بەیداخی زەرد
دلێر محەمەد نوری
ئێمەی کورد بە تەنها و لە مرۆڤە یەکەمەکانی سەر ئەم گۆی زەوییەین کە خاوەن ڕەنگی زەرد بووین.
ڕەنگی زەرد کە یەکێکە لە ڕەنگە بنەڕەتییەکانی ژیان، لە پاڵ ڕەنگی سور و شین و سەوزیشدا. ئەو ڕەنگانەی کە بە تێکەڵکردنیان ڕەنگەکانی دیکەی ژیان بەرهەم دێن و پێک دێن.
ڕەنگی زەرد بە گشتی، لە نێو کولتورە جیاوازەکاندا خاوەن گەلێک ئاماژە و نیشانەیە. دەبینین هەندێک جار نیشانەیە بۆ گەشبینی و هەندێک جاریش بۆ ڕەشبینی. بۆ نموونە:
لە لای هەندێک نیشانەیە بۆ تیشکی خۆر، کە خودی خۆریش نیشانەیە بۆ ڕووناکی و گەرمی و خۆشبەختی.
خۆریش بۆ کورد سیمبولێکە هەم لە ئەزەڵەوە پێمانەوە لکاوە و هەم بە نەمری بۆ هەتایە لە گەماندایە. چونکە خۆر سیمبولێکی پیرۆزە هەم لە لای ئایین دێرینی ئێزیدیمان و هەم لە لای دایکە ئایینی زەردەشتیشمان. ئەمە بۆ خۆی پێوە لکانی ئەزەلی ڕەنگی زەردە بە کوردەوە. ئەمڕۆش هەمان خۆر چەقی ئاڵای کودستانیشی نەخشاندووە. ئەو ئاڵایەی تازە بووەتە هێمایەک لە هێماکانی کورد و لە گەڵماندا بە نەمری دەمێنێتەوە. لێرەوە ئەم گەشبینییەی ڕەنگی زەرد بەر لە هەر نەتەوە ومیللەتێک بەر کورد کەوتووە.
هەر وەها ڕەنگی زەرد لە نێو هەندێک لە کولتورەکاندا نیشانەیە هەم بۆ وزە و هەم بۆ چالاکی. باوەڕ ناکەم لەمەشیاندا مێژووی هیچ میللەتێک بە سەختی و دژواری وەکو مێژووی کورد تێپەڕی بێت. کەچی کورد لەو میللەتە سەرسەخت و کۆڵنەدەرانەیە کە هەمیشە وزەیەکی ناوەکی لەوەی خۆری تێدایە کە لە تەقینەوەی بەردەوامدایە و خامۆش ناکرێ.
بەڵام لە پاڵ ئەو هێما پڕ مانا و وزە بەخشانەی ڕەنگی زەرددا، دەبینین بە دیوێکی دیکەشدا ئەم ڕەنگە، هەندێک هێماو ئاماژەی نەرێنیشی هەیە، لە نێو هەندێک کولتوردا. ئەمانەش بە وێنەی: مەترسی و ئاگادارکردنەوە، ئیرەیی ودڵەڕاوکێ هەروەها نەخۆشی و دەردوبەڵا.
تەماشاکەن هێندەی پەیوەست بوونی مانا و ئاماژە گەشبین و وزەبەخشەکانی ڕەنگی زەرد، ئاماژە و مانا ڕەشبینییەکانیش بە هەمان شێوە پەیوەستن بە کوردەوە. لە خۆتان بپرسن چ میللەتێکە لە مێژوودا، هێندەی کورد لە مەترسیدا بووە و هێندەی کورد پێویستی بە چاودێری دۆخی خۆی بووە بە بێ دابڕان؟ چ میللەتێک هێندەی کورد تووشی دەردوبەڵای کۆمەڵایەتی و دووبەرەکی و ناتەبایی و ئیرەیی بە یەکتر و خیانەتکردنی جەمسەرەکانی لە یەکتری بووە؟
ئەمڕۆ کوردستان بە هەستیارترین دۆخی خۆیدا تێدەپەڕێت. خۆری کورد لەو پەڕی چالاکیدایە و دوژمن و نەیار و داگیرکەرانیشی لە هەموو کاتێک زیاتر ددان و چڕنووکەکانیان تیژکردووە بۆ پەلاماردان. بەڵام دەبینین لە بری یەکگرتن و پاڵپشتی کردن لە یەکتری باشوری لە پلاندایە دژی ڕۆژئاوای.
ئاخر ناکرێ دوو هێز لە سەر ئەم خاکی کوردستان هەردووکیان هەڵگری بەیداخی زەرد بن. لە لایەکەوە یەکیان پڕ لە وزە و شۆڕش و خەبات و فیداکاری بێ و نیشانە بێ بۆ ژیان و برایەتی و یەکسانی و ئازادی. لەو لاشەوە هێزێکی دیکە لە ژێر هەمان بەیداخی زەرد خەریکی خامۆش کردنی وزەکان و لە ناوبردنی شۆڕشەکان و کوشتنی یەکسانی و جوانی و برایەتی بێ.
هەر بۆیە دەبینین ڕەنگی زەرد بۆ کورد هەم دەرمانی دەردە و هەم بۆ خۆشی دەردە.
PM:02:58:27/12/2024
ئهم بابهته 692
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی