نامەیەک بۆ بافڵ تاڵەبانی

‌رێبین عومەر ‎

وادیارە هیچ سەرۆک و بەرپرسێکی کورد ئامادەگی ئەوەی تێدانییە لەم هەلومەرجە سەختەی، کە کوردانی رۆژئاڤای تێدایە، بانگەواز بۆ کۆبوونەوەیەکی نەتەوەیی بۆ یەکخستن و ڕێکخستنی گوتاری نەتەوەیی بکەن، دیارە تەنها ئێمەی کورد لەم دۆخە قورسانەدا دەستبەرداری بگرەو بەردەی ناوخۆیی نابین و کێشە و ئاڵنگارییە ناوخۆییەکان دەبەستینەوە بە ناوخۆ و تەماشای ئاراستەی کەشتییەکە ناکەین، کە ئاخۆ چارەنوس بەرەو کوێمان دەبات. ئاخر چەند سەدەیەکە دەرفەت لە دەست دەدەین و دەردەکەش یەک نەبوون و نەبوونی یەک بیرو گوتارە، لەکاتێکدا دوژمنانی کورد لەسەر هەمووشت ناکۆک بن لەسەر بەدەستنەخستنی مافەکانی کورد یەک و یەکدەنگن.

لەم دۆخەدا وڵاتانی ناوچەیی لە ترسی بەدەستهێنانی مافی رەوای کوردانی رۆژئاڤا ناوبەناو کۆدەبنەوەو هەموویان لەسەر کێشەی کورد و نەگەیشتنی کورد بە مافە میللیەکانی یەکن بە هەموو کێشەکانی خۆیان لەسەر مێزی گفتووگۆ لەسەر چارەنوسی کورد یەکن و نایانەوێ کورد لەنێوەندیان قیت ببێتەوە، دەمێکە دەڵێن باشترین کورد کوردێکە کە مردبێت ئەوە باوەڕی دژ و دوژمنانە.

دەپرسین کەنگێ سەرکردایەتی سیاسی کورد بەخەبەر و ئاگا دێتەوە و بۆ یەکجاریش بێت و یەک سەف دەبێت؟

وەک سیاسییەکی میللی و سەرکردەیەکی نەتەوەیی کە باش لە مەترسییەکانی داعش و گەلەکۆمەکێی نێودەوڵەتی بۆ سەر کورد تێدەگەیت؛ وەک کوڕی سەرۆک مام جەلال کە شەست ساڵ تەمەنی خۆی بە بزوتنەوەی رزگاری گەلی کورد دا.
بانگەواز بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی کورد بکە.

جاڕی هەنگاوی میللی بدەو دەستپێشخەربە بۆ ئەم قۆناغە چارەنوس سازە کە چەرخاو چەرخ دەرفەت بۆ کورد دەخولقێت.
ئيستا ئەوکاتەیە کە لەهەر جێیەکی کوردستان بێت. دانیشن و تەتەڵەی ئەم دۆخە بکەن.

میللەتان لە رێگەی یەکێتی نەتەوەیی نێو هێزەکانیان دەگەنە کەناری ئارام. مەترسی داعش و گروپە توندرەوەکان لەبەردەم لوتی کوردایە.

بێنە دەنگ و هاوکاری کوردانی رۆژ ئاوابکەن کە روونە لەبەردەم قۆناغێکی چارەنوسازی نێوخۆیدان و دەرفەتە بە مافەڕەواکانیان بگەن کە سەدەیەکە ئینکاری لە بوونیان کراوە. کاتییەتی وەک سەرۆکێکی خاوەن بەهرە دەستپێشخەری کۆبوونەوەی نەتەوەکەت بیت.


PM:01:06:12/12/2024

ئه‌م بابه‌ته 804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی