(ناوبانگ - سومعه)‌ی میدیایی، یا ئه‌جێنداو ئامانجی كاتیی؟!

‌د. یەحیا عومەر رێشاوی

كه‌ به‌لای ماركێتێكدا تێپه‌ر ده‌بیت و ده‌ته‌وێت كاڵایه‌ك بكڕیت، پێش هه‌رزانیی و كوالێتیی بابه‌ته‌كه،‌ (سومعه‌و ناوبانگی) ئه‌و ماركێته‌ كه‌مه‌ندكێشت ده‌كات و تاڕاده‌یه‌كی زۆر بڕیاری كڕینه‌كه‌ت پێده‌دات، بازرگان و خاوه‌ن كارو پیشه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌میشه‌ ئه‌و خاڵه‌یان له‌به‌رچاوه‌و‌ به‌هه‌ندی وه‌رده‌گرن.


له‌ نێو فه‌زای میدیاییدا هه‌زاران كه‌ناڵی میدیایی هه‌ن كه‌ كێبڕكێیانه‌و كار له‌سه‌ر ڕاكێشانی وه‌رگر ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت ببنه‌ ژماره‌ (یه‌ك) و سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراوی هه‌واڵ و زانیاریی، ئه‌و كه‌ناڵانه‌ بودجه‌ی زه‌به‌لاح بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئامانجه‌ ته‌رخان ده‌كه‌ن و هه‌وڵێكی زۆر ده‌ده‌ن تا له‌ گۆڕه‌پانی مونافه‌سه‌یی میدیاییدا بمێننه‌وه‌و پێشه‌نگ بن‌.


دیاره‌ فاكته‌ری زۆر هه‌ن كه‌ كه‌ناڵێكی میدیایی به‌ زیندووی ده‌هێڵێته‌وه‌، له‌وانه:‌ بوونی ستراتیجیه‌تێكی ڕوونی كاركردن و پلانێكی تۆكمه‌و توانای دارایی و ستافی به‌ڕێوه‌بردنی كاراو و كادیری پرۆفیشناڵ و به‌ تواناو زۆر فاكته‌ری تر، كه‌ پێكه‌وه‌ ده‌كرێت ببنه‌‌ زامنی پێشه‌نگ بوون.


ئه‌وه‌ی له‌م كورته‌ نووسینه‌دا ده‌مه‌وێت تیشكی بخه‌مه‌ سه‌ر پاراستنی (سومعه‌و ناوبانگ)ه‌، كه‌ پێموایه‌ كه‌ناڵی میدیایی‌ وه‌ك ماركه‌و براندێك ده‌هێڵێته‌وه‌، كه‌ناڵی میدیایی پێویسته‌ كاری چڕ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ بكات و بۆ خاتری ئامانجێكی كورت خایه‌ن و ئه‌جێندایه‌كی كاتیی قوربانیی به‌م ئامانجه‌ گه‌وره‌یه‌ نه‌دات، به‌ كورتی میدیاكه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی باش بۆ واقیعه‌كه‌ی خۆی بكات و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆی بێت و ده‌نگ و ڕه‌نگی خه‌ڵك بێت.


له‌ هه‌رێمی كوردستاندا زۆرێك له‌ كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌كان له‌ پێناو ئه‌جێندای حیزبیی‌، بێئاگاییانه‌ ئه‌م خاڵه‌ گرنگه‌ له‌بیر ده‌كه‌ن و به‌شێكی زۆر له‌ وه‌رگره‌كانیان له‌ مه‌ودایه‌كی دوور له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، سه‌ره‌تا به‌ گوڕو تێنێكی به‌هێزی كاركردنه‌وه‌ دێن و خه‌ونی گه‌وره‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ململانێ حزبیه‌كانداو له‌ ساته‌وه‌ختی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و ململانێ حزبیه‌كاندا له‌ ئه‌ركی میدیاوه‌ ده‌بنه‌ كه‌ناڵی پڕوپاگه‌نده‌و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ فراوانه‌كه‌ له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.


دیاره ئه‌مه‌‌ به‌و مانایه‌ نا كه‌ كه‌ناڵه‌كان ئه‌جێنداو فه‌لسه‌فه‌ی تایبه‌تی خۆیان فه‌رامۆش كه‌ن و له‌ بنه‌ڕه‌تدا مافی هه‌ر كه‌ناڵێكی میدیاییه‌ كه‌ كار بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌جێنداكانی خۆی بكات، به‌ڵام كه‌ناڵی میدیایی ده‌توانێت به‌ هونه‌ری مامه‌ڵه‌ی میدیاییانه‌، هه‌م وه‌رگره‌كانی كه‌مه‌ندكێش بكات و هۆگرییان به‌ كه‌ناڵه‌كه‌وه‌ بۆ دروست بكات، هه‌م ئه‌جێندا سیاسیی وحزبییه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات.


باش ده‌زانم ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان - كه‌ به‌سه‌ر حزبه‌ سیاسییه‌كاندا دابه‌ش بوون - ئاسان نییه‌و ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م خاڵه‌ نزیك بوونه‌ته‌وه‌ كه‌م و دیاریكراون، به‌ڵام ده‌كرێت ئه‌م بابه‌ته‌ ببێته‌ خه‌می سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بۆ خاتری ئامانجێكی كاتی (ناوبانگ و سومعه‌)ی خۆیان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن.




AM:10:04:20/12/2024

ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی