە بەڵکو لەجێبەجێکردنە.
PM:05:15:04/02/2025
ئهم بابهته 336
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی