(بێ نازیی خێوەتگەی مانگرتوان) نەبوونی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستگۆو ڕاستەقینەی سەلماند!
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
ئاشكرایە لە هەموو وڵاتێكی جیهاندا لایەنی دەسەڵات ئەركی ڕاپەڕاندنی كاروباری هاونیشتمانیان و پاراستنی مافەكانیان و دەستەبەر كردنی ئاسایش و ئارامی بۆیان لە ئەستۆ دەگرێت! هەروەها بەپێی سروشت و جۆری سیستمی سیاسی و ئاستی پیادەكردنی فەزای دیموكراسی یاساو ڕێساكان دادەڕێژرێن و جێبەجێ دەكرێن، ئەمەش بە ئامانجی پاراستنی ماف و ئازادییەكان و ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە و دەسەڵات و، ڕێگریكردن لەبێ سەروبەریی و بڵاوبوونەوەی فەوزا و پاشاگەردانی و تێكچوونی ئاسایشی گشتی!
ئەگونجێ هەندێ جار كەسانێك یان چەند دەستە و تاقم و لایەنێك لێرەو لەوێ بەو یاساو ڕێسایانە ڕازی نەبن ، یان لەسەر شێوازی جێبەجێكردن و دابەزاندنی ئەو یاسایانە بۆ نێو ژیانی واقیعی كۆمەڵگە ڕاوبۆچوونی جیاوازیان هەبێت كە ئەمەش سەرهەڵدانی دیاردەیەكی سیاسی نوێی لە فەزای گشتی وڵاتدا لێدەكەوێتەوە كە پێی دەوترێ : دیاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون.
ئەڵبەت پسپۆڕان و شارەزایانی بواری سیاسەت قسەی زۆریان لەسەر ئەم دیاردەیە كردووە ، هەروەها پێناسەی جۆراوجۆریان بۆ وشەی ئۆپۆزسیۆن داڕشتووە كە گرنگترینیان و نزیكترینیان ئەوەیە : ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بەرانبەرە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی لە هەردوو ڕووی پڕۆژە و ئامانجەوە ، هەندێكیان دەڵێن : ئەم دەستەواژەیە لە بنەڕەتدا وشەیەكی لاتینیە كە بریتیە لە (oppositus) و واتای گێچەڵ دروستكردن یان وەستانەوە دژی حكومەت دەگەیەنێ.
بێ گومان دیمەنی سیاسی هیچ وڵاتێك كە سیستەمی دیموكراسی پەیڕەو بكات تەواو نابێت ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێكی نیشتمانی ڕاستگۆ و ڕاستەقینە لەو وڵاتەدا بوونی نەبێت و ، لە پەرلەماندا فراكسیۆنێكی پەرلەمانیی نوێنەرایەتی نەكات!
ئەڵێم (ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستگۆ و ڕاستەقینە) چونكە هەندێك لەو حیزب و لایەنە سیاسیانەی كە لە قۆناغە جیاوازەكاندا بانگەشەی ئۆپۆزسیۆن بوونیان كردووە یان ئێستا ئەو بانگەشەیە دەكەن لە ڕاستیدا ڕاستگۆنەبوون یا نین و ، ئۆپۆزسیۆن بونیان وەك ئامڕازێك و كارتێكی فشار بۆ دەستكەوتی حیزبی و تەنگەتاوكردنی حكومەت و دەسەڵات بەكارهێناوە یان دەیهێنن!
ئۆپۆزسیۆن هەندێ جار ڕواڵەتیە و لە ڕاستیدا بەشێكە لە دەسەڵات و چینە سیاسییەكە، ئەمانە لەسەر سواڵ و سەدەقەی دەسەڵات و چەند دەستكەوتێكی حیزبی تەسك دەژین و خۆیان بەڕێوە دەبەن، ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە هیچ ڕۆڵێكی بنیاتنەری نابێت و تەنها گوزارشت لە بەرژەوەندییە حیزبی و ناوچەیی و تایبەتییەكانی خۆی دەكات و هیچی تر!
جۆرێكی تر لە ئۆپۆزسیۆن هەیە ئەركی تەنها دەربڕینی هەڵوێستی ڕەخنەگرانەیە لە ڕاگەیاندنەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و، قەت توانای دەرچوونی لەو فەزایە نیەو، ناتوانێ دابەزێتە شەقام و بەشێوەیەكی ڕێكخراو و تۆكمە و نەخشە بۆ داڕێژراو ڕووبەڕووی دەسەڵات ببێتەوە!
بۆ نموونە : بەدرێژایی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو کە شەپۆلی ناڕەزایی مامۆستایان و خۆپیشاندانی موچەخۆران بەڕێوە دەچێ و ، خێوەتگەی مانگرتووان دژ بە بێ مووچەیی و نادادیی و ستەم لەم وڵاتەدا جمەی دێ و ڕۆژ بەڕۆژ توندترو فراوانتر دەبێ ، کەچی نەمانبینی ئەوانەی کە خۆیان بەسەرقافڵەی ئۆپۆزسیۆن و ، خەمخۆری میللەت و ، سەرکردەی بەرەی جەماوەر دەزانی و دەزانن ، بێنە ناو شەپۆلە ناڕازیەکەوەو ، یەک دوو شەوێکیش سەرکردەکانیان لەگەڵ مامۆستا بێ نازو تەندروست تێکچووەکانی نێو خێوەتگەکاندا بمێننەوە و ، لە نزیکەوە بەشداری ئێش و ئازارو موعاناتیان بکەن و ، کەمێک لە خەفەت و بێزاریی و فشاریی دەروونیان کەم بکەنەوەو ، بە فیعلی و بە کردەوە ببنە واجیهەو دەم ڕاست و ڕووی ڕاستەقینەی جەماوەری بێزارو توڕەبوو !!
بەڕاستی شەرمەزارییە .. چونکە ئەوەی کە بینیمان لەو حیزب و لایەن و سەرۆک و سەرکردەکانیانەوە هیچ نەبوو تەنها بەیاننیامەکی لاواز ، یان لێدوانێکی شەرمنانەی بێ ماناو بێ کاریگەر نەبێ ، کە ئەویش لەدوا لەحزەکاندا هات ، واتە دوای ڕاگەیاندنی ڕێکەوتنی شاندی هەرێم و بەغدا لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچە !!!!
دەتوانم بڵێم : ئێستاکە ئیتر جەماوەر مافی خۆیەتی متمانەی بە هیچ یەكێك لەم ڕەنگ و فۆڕمانە نەبێ كە لە ڕاگەیاندنەکانەوە لاف و گەزافی ئۆپۆزسیۆن بوون لێ دەدەن ، چونكە هەموویان بە لای هاوڵاتییەوە بە فیعلی و بە واقیعی جار دواجار تاقیكراونەتەوەو تاقی دەکرێنەوە ، بۆ جەماوەر ئاشکرا بوو کە زۆربەیان خاوەن هیچ گۆشە نیگا و بەرنامەیەكی سیاسیی چاكسازیی تۆكمەی ئەوتۆ نەبوون و نین ، بەدرێژایی قۆناغەكانی ڕابردووش هیچ شتێكیان نەگۆڕیوە و ، بارودۆخەكەش نەک وەك خۆیەتی ، بەڵكو خراپتر لە جاران قەیرانەكان درێژەیان هەیە و ، بێ هیوایی و ڕەشبینی و بێ ئومێدیی بەرانبەر بەم جۆرە ئۆپۆزسێۆنە زیاتر توندتر دەبێ و پەرە دەسێنێ !
ئەو حیزب و لایەنانەی كە ئێستا لە ساحەی سیاسی كوردستاندا وەك بەرەی ئۆپۆزسیۆن و جەماوەری ناڕازیی خۆیان نمایش دەكەن و ، هەر لە ئێستاوە بە دروشمی درۆ و ساختە هەڵپەو بەرنامەسازیی بۆ كۆكردنەوەی دەنگ دەکەن بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانیە چاوەڕوانکراوەکەی عێراق ، هەمان تایپە كۆنەكانن و هەمان سیاسیی و دەم و چاوە سواوەکانی ڕابردوون كە لای جەماوەر نەیانتوانیوە هیچ دەستكەوتێكی گەورەی نەوعیی بەدەست بهێنن و ، نەیانتوانیوەو ناشتوانن لە داهاتوودا هیچ جۆرە گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لە سیستەمی حوكمڕانیی و فەرمانڕەوایی لە كوردستاندا بهێننە كایەوە ، بە مانایەكی تر واتە لە كوردستاندا تا ئەم چركە ساتەش هیچ ئۆپۆزسیۆنێكی نوێی ڕاستەقینەی ڕاستگۆی جێی ئومێدو متمانە ، چ لەڕووی بەرنامە و پرۆژەوە ، چ لەڕووی پارت و كاراكتەرە پێشكەش كراوەكانەوە بەدی ناكرێ!
PM:11:37:03/02/2025
ئهم بابهته 1340
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی