داری کریسمس و نیکۆلاس (بابانۆییل)، بۆ ساڵی نوێ، ناگونجێن
بارزان شێخ عوسمان
تا چەندساڵێك لەمەو بەریش کە لێپرسراوێتیم هەبوە لە کەناڵی رادیۆ و تەلەفزیۆن و سەتەلایت ، لە سەروبەندی پێشوازیکردن لە ساڵی نوێدا ، بە هیچ جۆرێك هەستم بەوە نەکردوە کە داری کریسمس و پیاوە خەیاڵییەکەی نێو چیرۆکەکانی پەیوەست بە جەژنی لەدایکبون (بابا نوییل ) هیچ پەیوەندییەکیان نییە بە بۆنەو موناسەبەی ساڵی نوێی میلادییەوە .دارەکە هێمایەکە بۆ رۆژی لەدایکبونی پەیامبەری کریستیانەکان.
لای ئەوان دانانی ئەو دارە و رازاندنەوەکانی لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤامبێر /تشرینی دوەمەوە دەست پي دەکات تا ٢٦ی دیسامبر /کانونی یەکەم.
پیاوە ئەفسانەییەکە (بابا نوییل ) کە ناوەکەی لە قەشە نیکۆلاسیش وەرگیراوە ، لە رۆژەکانی پێش لەدایکبونی مەسیح کە چەند ناوێکی هەیە (
Santa Claus
* Father Christmas
* Saint Nicholas
* Kris Kringle
،Papa Noël), سەردانی ماڵەکان دەکات و دیاری دەگەیەنێت بە مناڵان . دوای ئەوە ئیتر دارەکە لادەبرێت ، بابا نۆییلیش هیچ ناوێکی نابیسترێت .
باڵام تا ئێستاش سەرباری ئەوەی جیهان بچکۆلە بوەتەوە و هەموان زانیاریمان هەیە دەربارەی هەر رێورەسم و بۆنەیەکی گەلان و وڵاتانی دەوروبەر و ئەو پەڕی جیهان و گۆی زەمین ،کەچی تا ئێستاش ، تەلەفزیۆن و کەناڵەکانی راگەیاندن درەختی کریسمس و نیکولاس وەك هێمای ساڵی نوێ یا سەری ساڵ بەکاردەهێنن ، شەوی سەری ساڵیش لە ئاهەنگ و قەرەباڵەغییەکاندا( نیکۆلاس یا بابا نۆییل ) لەبەردەرگای هۆڵ و ئوتێلی ئاهەنگەکان دەوەستێت و پێشوازیی دەکات لە میوانەکان یا خود لە شەقام و مۆڵ و قەرەباڵەغییەکاندا بە ناو خەڵکدا دەگەڕێت .
بەش بە حاڵی خۆم ساڵی ٢٠٠٣ زانیم کە ئەو دو هێمایە هیچ پەیوەندییەکیان نییە بە ساڵی نوێی میلادییەوە ، چەند جارێك دەمویست پێش ساڵی نوێ باسی بکەم ،بەڵام بیرم دەچو ، ئەمساڵیش بە هەمان شێوە بیرم چو .وا ئێستا دەینوسم بەو ئومێدەی ساڵی ئایندە راگەیاندنەکان بە تایبەتیی تەلەفزیۆنەکان خۆیان بپارێزن لەو هەڵە زەقە و چیتر لە ئاهەنگی پێشوازییکردن لە ساڵی نوێ ئەو دو هێمایە دانەنێن کە هیچ پەیوەندییان بە هاتنی ساڵی نوێ وە نییە .
PM:04:31:22/01/2025
ئهم بابهته 524
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی