وەڵامێك بۆ ئەو مەلایەی كە وتی: ئەگەر ئەمە سەركەوتن بێ ئەی كامەیە شكست؟!
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
لەم ڕۆژانەدا قسە و باس لەسەر پرسی حەماس و غەززە و ئاگربەست دەكرێ و كەسانێك بەناونیشانی جیاوازەوە لێكدانەوە بۆ ئەو شەڕە و دەرەنجامەكانی دەكەن..
ئەڵبەت من لە دووسێ وتاردا بەڕوونی و بەپشت بەستن بە چەندین بەڵگە و بە لەبەرچاوگرتنی پاشخان و لایەنی مێژوویی ئەو شەڕە ، ئەوەم دووپات كردوەتەوە كە شەڕی حەماس و ئیسرائیل جگە لەوەی شەڕی عەقیدە و ئایدۆلۆژیایە لەنێوان دوو بەرەدا ، شەڕی نێوان دوو لایەنە كە یەكێكیان خۆسەپێن و ستەمكارو داگیركەرە ، لایەنەکەی تریشیان خاوەن ماف و خاوەن ماڵ و ستەم لێكراوو بەرگریكارە ! دیارە ئەو ڕاستیەش بۆ هەمووان ئاشكرا بوو كە كێ لە كۆتاییدا ڕووبەڕوو بوونەوە و جەنگەكەی بردەوە و لەسەرپێی خۆی وەستاو سازشی لە ماف و داواكارییەكانی خۆی نەكرد و ، كێش بوو دۆڕاندی و شکستی هێنا شکستێکی مێژوویی ئابڕوو بەرانە !! ئەمەش بەپشت بەستن بەوەی لە واقیعدا دەبینرێ ، هەروەها چەندین خوێندنەوە و هەڵسەگاندنی ناوەندی ستراتیژیی و سەربازیی و هەواڵگریی ئەمریكا و ئیسرائیل و خۆرئاواو ، دانپێدانانی بەرپرسە باڵاكانیان و دەست لەكاركێشانەوەی ڕۆژانەیان لەسەر دەرەنجامە خراپەكانی ئەو شەڕە لەسەر قەوارەی زایۆنیی!
ئینجا تایبەت بەو بابەتە لەم ڕۆژانەدا گوێم لە مەلایەك بوو كە باوەڕ ناكەم كەس نەیناسێ و نەزانێ تا چ ڕادەیەك قەزەم و كۆڵەوارە لە سیاسەت و دین و فیكرو لێكدانەوەی سیاسیی و عەقڵانیی و لۆژیكیانەی بابەتە جۆراوجۆرەكان ، ئەم كابرایە دوای باسكردنی ژمارەی كوژراوان و بریندارەكان و گەورەیی ڕێژەی كاولكاریەكانی غەززە لەسەر دەستی قەوارەی زایۆنیی و ئاوارەبوونی دانیشتوانەكانی ، گوایە وەك بەڵگەیەك لەسەر شكستی حەماس و مقاوەمە ، پرسیاری ئەوەی كرد كە ئایا ئەگەر ئەمە سەركەوتنە بۆ حەماس و غەززە ، ئەی شكست كامەیە ؟!
هەرچەندە قسەكانی ئەم پیاوە و لێكدانەوەكانی – وەك هەمان خوێندنەوە و لێكدانەوە خورافی و گاڵتە ئامێزەكانی كەسانی تریش – شایەنی ئەوە نەبوون ، لەسەریان بوەستین و لەسەریان بنوسین و كاتی خۆمان بەفیڕۆ بدەین و وەڵامیان بدەینەوە ، چونكە ئێمە پێشتر لەسەر ئەو پرسە بەتێروتەسەلی نوسیومانە و قسەمان کردووەو ڕوونمان كردوەتەوە، لەلایەكی ترەوە هەموو كەسێكی ژیرو وریا و هۆشیار و بەویژدان ڕاستیەكان وەك ڕۆژی ڕووناك دەزانێ و ئاگادارە و دەیبینێ ، بەڵام بەئومێدی ئەوەی ئەم جۆرە كەسانە سنووری خۆیان بزانن و ، لەپێگەی شیاوی خۆیان تێنەپەڕن و واز لە شێواندن و تێكەڵ كردن و گەوجاندنی خەڵک بهێنن ، حەزم كرد وەڵامی پرسیارەكەی ئەو مەلایە بەم چەند دێڕەی خوارەوە بدەمەوە و بڵێم:
یەكەم / ئایا مەغریبیەكان چ باجێكی قورس و گەورەیان دا لەبەرانبەر دەركردنی فەڕەنسییەكان لەسەر خاكەكەیان؟!!
دووەم / ئایا جەزائیرییەكان چ باجێكی قورس و گەورەیان دا لەبەرانبەر دەركردنی فەڕەنسییەكان لەسەر خاكەكەیان؟!!
سێهەم / ئایا میسرییەكان لەبەرانبەر دەركردنی بریتانیەكان چ باجێكی گەورە و قورسیان دا؟!!
چوارەم / ئەی ئایا ئەفغانیەكان لەبەرانبەر ئازادكردنی وڵاتەكەیان لەبەرانبەر بریتانیەكان و ڕووسیەكان و كۆتا جاریش ئەمریكیەكان چ باج و قوربانیەكیان دا ؟!!
پێنجەم / گەلانی سوریا چ باج و قوربانیەكیان دا لەپێناو ڕزگاربوونیان و ڕووخاندنی ڕژێمە دیكتاتۆرە مافیاییەكەی بەشار ئەسەد؟!
شەشەم / ئەی ڤێتنامیەكان چ قوربانی و باجێكیان دا لەبەرانبەر دەركردنی ئەمریكیەكان؟!
حەوتەم / ئایا چینیەكان باجێكی گەورەیان نەدا لەبەرانبەر دەركردنی یابانیەكان؟!
هەشتەم / باشە دەسەڵاتدارانی كەناری خۆرئاوا لە فەلەستین زەرەر و باجێكی گەورەیان نەدا لەپێناو ئاشتی لەگەڵ جولەكە؟!
مەعلومە هەموو ڕزگارییەك و سەركەوتن و دەستكەوتێكی گەورە باج و قوربانی گەورە و مێژوویی دەوێ ، بەڵام بەپێی كۆمەڵێ ئیعتبارات دەكرێ پێوەرو پێناسەی مرۆڤەكان بۆ هەڵسەنگاندنی (قازانج و زەرەر) یان (شكست و سەركەوتن) جیاواز بێ ، كە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو خاڵ :
1 - سروشتی كەسایەتیی و بونیادی مرۆڤەكە (ترسنۆكە) یان ( ئازاو نەترسە ) : مرۆڤی یەكەم حەزوو ئارەزووی خۆشی و ڕابواردن و ژیانی ئارام و بێ كێشە و بێ ناڕەحەتی و بێ تاڵاویی دەکات ، ئەگەرچی ئەو ژیانە پڕی بێ لە سەرشۆڕی و زەلیلی و كۆیلایەتیش! مرۆڤی دووەم : بە هەمان شێوە ئارەزووی ژیانی خۆش و ئارامی و بێ دەردیسەری دەكات ، بەڵام لەگەڵ شەرەف و عیززەت و سەربەرزیی و شكۆمەندیدا!
2 - سروشتی ئامانجە گەورەكان و بەها باڵاكان لە ژیاندا : كەسانێك هەن هەموو ئامانجێكیان تەنها خۆی لە خواردن و خواردنەوە و تێربوون و چێژ وەرگرتن و ڕابواردندا دەبینێتەوە ! لەولاشەوە كۆمەڵە كەسانێكی تر هەن ئاوات و ئامانجەكانیان سنووری خەیاڵ و خۆیان و ئاسمان و زەوی و هەموو دنیای تێپەڕاندووە! چاویان لە جیهانێكی ترە ، دنیایەكی ترە ، دنیایەک پڕ بێ لە ئازادیی و گەورەیی و سەربەرزیی و شكۆمەندیی و حەوانەوەی مرۆڤەكان.
PM:10:20:22/01/2025
ئهم بابهته 3628
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی