سەیرو سەمەرە !! ڕێپێوانی دوێنێی (هەوادارانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد) لە دیمەشق
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
تەنها دوای تێپەڕ بوونی ١٢ ڕۆژ بەسەر ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ، دوێنێ لەناوەڕاستی دیمەشقی پایتەختی سوریا عەلەمانیەکان ڕێپێوانێکیان ڕێکخست و ، داوای دەوڵەتێکی (عەلەمانی) یان دەکرد و ، دەسەڵات و سیستەمی فەرمانڕەوایەتیی ئیسلامیان ڕەت ئەکردەوە !!
لەسەر ئەو ڕێپێوانە و ، پاڵنەرەکانی و ، بەشداربووەکانی و ، ئەو داواکاری و دروشمانەی کە لەم کات و تەوقیتە تایبەت و هەستیارەدا ئەو وڵاتە پێیدا تێپەڕ دەبێت بەرز کرابوونەوە ، بە پێویستم زانی ئەم چەند سەرنجە بخەمە ڕوو :
یەکەم / هەندێک لە چالاکوانە سوریەکان و کەسانی ئاگادار لەو وڵاتە ، دوای بەدوادا چوون بۆ پێناسەی ئەوانەی بانگەوازیان بۆ ڕێپێوانەکە کردبوو ، هەروەها دوای پشکنین و گەڕانەوە بۆ لاپەڕەکانیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و ، جوڵەو چالاکیەکانیان لەسەردەمی ڕژێمی پێشوو ، ئاشکرا بوو زۆربەی هەرە زۆری بەشداربوانی ڕێپێوانەکەو ڕێکخەرەکانیشی ، هەمان ئەو کەسانە بوون کە پێشتر پشتیوانی ڕژێمی دیکتاتۆریان کردووەو ، هەوادارو سوودمەندی دەسەڵاتەکەی بوون.
دووەم / ئەوەی کە بە دەنگ و بەڕەنگیش بووە مایەی زیاتر ڕیسواکردن و ناشیرین کردنی ئەو ڕێپێوانەو ڕێکخەرەکانی و ، ئاشکراکردنی فۆرم و ناوەڕۆکیان و ڕووی ڕاستەقینەیان ئەوەبوو کە : هیچ تاکە بەشداربوێکی نێو ڕێپێوانەکە ئاڵای نوێی شۆرشی سوریایان هەڵنەگرتبوو ، کە ئەمەش ئاماژەیەکەو پێمان دەڵێ : دیارە ( شۆڕشی دژە شۆڕش ) لەپشت پەردەوە زۆر خێرا هەنگاو دەنێ و هەوڵ دەدرێ چالاک بکرێ !
سێهەم / سەیرە بەڕاستی !! ئەوانەی لە گەرمەی شۆڕش و دوای ڕووخانی ڕژێمیش ئەم جۆرە ڕێپێوان و گردبوونەوانە ڕێک دەخەن ، بەهیچ جۆرێک ( لێپرسینەوەو سزادانی سەرانی تاوانباری ڕژێمی پێشوو ) و ، ( وەرگرتنەوەی مافی ستەملێکراوان ) و ، ( تێرکردنی برسیەکان و هەژارەکان ) و ، ( ئاوارە بوونی ١٤ ملێون هاوڵاتی سوریی -- نیوەی دانیشتوانی سوریا ) و ، ( لەسێدارەدانی ناڕەوای دەیان هەزار مرۆڤ لە زیندانەکان ) و ، ( دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ ) و ، ( هەتککردنی شەرەف و نامووسی هەزارەها ئافرەت ) لەو وڵاتەدا ، هیچ نرخ و بایەخێکی نیەو ، تاکە شتێک کە لەڕابروو و لە ئێستاو لەداهاتووشدا بەلای ئەوانەوە گرنگەو ، هەمیشەو بەردەوام بیری لێ دەکەنەوە و هەوڵیان بۆ داوە : عەلەمانییەتە !! ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە ( دژایەتی کردنی دین ) و ، پەلکێش کردنی دەرەوەو دوژمنانە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ئەرک و پلان و نەخشەیە !
چوارەم / سەرنج بدەن .. ئەو ڕێپێوانانە لە وڵاتانی ناوچەکەدا پێشترو لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد و هاوشێوەکانیدا ڕێک نەخراون و ڕێک نەدەخران ، کە زیندانە ئاشکراو نهێنیەکانیشیان پڕبوون لە هەزارەها مرۆڤی بێ تاوان ئازادیخواز ، نەک تەنها ئەوەش ، بەڵکو ئەوانەی ئەو گردبوونەوەو ڕێپێوانانە ڕێک دەخەن دوای ڕووخانی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان هەر ئەوانەن کە پێشتر چەپڵەیان بۆ دیکتاتۆرەکە لێداوەو سەمایان بۆ کردووەو ، لەدەسەڵاتەکەی سوودمەندبوون !! کاتێکیش ڕژێمەکە دەڕووخێ و ئیسلامیەکان لە دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتی نزیک دەبنەوە ، ئەم هەوادارانە -- ماشەڵڵا -- ڕێپێوان دەکەن و چالاک و گەرم و گوڕ دەبنەوە .
پێنجەم / کارتی ( عەلەمانییەت ) و (دیموکراسییەت ) و ( ئازادی و فرەیی ) و ( کۆمەڵگەی مەدەنیی ) و ( بەگژدا چوونەوەی توندوتیژی ئایینی ) ئەمانە ئەو دروشمانەن کە ڕۆژئاوا و دەوڵەتە وەزیفیەکان کەڵکیان لێ وەردەگرن کاتێک بیانەوێ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان و میللەتان بکەن ، جگە لەم کارتانە هەندێ جاریش بابەتی ئارەق و باڵاپۆشی و نێربازیی و سێکسبازیی و شتی وردترو تایبەت تریش دەهێنە بەرباس ! وەک ئەوەی ئەوان چاودێرو ئامۆژگاریکەرو مامۆستاو ڕێنموونیکەری ئێمەو وڵاتەکانمان و کۆمەڵگەکانمان بن ، هەروەک چۆن لە دیمانەکەی دوێنێی ( BBC ) بینیمان و بڵاو کرایەوە ... لەکاتێکدا هەر ئەوان بوون ڕێگەیان بۆ ستەمکارو دیکتاتۆرەکان خۆشکردووەو دەست واڵایان کردوون ئاسمان و زەوی پڕ بکەن لە خراپەو گەندەڵیی و دزی و زیندانی و کوشتنی سەدان هەزار مرۆڤی بێ تاوان و ، بەتاڵان بردنی سەروەت و سامان و داهاتی سەر ئەرزو بن ئەرز ! ئێنجا گاڵتەجاریەکە لەوەدایە دوای نەمانی ڕژێمە داپڵوسێنەرەکان دووبارە دەگەڕێنەوەو خەم و پەژارەی خراپەکارو گەندەڵ و خەڵکانی یانە شەوانەکانی ڕابردوومان پێ دەفرۆشنەوە .
شەشەم / ئەوانەی ئەم جۆرە ڕێپێوانانە ئەنجام دەدەن کاتێک دەگەنە دەسەڵات ئیتر دروشمەکانی ئازادیی و فرەیی و عەلەمانییەت لەبیر خۆیان دەبەنەوە و ، دەکەونە دژایەتی کردنی ئیسلامیەکان و سەرکوت کردنیان و زیندانی کردنیان و لەناوبردنیان ! هەروەک ئەوەی لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا تا ئەمڕۆ ئەنجام دراوەو ، ئەنجامیش دەدرێ و درێژەی هەیە !! مەعلومە ئەم دروشمانە هەرزانترین دروشمن کە لە جیهانی نوێ و دنیای ئەمڕۆدا بەرز دەکرێنەوە !! دەزانن بۆ ؟ چونکە تەنها دروشمی ڕووتن و کردەوەیان لەگەڵدا نیە و ، میللەتە هەژارو بێ دەسەڵاتەکانیان پئ فریو دەدرێ ! تەنانەت ئەو دروشمانە هیچ کەڵک و سوودو بەرهەمێکیشیان بۆ هەندێک لەو ئیسلامیە دیموکراسیانە نیەو نەبووە کە زۆر بە دڵسۆزیی و شەفافییەتەوە لە هەندێ وڵاتدا دوای بەهاری عەرەبی پراکتیزەیان کردووە ، چونکە لە ئەنجامدا ئەوانیش توشی کوشتن و گرتن و زیدانیی و مەحروم کردن بوونەتەوە ، تەنها لەبەر ئەوەی ئیسلامیی بوون ، ئەگەر چی ئیسلامیی دیموکراسیش بوون
حەوتەم / دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکەی سووریا گومان و پێشبینی ئەوە دەکرا چەند دەستەو تاقمێک وەک ( بەرەی شۆڕشی دژە شۆڕش ) سەر هەڵدەن و تەغزیە بکرێن ...چونکە بەدرێژایی مێژوو هەمیشە شۆڕشەکان مرۆڤە دڵسۆزو خەمخۆرو شکۆمەندو ئازادیخوازەکان سەرکردایەتیان کردووە ، قوربانیەکان و شەهیدەکانیش باجەکەیان داوە ، ئینجا لە دواییدا ناپاک و هەلپەرست و دەروون نەخۆشەکان شۆڕشەکەیان دزیوەو شکستیان پێ هێناوە...جا بە ئاشکراو دیار بووبێ ، یان بەشاراوەو لەپشت پەردەوە.
PM:10:28:20/12/2024
ئهم بابهته 1620
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی