پرسی مووچە لەناو قەیرانی ئێرە و ئەوێ، چێ دەبێت؟
هیوا عومەر
بۆچی ناتوانرێت چارەسەری بنەڕەتی قەیرانی مووچە بكرێت؟
- قەیرانەكە لە كوێدایە لە هەولێرە یان لە بەغدا .
- گرنگی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان چین؟
دواكەوتن و نەدانی مووچە، لێبڕینی زۆرەملێ، پاشەكەوتی زۆرەملێ، هەموو ئەوانە چیرۆكی دوور و درێژی زیاتر لە دە ساڵی گیرفانی مووچەخۆرانی هەرێم پێكدەهێنن.
هەموولایەك دەزانین مووچە مافێكە بە یاسا پاڵپشتكراوە، بەڵام لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا هەر جارەی بە بیانوویەك ئەم مافە پێشێڵكراوە. بیانووەكان هەرچییەك بووبن بەوەی ئەمڕۆكەش، حكومەتی هەرێم ناتوانێت خۆی لەبەرپرسیارەتی بدزێتەوە، ئەگەر بشمانەوێت لە ڕیشەی پرسی مووچە تێبگەین، ناتوانین لەدەرەوەی بەردەوامی و لێكەوتەكانی ( قەیرانی گشتگیر)ی بەڕێوەبردن لە هەرێمی كوردستان لێی تێبگەین.
كاتێك ژێرخانێكی ئابووری فرەچەشن دروستناكەیت، كاتێك ئابوورییەكەت لە سەرووی سەدا نەوەت و پێنجەوە ئابوورییەكی بەرخۆر دەبێت، كاتێك بەبێ پلان خەڵك دادەمەزرێنیت و حكومەت وەك حەوشەی پشتەوەی لق و مەڵبەندەكان پڕدەكەیت لە لایەنگرانی زۆرەملێی حزب، كاتێك كەرتی نەوت و گومرگەكان شەفاف نابێت، كاتێك لەبەر ململانێی تەسكی حزبی و بنەماڵەیی ناتوانیت تێگەیشتنێكی هاوبەشی نیشتمانی و كوردستانیت لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا هەبێت، كە بە بەردوامی لە كەمیندایە بۆ لاوازتركردنی هەرێمی كوردستان، كاتێكیش دەردەكەوێت خەزینەی دوو حزبەكە دەوڵەمەندتر و پڕداهاتترن لە خەزینەی حكومەت! خەڵك حەقی خۆیەتی پێتان بڵێت ئێوە بەرپرساری سەركین لەم دۆخەی دروستتانكردووە وەك ئەنجامی سیاسەتی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردووتان .
لەوەش ترسناكتر، سەرەڕای ئەم دۆخەی دروستیانكردووە، رۆژانەش لە رێگای تۆڕێك لە میدیا و رۆژنامەنووس، كە بە پارەی خەڵك بەڕێوەدەچێت خەریكی دروستكردنی هۆشیارییەكی ساختەن بۆ بەلاڕێدابردنی ڕیشەی پرسی مووچەی مووچەخۆران، بەبێ ئەوەی هیچ چارەسەرێكی سیاسی و زانستی پێشكەش بكەن ؟
دوایین هەواڵ لەبارەی مووچەوە ئەوەیە، پەرلەمانی عێراق رۆژی 2ـی شوباتی 2025، یەكەم هەمواری یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراقی پەسەندكرد، هەموارەكە تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و ڕادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، كە 16 دۆلاری وەكو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێك نەوت دیاریكردووە، تاوەكو ئەو كاتەی لایەنێكی راوێژكاریی نێودەوڵەتی، نرخێكی خەمڵێندراو دیاری دەكات، دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستبكات لەگەڵ چەند میكانیزمێكی تر و وردەكاری تر لەبارەی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان .
هەر زوو لەدوای ئەم هەموارە لە چوارچێوەی پەیام و كاردانەوەیەكی ناڕاستەوخۆ بۆ مانگرتووان و خۆپیشاندەران، لێدوانی بەرپرسانی هەرێم وەك مژدانەیەك و پیرۆزبایی و دەستخۆشیان لە خۆیان و لە تیمەكانیان، بوو بە هەواڵی بەپەلەی میدیاكان، وەك ئەوەی هەنگوینیان لەدار بۆ هاووڵاتییانی هەرێم دۆزیبێتەوە .
ئەزموونەكان و ئاماژە زۆرەكان پێماندەڵێن: لە لایەك حكومەتی بەناو فیدراڵی عێراق هیچ ئیرادەیەكی سیاسی تێدانییە بۆ پێدانی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ لاوازتركردنمان، لەلاكەی تریش بەرپرسانی هەرێم و ئەم عەقڵییەتە سیاسییەی لەماوەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان باڵا دەستە، لەوە خراپترە بتوانێت چارەسەری كێشە و قەیرانە یەك لە دوای یەكەكانی هەرێم بكات، هەر ئەوەشە وادەكات بە ڕەشبینییەوە تەماشای چارەسەری بنەڕەتی قەیرانی مووچە لەناو تابلۆی قەیرانی گشتگیری هەرێمی كوردستان و عەقڵییەتی باڵادەستی (ناوەندێتی ڕەها)ی بەغدا بكەین .
لەم بارودۆخەدا، ئەم بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەی دروست بووە كە هەر جارەی بەشێوەی خۆپیشاندان یان مانگرتن هتد ... خۆی مانیفێست دەكات پێویستی بە پاڵپشتی و پێشكەشكردنی بەرنامەیەكی ڕوونە بۆ ئەوەی بتوانێت كاریگەری دروست بكاتن بۆ بەدیهێنانی گۆڕانكاری و دەربازكردنی هەرێمی كوردستان لە قەیرانی بەرێوەبردن و حوكومداری.
PM:07:25:03/02/2025
ئهم بابهته 400
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی