مانگرتنی مامۆستایان لەنێوان راستی وچەواشەکاریدا

‌کنێر عەبدوڵا

مانگرتن لە خواردن؛ ئامرازێکی بەهێزی دەربڕینی ناڕەزایەتییە بە شێوەیەکی ئاشتییانە ومەدەنییانە کە لەرێی مانگرتن لە خواردنەوە ئەنجام دەدرێت لەلایەن تاک یان گروپەوە لەپێناو هێنانەدی داواکارییەکانیان. ئەم دەربڕینە بە یەکێک لە دیارترین شێوازەکانی ناڕەزایەتی بەکاردێت بۆ فشارخستنە سەر حکومەت یان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە زۆربەی بوارە سیاسی وکۆمەڵایەتییەکاندا ،چونکە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری بۆ کێشەکان و بەدیهێنانی گۆڕانکاری.

مانگرتن لە خواردن؛ لە رووی  مێژووییەوە یەکێکە لە کۆنترین ئامرازەکانی دەربڕینی ناڕەزایی کە مرۆڤ دەیگرێتەبەر وهەندێ لە کەسایەتییە مێژووییەکان وەک ئامرازێک بەکاریانهێناوە بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم ونادادپەروەری و ئەو بارودۆخە سەختەی ڕووبەڕوویان بۆتەوە.؛ لەوانە؛ ڕێبەری هیندستان مهاتما غاندی کە مانگرتنی لە خواردن ؛وەک ئامرازێک بەکارهێنا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و فشارخستنە سەر حکومەتی بەریتانیا بۆ هێنانەدی دادپەروەری. هەروەها لە زۆربەی ووڵاتاندا، زیندانیانی سیاسی مانگرتنیان لە خواردن وەک ئامرازێک بەکارهێناوە بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵاتداران بۆ ئازادکردنیان یان باشترکردنی بارودۆخی زیندان.

هۆکارەکانی مانگرتن بەگشتی زۆرن لەوانە؛ دەربڕینی ناڕەزایی دژی نادادپەروەری سیاسی وکۆمەڵایەتی یان جیاکاری، داواکردنی مافە مرۆییەکان، ئیدانەکردنی گەندەڵی، و بەدەستهێنانی ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان، هتد.

کاریگەرییەکانیشی زۆرن لەوانە؛ زیادکردنی فشارخستنە سەر حکومەت یان لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانیان، بەرزکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە کێشەکان، یارمەتیدەرە بۆ تیشکخستنە سەر ئەو بابەتانەی کە خۆپیشاندانی لەبارەوە دەکرێت، راکێشانی سەرنجی میدیاکان و کاریگەری لەسەر ڕای گشتی ، ودەبێتە هۆی خراپی تەندروستی خۆپیشاندەران لە رووی جەستەیی ودەرونییەوە.

مانگرتنی مامۆستایان:

 ماوەی (٥ رۆژە) مانگرتنی مامۆستایان لە خواردن لە شاری سلێمانی بۆتە جێی سەرنج وباس ، و دروشمەکانیان بەشێکی لەپێناو پاراستنی شکۆ، رێزگرتن ،ماف و بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانە  و بەشێکی لەبارەی نادادی وستەم وجیاکاری وگەندەڵییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. لە بەرامبەردا  گوتاری حکومەت ئەگەرچی بە دیوێکدا کۆدەنگن لەسەر ئەوەی خۆپیشاندان بۆ داوای ماف رەوایە ، بەڵام لە هەمانکاتدا دوو ئاڕاستەی جیاوازی لەخۆگرتووە بەشێکی هاوڕایی وپشتیوانی داواکانی خۆپیشاندەرانە و هاندەریانە، وبەشێکی تری حکومەت رەخنە دەگرێت و دەڵێن مافەکانیان لای حکومەتی عێراقە ؛ نەک حکومەتی هەرێم، و ئیدی وەک ئەوەی دیسانەوە دوو حکومەتی یان دوو زۆنی خۆی دووبارە بکاتەوە.

بە دیوێکی تردا بەکارهێنانی زمانی زبر و سوکایەتی و بێڕێزیکردن بە هەڵوێستی خۆپیشاندەرانەوە  لەلایەن هەندێ لە کەسانی خاوەن پلەو پۆستەکانی ناو حکومەت بۆتە دیاردەیەکی نەشیاو ودیار کە دەرئەنجام خۆلادانە وبەلاڕێدانە لە راستییەکان کە خۆی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا دەبینێتەوە و داوای ئێستای گشت خەڵکی  هەرێمی کوردستانە کە دەڵێن ، ئیتر پێشێلکاری بەسە.

 بەکورتی؛ خۆپیشاندانی هەر چین و توێژێک بۆ هەر بابەتێک و لە هەر کەسێکەوە بێت؛ لەپێناو هێنانەدی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کەرامەت و خۆشگوزەرانیدا مافێکی رەواو سروشتی مرۆڤەکانە و چۆن پێویستە خۆپیشاندەران لەچوارچێوەی رێزدا داواکانیان بخەنەڕوو، ئەوەندەش گرنگە حکومەت و کەس ولایەنە بەرپرسەکان بەرێزەوە و دوور لە سوکایەتی و تانە وچەواشەکاریی  مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران و دۆخەکەدا بکەن؛ بۆیە ئەرکی هەمووانە  هەقیقەت بەلاڕیدا نەبەن ونەیکەنە قوربانی بیری تەسکی حزبایەتی و بەرژەوەندییەکانی تاکلایەنە؛ هەروەک چۆن بەرپرسیارێتی هەمووانە بۆ بەردەوامی خەبات لەپێناو سەرخستنی راستییەکان و پاراستنی داوا رەواکانی خەڵکدا.  
٣/٢/٢٠٢٥


AM:09:53:04/02/2025

ئه‌م بابه‌ته 524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی