کۆبوونەوەی نهێنی!

‌دڵشاد ئەنوەر

ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نهێنی و دوور لە چاوی ڕای گشتی بۆ دام و دەزگای هەواڵگیری و سەربازی و ئەمنی ئاساییە، بەو پێیەی ئیشی ئەم دامەزراوانە گرێدراوە بە ئاسایشی وڵات و ڕوو بە ڕوو بوونەوەی تاوانکاری.

واتە ئیش وکارەکانیان وا دەخوازێت نهێنی و دوور لە چاوی ڕای گشتی تا ڕادەیەک ئەنجام بدرێ، بەو پێیەی تایبەتمەندی نهێنی و ئەمنییەتی تێدایە، بەڵام ئەو دامەزراوەو فەرمانگانەی راستەوخۆ پەیوەندیدارن بە ژیانی خەڵکەوە، ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نهێنی چی واتایەکی هەیە.

* پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان، وەبەرهێنان، تەندروستی ، شارەوانی، پەروەردە، کشتوکاڵ و زۆر دامەزراوەی تری خزمەتگوزاری، هەر لە وەزارەتەوە تا بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکان، مادام ئیش و کاریان گرێدراوە بە ژیانی خەڵکەوە، کۆبوونەوەی نهێنی جگە لە شاردنەوەی حەقیقەت چی واتایەکی هەیە.

ئەسڵەن کاتێک ئەم وەزارەتانە کۆبوونەوە دەکەن، یاخود بەڕێوەبەرایەتییەکانیان کۆبوونەوە دەکەن، ناڵێم لە کاتی هەستیاردا، بەڵکو لە کاتی ئاساییدا، گەر دەرگا بە ڕووی خەڵکدا کراوە بێت و خەڵک بەشدار بێت لەو کۆبوونەوانەدا، جیا لەوەی نهێنی نامێنێ، بواری گەندەڵی بەرتەسک دەکرێتەوەو شەفافیەت بەرجەستە دەکرێ، پێدەچێت پێشنیاری گرنگیش بخرێتەڕوو..

بۆ نموونە؛ بەڕێوەبەری وەزارەتەکان دابڕاون لە کۆمەڵگاو تێکەڵی ناکەن، ئەندامانی بەڕێوەبەراییەتییەکان مەرج نییە هەموو شت بزانن، ڕەنگە وەستایەک، کاسبێک، کرێکارێک، بازرگانێک گەر وەکو ئامادەبوو و تەماشاکەر بەشدار بێت لەو دانیشتنانە، پێشنیاری وا گرنگ بخاتەڕوو، هەم حکومەت و فەرمانگەکانیش سودی لێ ببینن.

* بۆ نوسراوی تەندروستی و کشتوکاڵ و وەبەرهێنان و شارەوانی نهێنی بێت، کاتێک نوسراوێک دزە بکات و بکرێتە هەواڵ، ئەی مەگەر ئەو وەزارەت و فەرمانگانە گرێدراو نین بە ژیانی خەڵکەوە، بۆ میدیا نوسراویان دزە پێ بکات، بۆ هەموو شت بۆ خەڵک ئاشکرا نەبێ، گەر کونیە پاک بێ؟!

* ئەی دادگا دۆسیەی گەندەڵی دەڕواتە لای بۆ بیشارێتەوە، یاخود تاوانبارێک دادگایی دەکات، بۆ هەمووان بینەری عەدالەت نەبن؟!

* یاخود کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی زانکۆ بۆ تەنها کۆمەڵێک ریبات لە ملی بێ بەهرە تێیدا دانیشن، ئەی بۆ خوێندکار تێیدا بەشدار نەبێ کە ئەسڵی کۆبوونەوەکە بۆ موناقەشە کردنی ئیش و کارو چارەنوسی ئەوە، خۆ ڕەنگە خوێندکار هەبێت زۆر لە مامۆستاکەی بیر کراوەتر بێ؟!
* ئەنجومەنی وەزیران جیا لە کۆبوونەوەی هەستیارو تاوتويکردنی شتی دەرەکی، کاتێک تێیدا موناقەشەی ژیانی خەڵک دەکرێ، بۆ خەڵک بێ ئاگا بێت لە ناوەڕۆکەکەی و هەر میدیاو بەجۆرێک بیگویزێتەوە، ئەی بۆ خەڵک راستەوخۆ بینەر نەبێت؟!
*
جارێک لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی ویلایەتی مۆنتانای ئەمەریکا، موناقەشەی ڕاوکردن و سروشت بوو، ئێمە وەکو میوان ئامادە بووین، گوێمان لە هەموو مشتو مڕەکان گرت، هەموو هاوڵاتییەکیش بۆی هەبوو لەوێ ئامادە بێت.

* ئیسرائیل بەو هەموو کێشمەکێشەی هەیەتی، میدیاکانی ئازادانە شت دەگوێزنەوەو نهێنی شەڕەکان باس دەکەن، جیا لەهەندێک بابەتی گرێدراو بە ئاسایشی نیشتمانی..
بۆیە:
وڵات تا شەفاف بێت، تا خەڵک بەشداری پێ بکات، تا بواری نهێنی و گەندەڵی بەرتەسک بکاتەوە، ئەو وڵاتە زیاتر پێش دەکەوێت.


PM:08:23:12/01/2025

ئه‌م بابه‌ته 708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی