خۆڕاگری یان رووخان؟
د.سەڵاح عەزیز
خۆبەڕێوەبەرایەتی لە رووبەڕووبونەوەی ئاڵەنگارییەکانی دوای ئەسەد
لەگەڵ رووخانی ڕژێمی ئەسەد، خۆبەرێوەبەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چووە قۆناغێکی نوێی پڕ لە ئاڵەنگاریی و دەرفەتەکانەوە. لە ٢٦ ی تشرینی دووەم، دەستەی ئازادی شام و گروپە سەربازییەکانی سوریا هێرشێکی لەناکاویان دەستپێکرد ،و لە ٢٩ و ٣٠ ی هەمان مانگدا شاری حەلەبیان داگیر کرد، وهێزەکانی حکومەتیان ناچار کرد پاشەکشە بکەن. هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بە خێرایی پێشڕەوییان کرد و چەند شارێکیان کۆنترۆڵ کرد تا گەیشتنیان بە دیمەشق، کە لە ٨ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دا رووخانی ڕژێمی بەعسی سۆسیالیستی عەرەبی راگەیەندرا کە لە ساڵی ١٩٦٣ ەوە حوکمی سوریای دەکرد ،و کۆتاییهێنان بە حوکمی بنەماڵەی ئەسەد کە لە ساڵی ١٩٧٠ ەوە بەردەوام بوو. بەم شێوەیە، تەنها لە ماوەی دە ڕۆژدا لاپەڕەیەکم هەڵدایەوە لەسەر ڕژێمێک کە زیاتر لە نیو سەدە بەردەوام بوو !
وێڕای گرنگی ئەم گۆڕانکارییە، بەڵام ئەو ئاڵەنگارییانەی ڕووبەڕووی ڕژێمی نوێ دەبنەوە زۆر گەورە دەردەکەون. ئەم گۆڕانکارییە خێرایە؛ لەوانەیە ئەزموونی ئەفغانستانی ساڵی ١٩٨٩ بەبیربهێنێتەوە، کاتێک موجاهیدەکانی ئەفغانستان شکستیان هێنا لە بونیادنانی ڕژێمێکی حوکمڕانی سەقامگیر دوای سەرکەوتنی سەربازی بەسەر سۆڤییەتدا، کە بووە هۆی چەندین ساڵ لە ئاژاوە و شەڕی ناوخۆ.
خۆبەڕێوەبردن: ئەزموونێکی هیوابەخش لە ژێر فشاردا
لەژێر ڕۆشنایی بۆشایی سیاسی و ئابووریی بەهۆی پاشخانی رووخانی ڕژێمەوە، خۆبەڕێوەبەرایەتی ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکانی خۆبوون دەبێتەوە، کە بەرژەوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە خاکەکەیدا یەکتر دەبڕن. خۆبەڕێوەبەرایەتی لە کوردستان-سوریا وەک یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی گۆڕەپانی سیاسی سوریا دەردەکەوێت، بەڵام ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە چارەنووسسازەکان دەبێتەوە کە هەڕەشە لە بەردەوامیی و دەستکەوتەکانی دەکات.
لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە باکوور وڕۆژهەڵاتی سوریا لە ساڵی ٢٠١٢، خۆبەڕێوەبەرایەتی ئەرکی بەڕێوەبردنی ناوچەکەی لە ئەستۆ گرتووە. توانی دامەزراوەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ،و هێزەکانی سوریای دیموکرات (قسد) دابمەزرێنێ کە بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمریکا هێزێکی سەربازی ناوخۆیی پێکهێنا.
وە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، خۆبەڕێوەبەرایەتی دەستوورێکی بەرزخوازی دەرکرد، کە لە بەندی پێنجەمی دەقەکەیدا هاتووە: "خۆبەڕێوەبەرایەتی دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشێکە لە کۆماری سوریای دیموکرات ". ئەم بەندە ئارەزووی مانەوەی سوریایەکی یەکگرتوو دەخاتەڕوو ، بەڵام بێ تموح نییە بۆ دامەزراندنی قەوارەیەک کە لە هەر رێکەوتنێکی سیاسی داهاتوودا پەی پێببرێت.
ئاستەنگەکانی داهاتووی خۆبەڕێوەبردن:
خۆبەرێوەبەرایەتی ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییە چارەنووسسازەکان دەبێتەوە کە دەشێت کاریگەری لەسەر بوونی خۆی و سەقامگیریی ناوچەکە هەبێت:
١. هەڕەشە سەربازییەکان: زیادبوونی فشاری سەربازی لەلایەن ڕژێمی نوێ یان لایەنە پشتیوانییەکانی تورکیاوە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ دروست دەکات.
٢. هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتییە ناوخۆییەکان: کشانەوەی لایەنەکانی بەدەر لە کوردەکان لە ئەنجومەنەکانی بەڕێوەبردن، لە ژێر کاریگەری ڕژێمی نوێ یان لایەنە دەرەکییەکان، دەشێت کورد بخاتە ڕووبەڕووبوونەوە تاکەکەسیی لەگەڵ ئاڵەنگارییەکاندا.
٣. هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پێشوو: رژێمی نوێ دەشێت هەموو یاسا و بڕیارەکانی بەڕێوبەرایەتییەکە هەڵبوەشێنێتەوە کەلە ساڵی ٢٠٢١ ەوە دەریکردووە.
٤. ئابڵۆقەی ئابووری: گەمارۆدانی ئابووری بەسەر ناوچە خۆبەرێوەبەرایەتییەکاندا کاریگەری دەبێت لەسەر پشتیوانی دانیشتوانی ناوچەکە بۆ بەڕێوەبردن.
٥. دەستێوەردانی تورکیا: هەڕەشەی بەردەوامی لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی تورکیا لەڕێی پشتیوانیکردنی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن.
هەنگاوە پێشنیارکراوەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکان
خۆبەرێوەبەرایەتی لەبەردەم بژاردەی سنوورداردایە، بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵەنگارییانە گرنگە:
١. بەهێزکردنی پشتیوانی جەماوەریی: فراوانکردنی بنکەی پشتیوانی لەناو کوردستان-سوریا و رەوەند بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی بەڕێوەبردن.
٢. پاراستنی هێزە چەکدارەکان: پاراستنی ئامادەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەکارهێنانی تەنها بۆ بەرگریکردنی ناوچەکان.
٣. بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی پشتیوانی لە خۆبەڕێوەبەرایەتی دەکەن بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی پشتیوانی سیاسی و لۆجستیی.
٤. نەرمی دیپلۆماسی: کردنەوەی کەناڵەکانی دیالۆگ لەگەڵ ڕژێمی نوێ بۆ گەیشتن بە داڕشتنێک بۆ داننان بە کوردستان-سوریا وەک بەشێک لە دەستووری نوێی سوریا.
٥. پاراستنی دەستکەوتەکان: پاراستنی ژێرخان ودەستکەوتە کلتوریی و نەتەوەییەکانی خۆبەڕێوەبەرایەتی دەبێت لەبەرزترین لەپێشینەکان بێت. پاراستنی ئەو دامەزراوانەی لە سەدەی ڕابردوودا بونیادنراون دەتوانێت سەقامگیری ناوچەکە بەهێز بکات و پێگەی ناوچەکە وەک بەشێکی سەرەکی لە هەر چارەسەرێکی سیاسی داهاتوو لە سوریا بسەلمێنێت.
٦ . بێلایەنکردنی تورکیا: پێویستە خۆبەڕێوەبەرایەتی لەگەڵ تورکیا هەوڵی دیپلۆماسی بدات بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشە سەربازییەکان و هەوڵدان بۆ بونیادنانی تێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە داهاتووی ناوچەکە. دەشێت ئەوە دیالۆگی ناڕاستەوخۆ بە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بگرێتەوە بە مەبەستی سەقامگیریی درێژخایەن.
داهاتووی خۆبەڕێوەبەرایەتی: لەنێوان ئاڵەنگاریی و دەرفەتەکان
سەرەڕای ئاڵەنگارییەکانی دەوروبەری خۆبەڕێوەبەرایەتی، توانای ئەوەی هەیە وەک یاریزانێکی سەرەکی لە گۆڕەپانی سوریادا بمێنێتەوە. داهاتووی خۆبەڕێوەبەرایەتی بەندە بە توانای مانۆڕی سیاسی، و پێگەی هێزە کاریگەرەکانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی. ڕێکەوتنی هەرێمی بۆ رووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا هێشتا یەکانگیر نەبووە لەگەڵ دیدێکی یەکگرتوو سەبارەت بە سروشتی ڕژێمی سیاسی نوێ . ئەم بۆشاییە دەشێت دەرفەتێک بێت بۆ خۆبەڕێوەبەرایەتی بۆ دانوستان لە پێناو مسۆگەرکردنی جێگەی خۆی لە سوریای نوێدا.
پشتیوانی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە زلهێزەکان، کلیلی مسۆگەرکردنی بەردەوامی خۆبەرێوەبەرایەتییە وەک بەشێک لە چارەسەری سیاسی داهاتوو. لە کۆتاییدا، هیوا دەمێنێتەوە کە ئەم بەڕێوەبردنە بتوانێت ئاڵەنگارییەکان بگۆڕێت بۆ دەرفەت، و ببێتە بەشێک لە بونیادنانی سوریایەکی نوێ کە ڕێز لە هەمەچەشنی بگرێت و ئاواتەکانی هەموو پێکهاتەکانی بەدیبهێنێت.
PM:04:36:13/12/2024
ئهم بابهته 1272
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی