هەنگاوێک بۆ پێشەوە، 1400 هەنگاو بۆ دواوە

‌د. نازەنین عوسمان

لە 2003وە، لەدوای رووخانی رژێمی بەعس و گۆڕانی حکومەتی عیراق، دەستووری تازە بە رەزامەندی زۆربەی پێکهاتەکانی عیراق دانرا. پاش چەند ساڵێک، دەنگی داوای گۆڕینی بەشێک لە دەستوور لەلایەن پەرلەمانتارانی شیعەمەزهەبی باڵادەست بەرز بووەوە، بەتایبەتی بۆ هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی، بەڵام ئەو دەنگانە بەهۆی هێزی دەرەکی و هێزی پێشکەوتنخوازانی عیراقی لەگەڵ پەرلەمانتارانی سوننەمەزهەب و کورد، خامۆش دەکران و نەیاندەهێشت زۆر بەرز ببنەوە و سەربگرن.

لە 2023وە ئەم دەنگە لە نێو پەرلەمانی عیراقی زیاتر بەرز بووەتەوە، بەتایبەتی لە نێو هێزە شیعەمەزهەبەکان، کە زۆرینەن. ئەم هێزە توانیویەتی هێزی پەرلەمانی سوننە ببەستێتەوە بەوەی مەرجی بۆ کوتلە سوننییەکان داناوە کە تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری کەسێتی، پەیوەست بکرێت بە تێپەڕاندنی هەمواری یاسای زیندانیی سیاسییەوە، کە لە بەرژەوەندیی هێزە سوننییەکاندایە.
مەترسی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عیراقی زۆر گەورەیە لەسەر کۆمەڵگە بەگشتی، ژن و کچ بەتایبەتی.

یاسای باری کەسێتی عیراقی؛ بە یاسای ژمارە 188 دەناسرێت و لە ساڵی 1959 دانراوە و تا ئێستا چەندین جار هەموار کراوەتەوە. هەموارکردنی ئەو یاسایە لە ساڵی 1987، زۆر لە بەرژەوەندیی ژندا بووە و مافی زۆری داوە بە ژن لە شووکردن، جیابوونەوە، بەخێوکردنی منداڵ (دایەنی - حچانه‌) و وەرسە. یاسای ژمارە 188، یاسایەکی شارستانییە و رێز لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عیراقی دەگرێت لە ئایینەکان، مەزهەبەکان و رەگەزەکان و لە ریزی یاساکانی کەسێتی وڵاتانی پێشکەوتوو دادەنرێت.

رەنگە هەندێک کەموکوڕی لە هەندێک مادەیدا هەبێت، وەک لە مادەی سەرپەرشتیی منداڵ لەلایەن باوکەوە دوای جیابوونەوە، بەتایبەتی لە کەمیی پەیوەندی و دیتنی نێوان باوک و منداڵ. ئەم کێشەیە لە هەرێم چارەسەر کراوە و ئەو مادەیە هەموار کراوەتەوە و رێگە بۆ باوک خۆش کراوە منداڵەکانی ببینێت و بەشدار بێت لە پەروەردەیاندا.

ئەو رەشنووسەی شیعەمەزهەبەکان پێشکەشیان کردووە، یاسای باری کەسێتی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی سەرەتای ئیسلام، لە هەندێک خاڵدا خراپتریشە.

بۆ بەرپەچدانەوەی هەر خاڵێکی ئەو رەشنووسە، هێزی شیعە دەڵێن "ناکرێت دژی شەریعەتی خوا و پێغەمبەرەکەی بین. پێغەمبەر لە شەش ساڵیدا عائیشەی هێناوە و لە نۆ ساڵی لەگەڵیدا داخیل بووە".

 یەکێک لە خاڵە رەشەکانی ئەو رەشنووسە: بەشوودانی کیژۆڵەیە. لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی رەشنووسەکە، تەمەنی بەشوودانی کچیان دانابوو بە نۆ ساڵ، بەڵام لە پاش ناڕەزاییەکی زۆر، کردوویانە بە 14 ساڵ.

 لە نێو مەزهەبەکانی سوننە و شیعە، تەمەنی باڵقبوونی کچ جیاوازە، ئەو تەمەنەش دادەنرێت بەوەی کە کچ ئامادەیە بۆ شووکردن. لە لای حەنەفی و مالیکی، لە تەمەنی 17 ساڵیدایە، لای شافعی و حەنبەلی، لە 15 ساڵیدایە، لە سەحیحی بوخاریشدا نۆ ساڵە و هەندێک لە ئەهلی سوننە کار بەوە دەکەن. هەرچی لای شیعەیە، لە تەمەنی نۆ ساڵیدایە.

لە هەموو مەزهەبەکاندا بەشوودانی منداڵ (لەژێر 11 ساڵ)، مێرمنداڵ (11 ساڵی تا 15 ساڵی)، هەرزەکار (15 ساڵی تا 18 ساڵی) رێگەپێدراوە، بەڵام جیاوازی لە تەمەنی گواستنەوەکەیەتی، ئەمەش بەپێی تەمەنی باڵقبوونی کچ، لە مەزهەبەکاندا دەگۆڕێت.
لە یاسای باری کەسێتیی ئێستادا، تەمەنی شووکردن 18 ساڵە، بەڵام دەکرێت لە 15 ساڵییەوە بێت بە رەزامەندی دادوەر و بەرپرسی منداڵەکە و منداڵەکە، ئەوەش تەنیا لە هەندێک دۆخی تایبەتدا.

ئەم رەشنووسەی ئێستای شیعە هێندە نائاساییە، رێگە بە پیاو دەدات گەر منداڵێکی (خوار نۆ ساڵ)ی مارە کرد؛ یاریی جنسیی لەگەڵدا بکات، خۆی پێ رەحەت بکات، تەنیا ناتوانێت داخیلی بێت. ئەمە رێگەپێدانێکی ئاشکرا و بە یاساییکردنی منداڵبازییە.
لێرەدا گرێبەستی هاوسەرگیری تەنیا لە رووی باڵقبوونی کچەکەوە دەبینن، کە دەکرێت سێکسی لەگەڵ بکرێت، رەچاوی ئەوە نەکراوە کە هاوسەرگیری لە سێکس زۆر فراوانترە و ئەرکێکی قورسە و دواڕۆژی خێزان و کۆمەڵگەی لەسەر بەندە. هەرچەندە دەڵێن ئەو کچە شیاو بێت و ئامادە بێت بە هزر و جەستە بۆ شووکردن. بەڵام منداڵێک دەبێت هزری چەندە گەشەی کردبێت تا بتوانێت خێزان و ئەرکەکانی بەڕێوە ببات!؟

خاڵێکی تر لەو رەشنووسە، رێگەپێدانی هێنانی ژنی دووەم و سێیەم و چوارەمە. بەپێی یاسای باری کەسێتی عیراقی، دەبێت رەزامەندی ژنی یەکەمی لەگەڵ بێت، لەم رەشنووسەدا پێویست بەو رەزامەندییە ناکات. لەم رەشنووسەدا؛ مەلا لە دەرەوەی دادگە مارەی دەبڕێت و ئەو مارەییە دەخرێتە بەردەم دادوەر و دادوەر دەبێت رازی بێت، بەڵام ئەمە لە یاسای باری کەسێتی عیراقیی ئێستادا قەدەغەیە. بەم شێوەیە، هێز دەداتە دەسەڵاتی پیاوی ئایینی و دەسەڵاتی دادوەریی کەم دەکاتەوە. بەڵگەیان بۆ رێگەدانی فرەژنی، ئەو بەشەیە لە ئایەتێکی سورەتی (النسا‌و) کە دەڵێت: (فَانكِحُوا مَا گَابَ ڵكُم مِّنَ النِّسَا‌وِ مَپْنَی‌ٰ وَپُڵاپَ وَرُبَاعَ ۖ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا تَعْدِلُوا فَوَاحِدَه‌ً). مەبەستی سەرەکیی رەشنووسەکە لەو خاڵە، هاوسەرگیرییە لەگەڵ منداڵی خوار تەمەنی یاسایی. هەروەها مەترسییەکی گەورە لەسەر ژن دروست دەبێت لە کاتی جیابوونەوە، لە وەرگرتنی مافەکانیدا کێشەی بۆ دروست دەبێت، بەتایبەتی گەر شاهیدەکان پشتی نەگرن.
خاڵێکی تری ئەو رەشنووسە، دەبێتە مەترسی بۆ دایەنیکردن لەدوای جیابوونەوە. بەپێی یاسای باری کەسێتیی ئێستا، دایک تا منداڵەکەی دەبێتە 15 ساڵ، مافی دایەنی (حچانه‌)ی هەیە و منداڵەکە لای دایکی دەمێنێتەوە و باوکی منداڵەکە دەبێت نەفەقەی بدات. رەشنووسەکە لە سەرەتادا مافی دایەنیی هەتا دوو ساڵ دەدا بە دایک، بەڵام ئێستا دوای دەربڕینی ناڕەزاییەکی زۆری رێکخراوەکانی ژنان، کردوویانە بە حەوت ساڵ، بەمەرجێک ژنەکە شوو نەکاتەوە، ئەگەرنا منداڵەکەی لێ دەستێنرێتەوە گەر تەمەنی هەرچەندە بێت، تەنانەت ئەگەر شیرەخۆرەش بێت. بەڵگەی گۆڕینی ئەم مادەیە، پیاوانی شیعە تەنیا ئەم خاڵە زەقدەکەنەوە و دەڵێن "تا رێگری لە زۆریی ژمارەی جیابوونەوە بکەین؛ ژن سوودی لە یاسای ئێستا وەرگرتووە، بۆیە جیا دەبێتەوە تا نەفەقە وەربگرێت"، بەڵام ئاشکرائە هۆکارەکانی جیابوونەوە زۆرن و ئاڵۆزن.

مادەیەکی تر، لەسەر وەرەسەیە. لەو رەشنووسەی ئێستا، ژن مەحرووم دەکات لە وەرگرتنی زەوی موڵکی نیشتەجێبوون و کشتوکاڵی. لەکاتێکدا ئەم مافە هەتا لە پێش ئیسلامیشدا هەبووە و ژن میراتیی بۆ ماوەتەوە؛ خەدیجەی هاوسەری پێغەمبەر، لە رێگەی میراتەوە دەوڵەمەند بووە و توانیویەتی ئیش بدات بە پێغەمبەر.

یەکێک لە خاڵە رەشەکانی تری ئەم رەشنووسە، ئەوەیە هەر کەسە بە ئارەزووی خۆی و لەسەر چ مەزهەبێک بیەوێت دەتوانێت گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی بکات، خۆ ئەگەر ژن و پیاوەکە رێک نەکەوتن یاخود لە دوو مەزهەبی جیاواز بوون، ئەوا لەسەر مەزهەبی پیاوەکە گرێبەستەکە دەکرێت. ئەم شێوەیە لە گرێبەست، لە دواڕۆژدا کێشە زۆر دروست دەکات؛ چ بۆ بەشوودان و ژنهێنان، چ بۆ کاتی جیابوونەو و نەفەقە، چ بۆ وەرەسە... دادگەکان پڕ دەبن لە کێشە و ناڕوونی لە چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەکان، لەوەش خراپتر، رێگەدان بە وەقفی سوننە و شیعە بەوەی جێگەی دادگەکان بگرنەوە.

خاڵێکی تر، ژن مافی نەفەقەی نابێت گەر چێژ و خۆشی نەداتە پیاوەکەی و گوێگری نەبێت و بە حەزی پیاوەکە هەڵسوکەوت نەکات. بەمە کەسایەتی ژن دەسڕێتەوە و توندوتیژیی خێزانی زۆر دەبێت.

خاڵێکی تر، جیابوونەوەیە. دەسەڵاتی جیابوونەوە تەنیا لە دەستی پیاودایە، تەنیا لە کاتی خولع یاخود کاتی بەستنی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکە نەبێت؛ گەر ژنەکە ئەو مەرجەی دانابێت.

کێشەی ئەو رەشنووسە لەوە گەورەترە کە مافی ژن و کیژۆڵە پێشێل دەکات، لەوانە: گۆڕینی عیراق لە وڵاتێکی شارستانییەوە بۆ وڵاتێکی مەزهەبی، کەمکردنەوەی توانای دادگە و دادوەر، بەهێزکردنی دەسەڵاتی پیاوی ئایینی و حزبە ئایینییە سیاسییەکان، تەنانەت عیراق دەخاتە کێشەوە لەگەڵ بەشێک لە رێکخراوەکانی جیهان و پەیماننامەکان کە عیراق واژووی لەسەر کردوون و لەسەر بنەمای واژووکردنەکەی چەندین جۆر یارمەتی وەردەگرێت، هەروەها لەسەر مەحالیفی وڵاتان پێگەی لەق دەکات. هەروەک رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، مەترسییەکانی ئاشکرا کرد لەوەی: بەشوودان لە دەرەوەی دادگەکان زۆر دەبێت و زیاتر کیژۆڵە دەگرێتەوە، کێشەی بەشوودانی قاسر توندوتیژیی جنسی و جەستەیی زیاد دەکات، ئەو کیژۆڵانە لە خوێندن دادەبڕێن و دایکی نەخوێندەوار و نەزان زۆر دەبێت، ژمارەی مردنی کۆرپەلە بەرز دەبێتەوە و مافخوراو دەبن و نازانن داوای مافەکانیان بکەن.

سەرەڕای ئەمانە، عیراق واژووی لەسەر پەیماننامەی سیداو (پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری بەرانبەر بە ژنان)ی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە. بەپێی ئەم رەشنووسە، حاڵەتی ژن بە پێچەوانەی ئەم رێککەوتنە دەبێت؛ ژن دەسەڵاتی نە بەسەر ژیانی، نە بەسەر ماڵ و منداڵیدا نابێت و پیاو هەموو دەسەڵاتێکی خێزانی بەدەستەوە دەبێت. ژن تەنیا دەبێتە ئامێرێکی منداڵ دروستکەر و بەجێهێنەری حەزی پیاو. کچ هەر لە لەدایکبوونییەوە دواڕۆژی بۆ دەنووسرێت، کە ئەمەش بەتەواوەتی دژی پەیماننامەی سیداوە.
ئێمەی کورد رەنگە بڵێین ئەو یاسایە بۆ کوردستان نییە و هەرێم پەرلەمان و یاسادانەری خۆی هەیە. بیرمان نەچێت، بەشێک لە کوردستان لە دەرەوەی هەرێمە، ئەو رەشنووسە گەر سەربگرێت، ئەوا بەشێک لە هاوڵاتیانمان دەکەونە ژێر هەژموونی ئەم یاسایە و بەشێك لە کوردیش لە مەزهەبی شیعەن. جگە لەمەش، وەکوو مرۆڤ و وەکوو ژن، مافی مرۆڤ و چارەنووسی منداڵەکانمان لە عیراق لە مەترسیدایە. ناکرێت کێشەیەک لە کۆمەڵدا هەبێت لەجیاتی ئەوەی چارەسەر بۆ کێشەکە بدۆزینەوە، بێین یاسایەکی گونجاو بگۆڕین بە یاسایەکی نابەجێ و کێشەکانی کۆمەڵگە ئاڵۆزتر بکەین. کۆمەڵگە لە ژن و پیاو پێکهاتووە، خۆشەویستی و هاوکاری و پشتبەستن بە یەکتر، کۆمەڵ بەرەو پێشەوە دەبات، نەک جیاکاری و لایەنێکی بەهێز و لایەنكی لاواز و بێدەسەڵات.


 


PM:09:30:29/12/2024

ئه‌م بابه‌ته 1296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی