كێ براوەی شەڕی غەززە بوو؟

‌کەنعان بەهادين

دوای 15 مانگ لە شەڕ و كووشتاری قوورس، رۆژی  15ـی کانوونی دووەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستی غەززە و پرسی ئازادکردنی دیل و بارمتەکان گەیشتنە ڕێککەوتن.

ژمارەی كوژراوان لە غەززە لە 47 هەزار كەس نزیكبووەوە و نزیكەی 100 هەزار كەسی دیكەش بریندار بوون كە زۆربەیان ژن و منداڵن، بە گوێرەی زانیارییەكانیش نزیكەی 1189 سەرباز و مستەوتنی ئیسرائیلی كوژراون، جیا لە كوژران و ونبوونی 450 ئەفسەری دیكەی باڵا و برینداربوونی پێنج هەزار سەربازی ئیسرائیلی و تێیاندا 695یان برینەكەیان مەترسیدارە و بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیمانگەی توێژینەوەی ئیسرائیل، 19 هەزار هاووڵاتی ئیسرائیلی لەو جەنگەدا بریندار بوونە.

چەكدارانی حەماس ناویان لە ئۆپراسیۆنەكە نا، تۆفانی ئەقسا، بەهۆیەوە یەحیا سنواری سەركردەی دیاری حەماس كوژرا، ئیسرائیلییەكانیش بێ ناونانی، دەستیان بە ئۆپراسیۆنی سەربازی كرد و لەسەدا 70ـی ژێرخانی مرۆیی غەززەیان لەناو برد.

لەلایەكی دیكەوە، ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ئەگەری ڕێککەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس و راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، بێ دوو دڵی، دەست لە کار هەڵدەگرێت و لە حکوومەت دوور دەکەوێتەوە.

بەڕای من ئێران لە دوورخستنەوەی شەڕ لە وڵاتەكەی سەركەوتوو بوو، ئەمیش لە رێگەی وێرانكردنی غەززە و لوبنان و سووریا، لە هەوڵیشدایە عێراق تێوەبگلێنێت.

لە گۆڕەپانی جەنگەكەش، غەززەییەكان بەهۆی ئەو شەڕەوە ماندوو بوون، وێڕای ئەوەش دۆخی ناوخۆیی ئیسرائیل و ئابوورییەكەی خراپ بووە، چونكە ماوەی 15 مانگە ئەو وڵاتە چەك دەكڕێت و شەڕی غەززە و لوبنان و سووریا و یەمەنی پێدەكات.

ئەوەی لە قۆناغی داهاتوو روودەدات، نزیكتربوونەوەی زیاتری ئیسرائیل و ئەمەریكایە لە سنوورەكانی ئێران، بەوەی لوبنان و سووریا و غەززەش وەك قەڵاكانی تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كەوتنە ژێر دەسەڵاتییان.

هەروەها ژمارەیەكی زۆری ئەو سەركردە مەیدانییانەی كە ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتی پێ دەبەستوون، كوژران، ئابووری ئەو وڵاتە لە ناوخۆدا داتەپیووە.

توركیاش لەو جەنگە سوودمەند بوو، بەوەی لەلایەن واشنتنەوە ئەركی ئیدارەدانی ناوچەكەی پێدراوە.


PM:12:15:17/01/2025

ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی