دوای ئازادكردنی سلێمان ئەحمەد چی بكرێت؟

‌نیاز عه‌بدوڵڵا

پاش هێشتنەوەی بۆ ماوەی ٤٥٤ رۆژ لە زیندان و تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر سزادانی بە سێ ساڵ زیندانیكردن لەلایەن دادگای دهۆك، رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دوای هەوڵدان و گفتوگۆیەكی دوورودرێژی سیاسی ئازادكرا.

پەیامنێرەكەی بەشی عەرەبی رۆژنیوز، لەدوای چوونی بۆ رۆژئاڤای كوردستان و بەشداریكردنی لە پرسەی مردنی باوكی، لەكاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان رۆژی ٢٠٢٣.١٠.٢٥ لە دەروازەی سنووری فیشخابوور دەستگیر و بێسەروشوێنكرا، بۆ ماوەی ٢١١ رۆژ لە زیندان رێگای پێنەدرا پەیوەندی بە خانەوادەكەی و پارێزەرەكانی بكات؛ لەوماوەیەشدا بە سەختی وەكو گەورە تاوانبارێك لە ژێر لێكۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشدا بوو و بێبەشكرا لە تەواوی مافە یاساییەكانی. 

ئەو رۆژنامەنووسە لە تەواوی ئەو ١٥ مانگەی بەبێ هیچ بەڵگەیەكی تاوان لە زینداندا هێڵدرایەوە، لەلایەن ئاسایشی پارێزگای دهۆكەوە هەمان تۆمەتەكانی زیندانیانی سیاسی دیكەی بادینانی ئاراستەكرا، كە بەهۆیەوە زیاتر لە ٨١ رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی بادینانی پێدەستگیر و زیندانیكرا. 

سلێمان ئەحمەد بە تەنیا بە هەوڵی پارێزەرە یاساییەكانی و فشاری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و، بڕیاری درەنگ وەختی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان و بێتاونكردنی ئازادنەكرا، بەڵكو بە هەوڵ و گفتوگۆی سیاسی دوورودرێژی رۆژئاڤای كوردستان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئازادكرا كە لە دوای دەستگیركردنی ناوبراوەوە دەستیپێكردبوو، وە پارتی لەگەڵ ئەوەی بەڵێنی ئازادكردنی دابوو بەڵام ئازادكردنەكەی بەتەواوی دواخست.

بۆیە بە تێگەیشتن لە گرنگی فشارە سیاسیی و مەدەنییەكان لە دۆسیەی ئازادكردنی رۆژنامەنووسان و زیندانیانی سیاسی بادینان، لە ئێستادا پێویستە ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەی بانگەشەی بەرگریكردن لە رۆژنامەنووسان و ئازادی رادەربڕین دەكەن،  پێشمەرجی بەشداریكردنیان لە حكومەت لەگەڵ پارتی، لە بری شەڕكردن بۆ پلە و بەدەستهێنانی پۆست، ئازادكردنی هەردوو رۆژنامەنووس شێروان شێروانی و قارەمان شوكری زەینەدین بێت.

هەروەها پێویستە لە نووسینەوەی كارنامەی حكومەتدا، هەموو فشار و رۆڵێكی خۆیان بەكاربهێنن تا دەستەبەری تەواوی مەرجەكانی ئازادی رادەربڕین بكەن، چونكە 
شەرمەزارییەكی گەورەیە بۆ تەواوی ئەو هێزانەی بانگەشەی بەرگریكردنیان لە زیندانیانی بادینان دەكرد، لە ئێستادا بە وشەیەكیش داوا لە پارتی دیموكرات و مەسرور بارزانی ناكەن تا لایەنی كەم لە كابینەی حكومەتی داهاتوویدا دەستبەرداری كینەی تایبەتی ببێت بەرامبەر بە هەردوو رۆژنامەنووس شێروان شێروانی و قارەمان شوكری زەینەدین، تا چیدیكە رێگری نەكات لە ئازادكردنیان. 

شێوازی دەستگیركردن و ئازادكردنی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، ئەو پەیامە پشتڕاست دەكاتەوە كە دادگاكانی هەرێمی كوردستان لە بڕیارەكانیان بەرامبەر بە سزادانی رۆژنامەنووسان تێوەگلاون لە دەستتێوەردانی حیزبی و بۆ سەركوتكردنی ئازادی رادەربڕین خراونەتە خزمەت دەسەڵات؛ لەو پێناوەشدا ماددەی یەك لە یاسای ژمارە ٢١ی هەمواری سزادانی عێراقی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی كوردستان و ماددەی دووی یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨ی خراپ بەكارهێانانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن بەكاردەهێنن، تا لە رێگایەوە قورسترین سزاكان بەسەر رۆژنامەنووساندا بسەپێنن.

رازیبوونی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی بە بەردەوامبوونی سەركوتكردنی ئازادی رادەربڕین و زینداندانیكردنی رۆژنامەنووسان و درێژەپێدانی لە كابینەی ١٠ی حكومەتی هەرێم، هیچ دەرفەتێكی بانگەشەكردنی "جیاوازی سیاسی"یان لەگەڵ پارتی بۆ ناهێڵێتەوە.


PM:07:19:21/01/2025

ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی