حەلبوسی و پارتی!

‌دڵشاد ئەنوەر

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی هێرشیکردە سەر محەمەد حەلبوسی سەرکردەی عەرەبی سونە، حەلبوسیش دۆسیەکەی بردە دادگا. 

لە ڕاستیدا، ئەمە ناکۆکی نێوان دوو بەرپرس نییە، بەڵکو ناکۆکی نێوان دوو هێزو دوو بەرەی هاوپەیمانی دوێنێ و نەیاری ئەمڕۆیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە؛ بۆ هاوپەیمانێتی گۆڕا بۆ نەیارێتی؟

هۆشیار زێباری ڕایگەیاند،”حەلبوسی هەوڵی بێوچان دەدات بۆ نقومكردنی وڵات لە قەیران، لەكاتێكدا هەوڵی بێوچان هەیە بۆ بەدورگرتنی عێراق لە گێژاوی ناوچەكە.”

بێگومان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق، حەلبوسی بە پیاوێکی بێ سەوابت و یاریکەر ناسراوە، هەر جارەو لەسەر حەبلێک یاری دەکات، بەرژەوەندی لە کوێ بێت، ئەو لەوێیە.

مەسعود بارزانی جگە لە کورد، خۆی بە مەرجەعی سونەش دەزانێت، تا ئەم ساتە خەمیس خەنجەریش هاوشێوەی بەشێک لە سەرکردەکانی پێشووی سونە لە ژێر کۆنترۆڵیدایە، لەکاتێکدا حەلبوسی قورمیش ناکرێ، ڕا دەکات، دێت و دەڕوات و یاری دەکات، ئامانجی ئەوەیە خۆی ببێتە دەمڕاستی سونە.

ئێستا خەنجەر لەلایەن تورکیاو هەندێک وڵاتەوە سەپۆرت دەکرێ، حەلبوسیش لەلایەن ئیماراتەوە پاڵپشتی دەکرێ، ئەم دوو کەسایەتییە شەڕی ئەوە دەکەن کامیان دەمڕاستی سونە بن، بەڵام وەک دەوترێ پارتی جێگەی تری دەیەشێت.

حەلبوسی لەلایەک لەگەڵ جەمسەری ئێران دا گرێیداوە، لەولاشەوە هەوڵی هەرێمی سونە دەدات بە بێ پرسی پارتی، ئەمەش لە دوو لاوە پارتی نیگەران کردووە، لەلایەک پارتی خۆی بە دەم ڕاست دەزانێت و پرسی پێ نەکراوە، لە لاکەی تریش نەینەوا بەشێکی جي نفوزی پارتییەو حەلبوسی گرەوی لەسەر دەکات.

بۆیە زێباری دەڵێت،”حەلبوسی هەوڵی بێوچان دەدات بۆ نقومكردنی وڵات لە قەیران، لەكاتێكدا هەوڵی بێوچان هەیە بۆ بەدورگرتنی عێراق لە گێژاوی ناوچەكە.”

مەبەستی لەم جوڵانەی حەلبوسییە، خۆ خەنجەریش هاوشێوەی حەلبوسی حەزی لە پێگەو جیاکردنەوەی هەرێمی سونەیە، بەڵام شەڕی نێوانیان لەسەر ئەوەیە سەرچۆپی لای کامیان بێت.


AM:10:49:29/12/2024

ئه‌م بابه‌ته 1872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی