وەهابی رۆژنامەفرۆش

‌کاوە ئەمین گوڵچین

رەنگە دۆستایەتی و ئاشنایەتیمان بۆ 30 ساڵ پێش ئێستا بگەڕێتەوە،  ئەوکاتە من لە سوێد بووم بەڵام هەر دەرفەتێکم بۆ بڕەخسایە، دەتگوت وڵات نییە لە دنیادا بۆی بچم، دەگەڕامەوە بۆ کوردستان (ئاخر بە خوا ئەوسا و ئێستاش وڵات نییە لای من لە کوردستان جوان و خۆشتر)، ئەوسا راستەوخۆ فرۆکە لە ئەوروپاوە نەدەهاتە کوردستان بەڵکو دەبوو بچیت بۆ تاران یان حەلەب یان دیمەشق یان ئەنکارا، دوای سوکایەتیەکی زۆری سەر مەرزەکان ئینجا دەبوو بە سەیارە شەق و شڕەکان خۆت بگەیاندایەتە باشووری کوردستان، دیارە مەنزڵەگەی من هەموو کات هەر سلێمانی بوو. چەند جارێک لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ دا هاتمەوە، هەر کە بیری لێدەکەیتەوە، سەرەڕای ئەوەی خۆم نەک بەشداریم نەکردووە بەڵکو هەمیشە دژی شەڕی کورد و کورد بووم یان وەکو مامۆستا مەلا عەبدولعەزیز گوتوویەتی حەزناکەم دوو کەڵەشێری کوردیش بەشەڕ بێن، کەچی کەبیری لێدەکەمەوە وەکو کوردێک خەجاڵەتی دامدەگرێت، ئیتر دەستی داگیر لە پشتیەوە بووبێت یان نا هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت. ئاخر وەکو ئەو کیژەی چووبوو بۆلای مەلایەک و گوتبوی مامۆستا نوشتەیەکم بۆ بنووسە، خۆری (خۆڵ) دەخۆم! مامۆستا کەسەیری دەکات ، دڵی بۆی دەبزوێت و دەڵێت: کیژێ گەورە و تەمامی، نوشتەت بۆ چییە، خۆری (خۆڵ) مەخۆ، بە ساقە. کوردیش بۆچی دەبێت شەڕی یەکتری بکەن کاتێک باوە گەورەمان مادەکان بن! ئەم بەرگوڵەم پەیوەندی بە باسەکەوە هەیە دەنا رەنگە خەڵکانێک بڵێن ئەها بەخوا ئەویش خەڵەفاوە دەنا وەهاب و ئەو شێرو رێویە کوجا مەرحەبا.

وەهابی ڕۆژنامەفرۆش کورێکی زەحمەتکێشە بەردەوام ویستوویەتی بە ئارەقەی ناوچاوانی خۆی، خۆی و خێزانەکەی بژێنێت، وەکو خۆیشی دەڵێت لە ساڵی ١٩٩٤ وە خەریکی ئەم کاسپییەیە، واتە لە گەرمەی شەڕی ناوخۆی نێوان پەکەکە و پارتی و یەکێتی و هەندێک لایەنی دیکە. دیارە نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی حیزب، ئیدی راستەوخۆ ئەندام بووبن یان بەناوی سەربەخۆوە لایەنگریان کردبێت، بەتەنەکە بەنزینیان بەو ئاگرەدا دەکرد و شاباشی خۆیان وەردەگرت، خۆزگە رۆژێک پارتی و یەکێتی بوێری ئەوەیان هەبوایە مەلەفی بەتایبەتی ئەوانەی بەناوی سەربەخۆوە لایەنگریان لە شەڕی ناوخۆ دەکرد بڵاو بکردایەتەوە.  ئاخر لەم شەوانەی پێشودا کەسێک لە تیڤیەکەوە قسەی دەکرد ئەگەر نەمناسیاییە دەمگوت ئەمە لە ژیانیدا لە کوردستان نەژیاوە، بارەکەڵلا چەند دڵسۆزە، کەچی برادەرێکم هەیە پیاوێکی سەربازییە، گوتی لە گەرمەی جنێودانەکانی بە ئێمە، برادەران بەدزییەوە داوەتیان کردبوو بۆ هەولێر، بەڵام بیریان چووبوو یان هەر وایان پێخۆش بوو بیکەن بە پەڕۆی بێنوێژی، ئاخر لە سەیتەری گۆمەسپان هێنابویانە خوارەوە و دەمانچەکەیان لە ژێر پشتێنەکەی دەرهێنابوو، هەتا جەماعەت فریایی کەوتبوون خەریک بوو کەوڵی بکەن، ناهەقیان نەبوو رۆژانە بە فەردە جنێوی لە گۆڤار و تیڤیەکان بڵاو دەکردەوە، دوای ئەوە دەیبەن لە باشترین هوتێل میوانداری دەکەن، دەلێم باشترین ئاخر ئەوکاتە لە هەولێر یەک دوو هوتێلی ئەستێرەداری هەبوون،  دوای ئەوەی دەست دێنن بە پشتیدا و دەڵێن ببورە برادەرانمان ئاگادارنەکردبووەوە، ئێ کوڕی باش دەمانچەکەت مۆڵەتی نییە و عەیب نەبێت هەڵیشتگرتووە، دوای ئەوەی پوڵی خۆی وەردەگرێت، دەگەڕێتەوە و بەردەوام دەبێت لە کاسپیەکەی خۆی، حەتمەن کاسپیەکەی دوو سەرە بووە، لە سلێمانیش هەروای کردووە، دیسان خەریکە لە بابەتەکە دوور دەکەومەوە، ناچارم وەهابی ڕۆژنامەفرۆشی هاورێم دەکەمە بەهانە، دڵنیام ئەوکەسە ئەگەر ئەم نووسینە بخوێنێتەوە تەڕتەڕنەباشی دەبێت.

وەهاب چەند جارێک بۆی گێڕاومەتەوە کە چۆن رۆژنامەکانی بەبێ جیاوازی دەفرۆشت، رەنگە ئەو خۆی مەیلی لایەنێکی هەبووبێت بەڵام ئەو کاسپی خۆی کردووە، رۆژنامەکانی بە چاک و خراپیانەوە فرۆشتووە. ئەو سەردەمە، ساڵی ١٩٩٤ پەکەکە لە باشووری کوردستان، بەناوی نووسەرانی سەربەخۆوە رۆژنامەیەکی بە ناوی (وڵات) دەردەکرد، وەکو پردێک وابوو بۆ بڵاو کردنەوەی بیروباوەڕەکانی ئەو حیزبە (بەڕاستیش رۆژنامەیەکی باش بوو)، من خۆم یەکێک بووم لەوانەی پشتیوانیم دەکرد، ئاخر ئەوکاتە پەکەکە داوای سەربەخۆیی کوردستان و گرێدانەوەی هەرچوار پەرچەی کوردستانی دەکرد، ئەوەی داوای ئۆتۆنۆمی و لامەرکەزی و شتی وای بکردایە، حەیاو شەرەفیان دەبرد کە من پێموایە کارێکی باشیان دەکرد چونکە کورد هەتا دەوڵەتی سەربەخۆی نەبێت خاوەنی کەرامەتی خۆی نییە، کەچی لەپڕ بایاندایەوە و هاتنەوە سەر بەڕە کۆنە کون کونەکەی ئۆتۆنۆمی و بگرە مافەکانی کوردیان لە دەوڵەتی سەربەخۆوە هێنایە سەر ئەوەی کە دوو گۆرانی بە کوردی بڵێن و بەناوی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی و برایەتی گەلانەوە خوێنی هەموو ئەوانەی کە بۆ سەربەخۆیی گیانی خۆیان کردبووە قوربانی کردەوە بە ئاو.

کاکە وەهابی رۆژنامەفرۆش وەکو هەموو ڕۆژنامەکانی دیکە رۆژنامەی (وڵات)یش دەفرۆشێت و بە ناو بازاڕدا هاوار دەکات وەرن بۆ رۆژنامە، ئەوکاتە رۆژنامەی وڵات قەدەغەکرابوو، بۆیە راپێچی ئاسایشی سلێمانی دەکەن و فریای ئەوەش دەکەون چوارپێنج "شەبازلەی" لێ بدەن، وەهاب دەزانێت مەسەلە چییە، بەڵام وەکو ئێرانی دەڵێن زرنگی دەنوێنێت و دەڵێت ئەرێ برا گوناهم چییە، بۆ وادەکەن؟ کابرای ئەفسەر با وابڵێین دەڵێت سەگباب نازانیت خەریکی چیت و چی دەفرۆشیت؟ وەهاب کە لەوسەرییەوە دێتەوە دەڵێت، چما گوناهم کردووە، نابینیت رۆژنامە دەفرۆشم؟ کابرا زیاتر دەهری دەبێت، ڕۆژنامەی (وڵات) لەناو رۆژنامەکاندا دەردەهنێت و دەڵێت، دەزانیت ئەمەچییە، کەچی هێشتا دەڵێیت چیم کردووە؟

وەهاب دیسان خۆی غەشیم دەکات و دەڵێت دەی برا خۆ ئەمە تلیاک نییە، بۆ وام لێدەکەن؟ ئیدی کابرای بەرپرس دەڵێت، گەلحۆ ئەمە رۆژنامەی پەکەکەیە، مەمنوعە، بۆ تێناگەیت؟

وەهاب دەیەوێت بە لاساری خۆی بەزمەکە زیاتر خۆش بکات، رۆژنامەکەی لەدەست وەردەگرێتەوە و سەرەوخواری دەکات و دەڵێت: بەڕاست بۆ ئەمە چی تێدا نووسراوە، کاکە وەڵا من خوێندەواریم نییە و نایانخوێنمەوە تەنیا رۆژنامەکان دەفرۆشم!

کاکی ئەفسەر یان بەرپرسی باڵا بڕوای پێدەکات و دەڵێت بە شەق بیکەنە دەرەوە، جارێکی دیکە وڵات بفرۆشیت، شەپشەپانی دنیات پێ دەکەم!

وەهاب کە دەزانێت رزگاری دەبێت روو لە کابرای بەرپرس دەکات و دەڵێت: بەسەرچاو قوربان، دڵنیابە من وڵاتفرۆش نیم.
ئیدی لەو کاتەوە من وەهابی رۆژنامەفرۆش دەناسم و ئاشناین، جار بە جار لە شەقامی مەولەوی یان بەردەرکی سەرا بە باوەشێک ڕۆژنامەی کۆن و نوێوە دەیبینم و چاک و چۆنییەک دەکەین. دوێنێ ئێوارە، بەیادی جارانەوە دیسان خۆم لە بەردەرکی سەرا بینییەوە، گوێم لێبوو یەکێک دەیگوت کاک کاوە وەرە چایەکمان لا بخۆرەوە، سەیردەکەم وەهاب لە بەردەم کانتۆرێکی پڕ لە رۆژنامە و گۆڤار لەگەڵ برادەرێک دانیشتووە، بەڵام زۆربەی رۆژنامەکانی کە وەکو دیعایە هەڵی واسیبوون بە کۆن و نوێیانەوە وێنەی کاک مەسعودیان لەسەر بوو، هەر بەڕاستی پێم سەیر بوو! گوتم وەهاب ئەمە چییە، ناترسیت بەزمێکت پێ بکەن، پیاو بوێرێت لات دابنیشێت و چایەک بخواتەوە؟
دەستی بە پێکەنین کردوو و هەمان تاس و حەمامی لای کابرای ئەفسەر و گوتی: کاکە بە خوا من خوێندەواریم نییە نازانم چیان تێدا نووسراوە؟

گوتم هەتیو رەسمەکانیش ناخوێنیتەوە؟

بە لاسایکردنەوەی ئازادی حەمە بچکۆل لە تەمسیلی لانەوازاندا، وەهاب گوتی: ترسی ناوێ خاڵۆ ترسی ناوێت! گوێشی مەدەرێ!
 ئەو زەمانەمان تێپەڕاندووە.

کات بەرەو نیوەشەو دەچێت، پێمخۆش بوو ئەم بەسەرهاتە بنووسمەوە، بیرم لەوە دەکردەوە کەی ڕۆژێک بێت خەڵکانی وەکو وەهاب رێزیان لێ بگیرێت، دوای ئەوەی ڕێزلێنانی تایبەتیان بۆ دەکرێت، بە سوپاسەوە خانەنشینێکی شایستەیان بۆ بکرێت، چونکە وەهاب نەخوێندەوار نییە، بەڕاستی خوێندەوارە.


PM:05:00:27/01/2025

ئه‌م بابه‌ته 1064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی