بۆ داهاتووی سووریا دەبێت بڵێین سەد رەحمەت لە عێراق
کارزان حاجی قادر
لەبارەی داهاتووی سووریا و پێکهێنانی حکومەت لەلایەن گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن لێکدانەوە و شڕۆڤەی جیاجیا دەکرێت، هەندێک لە چاودێران و شڕۆڤەکاران پێیانوایە، ئاییندەی ئەو وڵاتە گەش و پڕشنگدار دەبێت و هەندێکی دیکەش بارودۆخەکە بە پێچەوانەوە دەبینن و پێیانوایە، داهاتووی ئەو وڵاتە ناڕوونە و بە ئەگەری زۆر وڵاتێکی ناسەقامگیر دەبێت و رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبێتەوە.
هۆکارەکانی ناسەقامگیربوونی بارودۆخی سووریا زۆرن، من دەمەوێت لەم وتارەدا گرنگترینیان بخەمەڕوو:
1-لە سووریا گرووپە ئیسلامییەکانی بەشدار لە رووخانی رژێمی ئەسەد لە هەریەک لە هەیئەی تەحریری شام، کە ئەحمەد شەرع( ئەبو محەممەد جۆلانی) رێبەرایەتی دەکات،هەروەها چەکدارانی ئەحراری شام و کەتیبەکانی نورەددین زەنکی پێکدێن.
سەرەڕای ئەوەی هەموو هێزە ئیسلامییەکانی بەشدار لە رووخانی ئەسەد بیری سەلەفی جیهادیان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە لە داهاتوودا لەسەر چەندین پرسی وەکو شێوازی حکومڕانی لە سووریا و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتان و پرسەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ،ناکۆکی بکەوێتە نێوانیان، ئەمەش شەڕوپێکدادانی نێوخۆیی لەنێوان گرووپەکان دروست دەکات.
2-شەڕ لەنێوان پاشماوەی سوپای پێشووی رژێمی سووریا و سوپای نوێی ئەو وڵاتە.
سەرباری ئەوەی رژێمەکەی ئەسەد رووخا و خودی خۆیشی وڵاتەکەی جێهێشت، بەڵام لێرە و لەوێ ئەفسەر و سەربازانی رژێمی پێشووهەڕەشەی تۆڵەکردنەوە و گەڕانەوە بۆ سەر تەختی دەسەڵات دەکەن، هەرچەندە ئەمە ئەگەرێکی زۆر لاوازە، بەڵام دواجار دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لەو وڵاتە.
لە چەند رۆژی رابردووشدا شەڕوپێکدادان لەنێوان سوپای ئێستای سووریا و سەربازانی رژێمی پێشوو روویاندا و بەو هۆیەوە ژمارەیەک سەرباز لە هەردوولا کوژران و برینداربوون، جگە لەمەش سوپای ئێستای سووریا هەڵمەتێکی بۆ دەستگیرکردن و کوشتنی ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی دەستپێکردووە، کە تۆمەتبارن بە ئەشکەنجەدان و کوشتنی هاووڵاتییان، ئەمەش وادەکات، زۆرینەی ئەو کەسانەی ئەو تۆمەتەیان دەخرێتەپاڵ بەشێوەیەک لە شێوەکان بیر لە رووبەڕووبوونەوەی سوپا بکەنەوە.
3- کورد و مافەکانی لە سووریا
هێزەکانی سووریای دیموکرات کە خاوەن هێزێکی گەورەن و بەشێکی خاکی سووریایان لەبەر دەستە تاوەکو ئێستا لەگەڵ حکومەتی کاتی ئەو وڵاتە رێکنەکەوتوون و لە چەند بەرەیەکیش شەڕوپێکدادان بەردەوامە، ئەمەش لەکاتێکدایە تورکیا و حکومەتی کاتی سووریا داوا دەکەن بەبێ هیچ مەرجێک چەکدارانی هەسەدە چەکەکانیان رادەستبکەن، کە ئەمەش مەحاڵە، هەروەها بە ئەگەری زۆر شەڕی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا کاتێکی زۆر دەخایەنێت.
4- دەستێوەردانی دەرەکی..
لەسەردەمی ئەسەدا چەند وڵاتێکی وەکو رووسیا، ئەمریکا، ئێران و تورکیا راستەوخۆ دەستێوەردانیان لە سووریا دەکرد، ئێستا دوای رووخانی ئەسەد، بە هەمانشێوە ئەو وڵاتانە لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی سووریا بەردەوامن و تورکیاش پشکی شێری بەردەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرچاو هاتووەتە ناوخاکی سووریا، لەگەڵ بەردەوامبوونی دەستێوەردان ، ئەگەرەکانی دروستبوونی ناسەقامگیریش لەو وڵاتە زیاتر دەبن.
5- دروز و عەلەوییەکان..
دروزەکان یەکێکن لەو پێکهاتە ئایینییانەی سووریا، کە لەلایەن ئیسرائیل پشتیوانی دەکرێن و داوای مافەکانیشیان لە سووریا دەکەن، ئەمە جگە لەوەی دروزەکان خاوەنی هێزی چەکدارن و ئامادەنین دەستبەرداری چەکەکانیان بن.
هەرچی شیعەی عەلەوین لە چەند ساڵی رابردوودا پێگە و هەژموونێکی زۆر کاریگەرییان لە حکومڕانی ئەو وڵاتە هەبووە، ئێستا کە لەلایەن حکومەتێکی سووننەی رادیکاڵی حکومڕانی دەکرێن، ئەستەمە بتوانن هێندە ئاسان بگونجێن و رەنگە لە داهاتووشدا کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی حکومەت بکەن، بەتایبەت کە وڵاتێکی خاوەن هەژموونی وەکو ئێران لە ناوچەکە پشتیوانیان دەکات.
ئەگەر بارودۆخی ئێستای سووریا بە بارودۆخی عێراق لە دوای رووخانی رژێمی بەعس بچوێنین، دەبینین لە زۆر رووەوە لێکدەچن، تەنیا ئەوە نەبێت، حکومەتی دوای رووخانی بەعس کێشەیەکی بەناوی کورد لەو وڵاتە نەبوو، چونکە هەرێمی کوردستان خاوەنی کیانێکی تاڕادەیەک سەربەخۆ بوو،سەرەڕای نەبوونی کێشەی کورد لەو وڵاتە کەچی تا ئێستا عێراق سەقامگیر نییە و بەدەست دەیان کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی دەناڵێنێت، کەواتە دەکرێت بڵێین، سووریای داهاتوو وڵاتێکی ناسەقامگیر و پڕ لە ئاژاوە دەبێت.
PM:07:22:29/12/2024
ئهم بابهته 688
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی