ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی (قەڵەو)ی لە دەسەڵات و ڕۆڵدا

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

قوربانیدان، وەک چەمکێک، هێندەی خودی مرۆڤایەتی کۆنە. کات و کولتوورەکان تێدەپەڕێنێت، لە ڕێوڕەسم و عەقیدەی ئایینی و مانۆڕی سیاسی و تەنانەت یاسا نەنووسراوەکانی سروشتدا دەبینرێت.

قوربانیدان تەنیا کردەوەیەکی پێشکەشکردن یان لەدەستدان نییە؛ یارییەکی قووڵی نێوان هێما و دەسەڵات و گۆڕانکاریشە.

ئەم وتارە لە پرۆسەی قوربانیدان وەک میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی زیادەڕەوی، چ لە دەسەڵات، چ لە سەروەت و سامان، یان کاریگەریدا قوڵ دەبێتەوە، ودەیبەستێتەوە بە نەخشە خولگەییەکانی دینامیکی سیاسی و مێژوویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە ئەفسانەوە بۆ واقیع
بەشێوەی باو قوربانیکردن، بەخشینێکی پڕلەڕەزامەندیە، کاتێک هەست بەزاڵ بوونی سیستەمێکی ناهاوسەنگ دەکەیت، هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی، تا ئەم دواییانەیش خەڵکی دەوروبەری ڕووباری خازر بۆ دامرکاندنەوەی تورەیی و گێڕانەوەی هاوسەنگی ڕووبارەکە قوربانییان بۆی دەکرد، قوربانییەک کە هەرگیز بێ وەڵام نەبوو، لورەلوری ڕووبارەکە ترس و هەیبەتەکەی کە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە لەگەڵ لنتکەخوێنی قوربانییەکە لەدەرونی خەڵکەکەدا هاوسەنگ دەبۆوە.

جۆزێف کامپبێل لە لێکۆڵینەوەکانیدا بۆ ئەفسانە، قوربانیدان بە "قەیرانی پێویست" وەسف دەکات، کە مردن، مانەوە و هاوئاهەنگی بەکۆمەڵ مسۆگەر دەکات.

لە دیمەنی سیاسی مۆدێرن دا قوربانیدان بە شێوەیەکی جیاواز ومێتافۆریک ڕۆڵ دەبینێت. دیتمان چۆن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەوڵەتان، سەرکردەکان، یان بزووتنەوەکان ئەوانەی بە شێوەیەکی سەرنج ڕاکێش گەورە دەبن، دەبنە ئامانجی گەورەترەکان ، لەبەرامبەریاندا خەڵک ڕاست دەکەنەوە، یان لەشکرکێشییان بۆ سەردەکرێت.

دیاردەی " بە قوربانیکردنی قەڵەوەکان"، شتێکی نوێ نییە بەڵکو ڵە دەروونی سیاسی گەلاندا بە قووڵی ڕەگەی داکوتاوە.

کاتێک هێزێک لە سنوورەکانی زیاتر قاچەکانی درێژدەکات جا لە ڕێگەی فراوانبوون، سامان، یان کاریگەرییەوە بێ و بوبێتە هەڕەشە بۆ سەر هاوسەنگی دەکرێتە قوربانی.

لە کەیسی سەدام حوسێن و ڕژێمەکەی کە بۆ دەیان ساڵ دەسەڵاتێکی ملهوڕانەی هەبوو، بۆ نموونەی ڕێکخراوەکان لەم نزیکانەیش حەسەن نصراڵلە و سنوار، دەرخەری ئەوەن کە چۆن بزووتنەوەیەک کە وەک هێزێکی هەڵکشاو هەستی پێدەکرێت، دەبێتە بابەتی کردەوەی دەستەجەمعی.

ئەم بەقوربانیکردنانە کردەوەی هەڕەمەکی نین، کردەی هەڵسەنگێندراون، ئەمڕۆش دەشێت ناو لە دیزاینە نوێیەکەی ناوچەکە بنێین پڕۆسەی بەقوربانێکردنی ئەوهێزانەی کە هێجگار قەڵەو ببوون، بۆ نموونەی ئێران لە باستانییەوە بۆ باکوری ئەفریقاو دەریای سور پەلوپۆی هاویشتبوو.

قوربانیدان و کۆنتێکستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی زیندووی بەقوربانیکردنی قەڵەوەکاندا تێدەپەڕێت، ئەبوایە لەم دۆخانەدا لاوازەکان بکەونە ژێر دەست وپێ و ببنە قوربانی، ئەمە لۆژیکێکی دیکەیە لێرە باسدەکرێت، بە قوربانێکردنی بەهێزەکانە.

لە ڕووی مێژووییەوە ئەم ناوچەیە شاهیدی سەرهەڵدان و ڕووخانی ئەو ئیمپراتۆریەت و خەلافەت و ڕژێمانە بووە کە سنوورەکانیان تێپەڕاندووە. ئێران بە پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، نموونەیەکی هاوچەرخە. تێوەگلانی لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن تێکدانی جۆرێک لە هاووسەنگیش بوە، ئەمەش وایکردووە نەیارانی بە تامەزرۆییەوە ببنە هاوپەیمان و سنوری هەژموونەکەی لە یەمەنەوە بۆ عێراق دابەش بکەن

کاتێک لۆژیکی هێزو قوربانی لە ئارادایە تورکیاش لەسەر چەقی ئەم دینامیکییە دەوەستێت.

سیاسەتی توندو شێلگیرانەی دەرەوەی و تەماحە سیاسی، عوسمانی و ئابوورییەکان و دەسەڵاتخوازی ناوخۆیی کەمەندکێشی تووڕەیی ئەکتەرە ناوچەیی و جیهانییەکان دەکات و خۆیان بۆ پارچەکێکەکە ئامادەدەکەن.

ئەگەر مێژوو وەک چاوساغێک (ڕێنوێنیکەر) تەماشا بکەین ، تورکیا مەترسی ئەوەی لەسەرە کە ببێتە "گای قەڵەو"ی داهاتوو لە ڕێوڕەسمەکانی قوربانیدانی ناوچەکەدا ببەشرێتەوە.

فەیلەسوف و نووسەران لە مێژە لەگەڵ ئەخلاق و تێگەی پێویستی قوربانیدان دەجەنگن. فریدریش نیچە، لە کتێبی (Thus Spoke Zarathustra)دا، قوربانیدان وەک کردەوەیەکی داهێنەرانە سەیر دەکات، کە لەوانەیە پشکۆی نوێ لە خۆڵەمێشی داتەپیودا بگەشێتەوە.

لە بەرامبەردا ژان پۆڵ سارتەر تیشکی خستە سەر بارگرانی بوونگەرایی قوربانیدان و ئاماژەی بەوەدا کە کردەوەکە هەرگیز لە تاوانباری و بەرپرسیارێتی بە دوور نییە.

لە کایەی بیری سیاسیدا چەمکی هەژموونی ئەنتۆنیۆ گرامشی لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە دێتەوە، کە هێزە باڵادەستەکان بە ناچاری ڕووبەڕووی بەرپەرچدانەوە دەبنەوە.

کاتێک هەژموونەکەی زۆر ستەمکارانە یان خۆبەزلزانانە دەبێت، خۆی بە پیل مەرگی خۆیەوە دەچێت کە جۆرێکە لە بەقوربانی کردنی سیاسی کە بەهاوبەشی پەراوێزخراوەکانەوە دەست پێ دەکات.

زیادەڕەوی و دادپەروەری
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێماکانی قوربانیدان بە توندی بە زیادەڕەوییەوە بەستراونەتەوە. سەرکردەیەک کە سامانێکی زۆر کۆدەکاتەوە، نەتەوەیەک کە زۆر شەڕانگێزانە هەژموونی فراوانتر دەکات، یان بزووتنەوەیەک کە کاریگەرییەکی مایەیی سەرنجی هەبێت ، دەبێتە "گای قەڵەو"ی گۆڕەپانی سیاسی. کردەی قوربانیدانەکە دەست پێدەکات، جا لە ڕێگەی دەستێوەردانی سەربازییەوە بێت، یان لە ڕێگەی سەپاندنی سزاکانەوە بێت، سەرەنجام دەخرێتە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی کەوی ( ماڵی) کردنەوە.

قوربانیدان لە سیاسەتدا پڕۆسەیەکی بێ کۆتاییە، وەڵامێکە بۆ ناهاوسەنگییە هەستپێکراوەکان، میکانیزمێکە بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات وخێروبێرەکانی. بۆ ئەوانەیش کە زیادەڕەوی دەکەن، سیگنالێکه و ئاماژە بە "زۆر قەڵەو" بونیان ودەشکرێنە قوربانی.

چارەنووسی ئێران و تورکیا و ئەکتەرەکانی دیکە کە لە لێواری زیادەڕەویدا سەمادەکەن، سروشتی خولگەیی دەسەڵات و قوربانیدانمان نیشان دەدەن.

قوربانیدان وەک بنەمایەکی گشتگیر
قوربانیدان، بە فۆرمە زۆرەکانییەوە، بنەمایەکی گشتگیرە. ئەو میکانیزمەیە کە کۆمەڵگاکان و نەتەوەکان و تەنانەت سروشتیش بەهۆیەوە خۆیان ڕاستەڕێ دەکەنەوە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پرۆسەی قوربانیکردنی قەڵەوەکان، ئەوانەی سنوورەکانیان تێدەپەڕێنن، وەک بیرهێنانەوەی مەترسییەکانی دەسەڵاتی بێ سنوور ڕۆڵ دەبینێت.

لە کاتێکدا ئێمە ئەم دیاردەیە دەپشکنین، دەبێت سروشتە دووانەییەکەیشی بناسین، قوربانیدان هەم ئامرازی دادپەروەرییە و هەم چەکی دەسەڵاتدارەکانە. بۆ ئەوەی بە تەواوی لێی تێبگەین، پێویستە ئەو هێزانە بپشکنین کە داوای دەکەن. تەنیا ئەو کاتە دەتوانین لە مانای ڕاستەقینەی و کاریگەرییەکانی بۆ داهاتوو تێبگەین.


PM:11:21:09/01/2025

ئه‌م بابه‌ته 892 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی